كارزان گلی – ههولێر
چوونی سەرۆك بارزانی بۆ جزیرێی باكووری كوردستان، كاردانەوەی گەورەی لەناو رای گشتی باكوورییەكان و نووسەران دروست كرد و پێیانوایە هاتنی سەرۆك، گڕ و تین و قورساییەكی گەورەی هەبووە و كاریگەریی زۆر گەورەشی لەسەر پرسی چارەسەریی كورد دەبێت.
ئایدن دەرە، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، لەبارەی چوونی سەرۆك بارزانی بۆ جزیرێ، وتارێكی كورتی نووسیوە و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێت، بارزانی ئەو سەرۆكەیە لە ئەدەبیاتی كورد شارەزایە و بەهای پێدەدات.
دەرە دەنووسێت: ”بارزانی لە ئەدەبیات شارەزایە و گرنگی پێدەدات، زۆر لە مێژووش شارەزایە، بۆیە دەزانێت لە كوێ بە جلی كوردییەوە دەركەوێت و نیشانی دەدات كورد چەندە كلتوورێكی دەوڵەمەندی هەیە. بارزانی جگە لە زمانی كوردی، چەند زمانێكی تری بیانیش دەزانێت، بە كەسایەتییە ئەكادیمییەكان دەڵێت مامۆستا، دەچێتە لای ئەو كەسەی لەلایەن پۆلیسەوە لێیدراوە و داوای لێبوردنی لێدەكات. بارزانی شەڕ بەرپا ناكات، بەڵام بەهیچ شێوەیەكیش لە مافی گەلەكەی خۆش نابێت و خەباتی بۆ دەكات.“
ئادەم كەرەچۆبان، رۆژنامەنووسی دیاری باكووری كوردستان، هاتنی سەرۆك بارزانی بۆ جزیرێ، بە گرنگ وەسف دەكات بۆ بەرەوپێشچوونی پرسی چارەسەری كورد، هەروەها باس لەوە دەكات، بارزانی بۆ گرنگیدان بە ئاشتی و پرسی كورد، سوپاسی عەبدوڵا ئۆجەلان و رەجەب تەییب ئەردۆغانی كرد، كە ئەو پرسەیان بەرەوپێشەوە بردووە.
كەرەچۆبان، لە هەژماری خۆی لە (X) رەخنەی توند لەو توركە رەگەزپەرستانە دەگرێت كە دژی هاتنی بارزانین بۆ جزیرێ و پێیان دەڵێت ئێوە نەخۆشن.
لە تەواوی باكووری كوردستان، خەڵك دڵخۆش بوون بە هاتنی سەرۆك بارزانی بۆ جزیرێ و دەڵێن سەرۆك بارزانی سەلماندی لە خەمی هەموو كوردێكە لە هەر چوار پارچەی كوردستان.
گوڵشەن محەممەدئۆغڵو، خەڵكی ئامەدی باكووری كوردستانە و دڵخۆشە بە هاتنی بارزانی، ئەو باس لە ساڵی ٢٠١٣ دەكات، ئەوكاتەی بارزانی بە داوەتێكی فەرمی ئەردۆغان چووە ئامەد و پێشوازییەكی گەورەی لێكرا و لەوێ پەیامی ئاشتی بە توركیا و كورددا.
گوڵشەن دەڵێت: ”سروشتی بارزانی وایە، تا ئاشتی هەبێت پەنا بۆ شەڕ نابات، ئەو لە ٢٠١٣ش لە باكووری كوردستان باسی ئاشتی كرد، ئێستاش كە هاتووەتە جزیرێ هەمان قسەی دووبارە كردەوە، ئەمەش دەریدەخات كورد لەگەڵ ئاشتییە نەك شەڕ. باكوورییەكان رێز و خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ سەرۆك بارزانی هەیە، بۆیە كاتێك دەیبینن و پێشوازی لێدەكەن، بە كردار ئەو هەستە دەدەنە سەرۆك بارزانی كە چەند گرنگە لەلایان، بۆیە بوونی ئەو لەناو پرۆسەی ئاشتی و هەروەها پشتوانی ئەو پرسە زۆر گرنگە.“
عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لە ئیمیڕاڵییەوە نامەیەكی تایبەتی بۆ سەرۆك بارزانی لە رێگەی سری سوورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدانەوە نارد و داوای لێكرد رۆڵی هەبێت لە پرسی چارەسەری كورد، بۆیە گوڵەشن پێیوایە، لە خۆڕا نییە بەڕێز ئۆجەلان داوا لە بارزانی دەكات رۆڵی لەو پرسە هەبێت، چونكە لەلایەك سەرۆكێكی گرنگ و بەئەزموونی ناوچەكەیە، لە لایەكی تر رێز و خۆشەویستییەكی تایبەتی لای باكوورییەكان هەیە.
عەبدوڵڕەحەمان كەرەبڵوت، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، پێیوایە هەرچەندی سەردانەكەی بارزانی بۆ جزیرێ دیبلۆماسی بێت، لە هەمان كاتدا هەرگیز لە حافیزەی كورددا ناسڕێتەوە و گرنگ بوو، جیا لەوەش بارزانی خۆی كرد بە خاوەنی میراتی مەلای جزیرێ و سەردانی هەموو شوێنە مێژووییەكانی كوردی كرد، ئەمەش لەڕووی سومبولییەوە زۆر گرنگە و پەیامێكی گرنگیشە.
دەشڵێت: ”جزیرێ تەنیا شارێك نییە، جوانی و فەلسەفە و ناسنامەی میللەتێكە.“
فاتیح خەتیبئۆغڵو، نووسەری باكووری كوردستان، بەم شێوەیە باس لە قورسایی و هاتنی سەرۆك بارزانی بۆ جزیرێ دەكات: ”نە دروشمێكی بەرز كردەوە، نە بە حەماسەتیش قسەی كرد، تەنیا بە ئەدەبەوە وەستا، بەو ئەدەب و رەوشتەشی، بە بێدەنگی باسی لە رەوشتی هەزار ساڵەی كورد كرد. هەندێك لە مرۆڤەكان بە هات و هاوار باس لە ناسنامەی خۆیان دەكەن، بەڵام بارزانی ناسنامەی خۆی هەڵگرتووە و بەبێ هات و هاوار نیشانی دا.“

