كارزان گلی – ههولێر
لە كاتێكدا باكووری كوردستان چاوەڕوانی ئەوەن، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێت، كەچی داوایەكی تری یاسایییان لەسەر كردووەتەوە و تۆمەتی ئەوەیان داوەتە پاڵ سووكایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا كردووە، بۆیە داوا دەكەن حەوت ساڵ زیندانی بكرێت.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، كە توركیا ئەندامی ئەو دادگایەیە، بڕیاری دا دەمیرتاش ئازاد بكرێت و ئەردۆغانیش لە وتەیەكیدا گوتی، ئێمە بڕیاری دادگا جێبەجێ دەكەین، بەڵام دادگای ١٤ی تاوانسەلمێنی مێرسین، بەهۆی دوو گوتاری دەمیرتاشەوە كە بەر لەوەی زیندانی بكرێت داویەتی و سووكایەتیی بە ئەردۆغان كردووە، داوای لەسەر كردووەتەوە و داوا دەكەن حەوت ساڵ زیندانی بكرێت.
بەهۆی ئەو داوایەی لەلایەن دادگا تاوانسەلمێنی مێرسین لەسەری كراوە، دەمیرتاش ئامادە نەبوو ببرێتە بەردەم دادگا و رەتیشی كردەوە لە رێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە لێدوانی لێ وەربگیرێت، بۆیە دادوەر داواكەی بۆ ٦ی١ی ٢٠٢٦ دواخست.
پارێزەری تایبەت بە دەمیرتاش ئاماژەی داوە، هەموو مانگێك داوایەكی تازەی لەسەر دەكەنەوە و بە تۆمەتێك دەیانەوێت زیاتر لە زیندان بیهێڵنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پارێزگاری لە دەمیرتاش بكەن، داوایان لە دادوەر كردووە، دۆسیەكەی دوا بخات تا بتوانن كاری جیدیی لەسەر بكەن.
باكوورییەكان، لە چاوەڕوانی ئەوەدان دەمیرتاش ئازاد بكرێت، تەنانەت باشاكی هاوسەری ماوەی یەك هەفتە لە ئێدیرنە مایەوە و چاوەڕێی ئەوە بوو ئازاد بكرێت، بەڵام دەمیرتاش پێی گوتووە، بگەڕێرەوە ئامەد، دیارە ئازاد ناكرێم.
چەندین كەسایەتیی سیاسیی سەر بە ئاكەپە و مەهەپە و دەم پارتی پێیان وایە، ئازادنەبوونی دەمیرتاش كاریگەریی زۆری لەسەر پرسی چارەسەری كورد دەبێت، ئەگەر ئازاد نەكرێت پرسی چارەسەریی ئەنجامی نابێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئازاد نەكراوە.
جەنگیز چاندار، پێشتر مژدەی دایە باكوورییەكان دەمیرتاش ئازاد دەكرێت، بەڵام ئێستا دەڵێت، ئازادنەبوونی دەمیرتاش سیاسییە و دەستێكی لە پشتەوەیە، ئەگەر ئازاد نەبێت بەو مانایە دێت پرسی چارەسەری كورد دەكوژن.
ئەو سیناریۆیەی ئێستا بۆ دەمیرتاش دروست بووە، كە دۆسییەیەكی تریان لەسەر كردووەتەوە، چەند ساڵێك بەر لە ئێستا هەمان سیناریۆیان کرد، كاتێك دادگای تاوانسەلمێنی ئەنكەرا بڕیاری دا دەمیرتاش ئازاد بكرێت و تەنانەت خۆیشی كۆ كردەوە تا لە زیندان بێتە دەرەوە، بەڵام دۆسیەیەكی تریان لەسەر كردەوە و ئازادیان نەكرد.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا سێ جار داوای كرد دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ ئازاد بكرێن، تەنانەت لە جاری سێیەمدا بڕیاری بڕاوەی دا و ئیدی توركیا ناتوانێت تانەی لێ بدات و دەبێت بڕیارەكەش جێبەجێ بكات، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئازاد نەكراوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیا لەبارەی ئازادبوونی دەمیرتاش ئاماژەی دا، پێویستە ئازاد بكرێت چونكە دادگا ئەو بڕیارەی داوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ”دادگا چی بڵێیت ئێمە ئەوە جێبەجێ دەكەین“، بەڵام ئازادبوونی دەمیرتاش هەر نەبووە كردار و سیاسییەكانی توركیا و میدیای توركیاش، رۆژانە قسەی لەسەر دەكەن.
بولەنت ئارینج، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیا، لە سەردانێكیدا بۆ گرتووخانەی ئیدیرنە چاوی بە دەمیرتاش كەوت، پاشان لە وتەیەكیدا گوتی ”دەمیرتاش ئامادەیە واز لە سیاسەت بهێنێت و چاوی بە ئەردۆغان بكەوێت و پێی بڵێت هیچم لە دڵ نییە بەرامبەر بە تۆ“، بەڵام دەمیرتاش ئەو گوتانەی ئارینجی بە درۆ خستەوە و گوتی، هەرگیز شتی وام نەگوتووە و بە سەربەرزی چوومەتە زیندان و دەبێت بە سەربەرزییش بێمە درەوە.
دەمیرتاش، لە ٦ی١١ی٢٠١٦، بە تۆمەتی ئەوەی بانگەشەی بۆ تیرۆر كردووە، هەروەها خەڵكی هان داوە بە تێكدانی ئاسایشی توركیا دەستگیر كرا.

