ڕائیب جادر – هەولێر
سەرۆک بارزانی لە کاتی بەشداریکردنی لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی مەلای جزیری لە شرنەخی باکووری کوردستان پێشوازیەکی گەرمی لێکرا، ھەموو ئەو بەرپرسانەی کە قسەیان کرد جەختیان لە ڕۆڵی ئەرێنی سەرۆک بارزانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان کردەوە، بەو سەردانەشی بۆ جزیرەی بۆتان ھیواکانی سەرکەوتنی پرۆسەکەی زیاتر کرد.
ھاووڵاتییان، سیاسەتمەدار و بەرپرسانی حزبی و حکومی باکووری کوردستان و تورکیا، زۆر خۆشحاڵ بوون بە سەردانی سەرۆک بارزانی و ڕایانگەیاند ھاتنی بۆ باکووری کوردستان بۆ ئێمە وەکو جەژن وا بوو، سەرۆک بارزانی، سەرۆک و مەرجەعی کوردە و دەبێتە ھۆکاری چارەسەری پرۆسەی ئاشتی و برایەتی نێوانمان. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، سەرۆک بارزانی، بە دەیان ساڵە خۆی بۆ دیدگای ئاشتی و ئارامی ناوچەکە تەرخان کردووە ئامادەبوونی پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ ئەو پرۆسەیە، بەھۆی ئەو پاڵپشتییەی سەرۆک بارزانی پێشکەشی پرۆسەی ئاشتی و برایەتی کردووە لە ناوچەکەمان یەکڕیزی و یەکێتی ڕەگی داکوتاوە.
بە بەشداری سەرۆک بارزانی سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، سەرۆک بارزانی بە گوتارێک بەشداری کرد و مەلای جزیری بە ئەستێرەیەکی گەشی ناوبرد، کە ھیچ کات ئاوا نابێت، ھەروەھا گوتی مەلای جزیری سەرقافلەی ڕێگەی حەقە و لە تەکیەی بارزان لە حزووری مەولانا و شێخ ئەحمەدی بارزانی ھەمیشە شیعرەکانی دەخوێندرانەوە، مەلای جزیری لە بوارەکانی تەسەوف و فەلسەفەدا لە ئاستێکی زۆر باڵادا بووە.
ھەر لە گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی کە لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری پێشکەشی کرد لە بارەی پرۆسەی ئاشتی پەیامێکی ھەبوو، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، زۆر خۆشحاڵین بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە و پشتیوانیشی لێ دەکەین، ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکرد ئومێد دەکەین پرۆسەکە بگاتە ئەنجام و خێر و خۆشی بۆ ھەموو لایەک بھێنێت.
نازم حامد، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت، بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی لەو کۆنگرەیە توانی بەلایەنی کەمەوە کوردی باکووری کوردستان کۆبکاتەوە، ئەمەش ڕووداوێکی گەورەیە، بۆیە بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی لە سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری وەچەرخانێک و ڕۆژێکی مێژوویی بوو نەک تەنیا بۆ خەڵکی باکوور، بەڵکو بۆ خەڵکی ھەر چوار بەشی کوردستان، بینیشمان چۆن بە جۆش و خرۆش و پێشوازییەکی زۆر لەلایەن خەڵکەوە لێکرا، ھەروەھا سەردانەکە لە کاتێکی گرنگدا بوو کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاری لەسەر دەکرێت، ھیوادارین پرۆسەکە سەربگرێت و بەخێر و خۆشی بۆ خەڵکی کوردستان جا لە ھەر بەشێک بێت.
ئەو ئامادەبووانەی کە لە وێ بوون جەختیان لەوە کردەوە سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی باڵای دەبێت لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و بەو سەردانەشی بۆ جزیرەی بۆتان ھیواکانی سەرکەوتنی پرۆسەکەی زیاتر کرد. مەھمەت یەرکا، سەرۆکی شارەوانی شرنەخ، جەختی لەسەر گرنگیی پێکەوەژیان و برایەتیی نێوان کورد و تورک کردەوە و ئاماژەی بەوەدا سەردانەکەی سەرۆک بارزانی ھەنگاوێکی کردەییە بۆ بەھێزکردنی ئەو برایەتییە.
سەرۆکی شارەوانی شرنەخ، ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە سیمپۆزیۆمەکەدا بەرز نرخاند و گوتی: سەرۆک بارزانی، ئامادەبوونی جەنابت تەنیا بەشداریکردنێکی پرۆتۆکۆڵی و تەشریفاتی نییە، بەڵکو ھاتنت بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانمان و ئەمە سیمبوڵی برایەتییە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە سەردانێکی پێشوویاندا بۆ لای سەرۆک بارزانی، ھەستیان بە خۆشەویستی زۆری ناوبراو بۆ مەلای جزیری وەک میراتێکی ھاوبەش کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یەرکا باسی لە مێژووی ھاوبەشی ناوچەکە وەک لانکەی شارستانیەت و شوێنی پێغەمبەران کرد و گوتی: ھەزاران ساڵە کورد و تورک لەم خاکەدا، لە پاڵ چیای جودی پێکەوە دەژین، ئێمە تەنیا وەک یادگاریی ڕابردوو باسی ئەم برایەتییە ناکەین، بەڵکو وەک ھێز و نەخشەڕێگایەک بۆ داھاتوو دەمانەوێت پەرەی پێ بدەین، ھەروەھا داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە پاڵپشت بێت بۆ یەکڕیزی و پتەوکردنی برایەتی نێوان کورد و تورک، بەو پێیەی دەزانن کە ئەو چەندە لەسەر ئەم بابەتە ھەستیارە.
ئارسلان تاتار، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە شرنەخ بۆ سەرۆک بارزانی کوردایەتیمان لە تۆوە بینوە و لە باوکی تۆمان بینیوە، لە منداڵییەوە بە خەیاڵی تۆوە گەورەبووین، سەرۆک تۆ ڕووناکیی چاومانی، تۆ کوڕی مەلا مستەفا بارزانی.

