ڕائیب جادر – هەولێر
کۆرمۆر ٧٥%ـی کارەبای کوردستان دابین دەکات، پێنج گەورە کۆمپانیای نێودەوڵەتی بەگوژمەی زیاتر لە ملیارێک دۆلار وەبەرھێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکەن، دوای ھێرشەکان جارێکی دیکە دەستیان بە کار کردووەتەوە، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە کورمۆر بکەوێتەوە کار و بەرھەمھێنان. ئەم ھێرشانە لەلایەن بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەتوندی سەرکۆنە کراون و بە کردەوەی تیرۆریستی و سووکایەتی بۆ سەر سەروەری عێراق ناوزەد کراون. شارەزایانی بواری ئابووری و پەرلەمانتاران، دەڵێن، کەسانێک دەیانەوێت بە لێدان لە کۆرمۆر بەربەست بۆ حکوومەتی ھەرێم دروست بکەن.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر
کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، بە گەورەترین کێڵگەی غازی سروشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دادەنرێت، ئەم کێڵگەیە ڕۆڵێکی ژیانی لە دابینکردنی وزە و کارەبا بۆ ھەرێمی کوردستان دەگێڕێت و بە بنکەیەکی سەرەکی ئابووری و پیشەسازی ناوچەکە ھەژمار دەکرێت.
کێڵگەی کۆرمۆر لە ساڵی ١٩٢٨ دۆزراوەتەوە و تا ساڵی ٢٠٠٣ بە “کێڵگەی ئەنفال” ناسراوبوو، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە ئەم کێڵگەیە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە، ڕووبەری کێڵگەکە بە نزیکەی ١٣٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە مەزەندە دەکرێت و یەدەگی غازی سروشتییەکەی دەگاتە نزیکەی ١٧ ترلیۆن پێی سێجا.
خاوەندارێتی و بەڕێوەبردن
کێڵگەی کۆرمۆر لەلایەن کۆمپانیای “پێڕڵ پێترۆلیۆم”ەوە بەڕێوەدەبرێت، کە ھاوپەیمانییەکە لە نێوان دوو کۆمپانیای سەرەکیی ئیماراتی، کۆمپانیای دانە غاز، کۆمپانیای نەوتی ھیلال، ئەم دوو کۆمپانیایە ڕۆڵی سەرەکییان ھەیە لە وەبەرھێنان و پەرەپێدانی کێڵگەکەدا.
توانای بەرھەمھێنان و فراوانکردن
توانای بەرھەمھێنانی کێڵگەی کۆرمۆر بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، لە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فراوانکردنی “کۆرمۆر ٢٥٠” کە ھەشت مانگ پێش وادەی خۆی تەواو بوو، توانای بەرھەمھێنانی کێڵگەکە بە ڕێژەی ٥٠% زیادی کردووە، توانای ئێستا، کۆی توانای بەرھەمھێنانی غاز لە کێڵگەکە گەیشتووەتە ٧٥٠ ملیۆن پێی سێجای ستاندارد لە ڕۆژێکدا، جگە لە غازی سروشتی، کێڵگەکە ڕۆژانە نزیکەی ١٥،٢٠٠ بەرمیل کۆندێنسێت جۆرێکی سووکی نەوت و ١،٠٧٠ تۆن غازی شل بەرھەم دەھێنێت، پلانی زیاتر بۆ فراوانکردن ھەیە تا بەرھەمی غاز بۆ نزیکەی یەک ملیار پێی سێجا لە ڕۆژێکدا بەرزبکرێتەوە.
گرنگی ستراتیژی و دابینکردنی کارەبا
غازی بەرھەمھاتوو لە کۆرمۆر شادەماری سەرەکیی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبایە لە ھەرێمی کوردستان، غازەکە لەڕێگەی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ، ھەولێر و بازیان، کێڵگەی کۆرمۆر بە تەنھا نزیکەی ٧٥%ی کارەبای ھەرێمی کوردستان دابین دەکات، ھەر ھێرش و ڕاگرتنێکی بەرھەمھێنان لەم کێڵگەیە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی نزیکەی ٢٠٠٠ مێگاوات کارەبا، جگە لە کارەبا، غازی کۆرمۆر سەرچاوەی سەرەکییە بۆ کارگەکانی بەرھەمھێنانی غازی شلی ماڵان.
ھێرش و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کێڵگەی کۆرمۆر چەندین جار ڕووبەڕووی ھێرشی مووشەکی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بووەتەوە، ئەم ھێرشانە زۆرجار بوونەتە ھۆی ڕاگرتنی کاتیی بەرھەمھێنانی غاز، کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبای نیشتمانی لە سەرانسەری ھەرێم، زیانی ماددی و گیانی، وەک ھێرشەکەی نیسانی ٢٠٢٤ کە بووە ھۆی کوژرانی چوار کارمەندی بیانی، دوا ھێرشیش درەنگانی شەوی چوارشەممە ٢٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە درۆن ھێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو ھۆیەوە بەرھەمھێنانی غاز لە کێڵگەکە و ھەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا، ھەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا بەھۆی ھێرشەکەوە تەواوی ھەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا.
بارەگای بارزانی ئەم ھێرشە دژی ژێرخانی ئابووری و بەرژەوەندییەکانی کوردستان و عێراقە
لەبارەی ھێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بارەگای بارزانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوی کردەوە و تێدا ھاتووە، زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ئەم ھێرشە دژی ژێرخانی ئابووری و بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ھەموو ھاووڵاتییانە، سەرباری ئەوەی کە پێشتریش ئەو جۆرە ھێرشە ناڕەوایانەی سەر ھەرێم زۆرجار ئیدانە کراون، بەڵام تەنیا ئیدانە بووە و لەبەرانبەر ئەنجامدەراندا ھیچ ئیجرائاتێک نەکراوە و ئەو ھێرشانە دووبارە بوونەتەوە.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، دەڵێ: کاتی ئەوە ھاتووە کە لەبەرانبەر ئەم دەستدرێژی و ھێرشە ناڕەوایانەدا ھەنگاوی جددی و عەمەلی بگیرێتەبەر و کۆتایی پێ بھێندرێت و ئەنجامدەرانیان سزا بدرێن.
کەسانێک دەیانەوێت بەربەست بۆ حکوومەتی ھەرێم دروست بکەن
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری کوردستان لە بەغدا، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەوانەی دەیانەوێت لە کۆرمۆر بدەن، کۆمەڵە کەسانێکن، کە دەزانن گرنگی کۆرمۆر بۆ ھەرێمی کوردستان چەندە، کەسانێک ھەن دەزانن کۆرمۆر گرنگییەکی زۆری ھەیە، غازی کۆرمۆر بووەتە جێگرەوەی غازی سروشتی ئێران بۆ عێراق، ئەمەریکا ڕێگەنادەت چیتر لەو وڵاتە ھاوردە بکات، ھەروەھا یەکێک لە سێکتەرە ھەرە گرنگەکان و سەرچاوەی گرنگی داھاتی ھەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی لە دوای ڕاگرتن و ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ھەموو ئەوانە پێمان دەڵێن کە گاز و کۆرمۆر ناوەندێکی ئابوورین بۆ ھەرێمی کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێ: کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەرچاوەی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا کارەبا بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق دابین دەکات و سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی غازی ڕۆژانەی ھاووڵاتییانە، کەسانێک دەیانەوێت بە لێدان لە کۆرمۆر جا چ بۆ دروستکردنی قەیرانی گازی ماڵان بێت، یانیش ڕاگرتنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بەربەستێک لەبەردەم کارەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دروست بکەن کە خاوەنی گەورەترین پڕۆژەی خزمەتگوزارییە، ئەویش کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە و ھەموو بەربەستەکانی شکاندن و یەکێک لە سەرکەوتووترین پڕۆژەکانە، کە زۆرجار گوتوومە پڕۆژەی ڕووناکی و دەستەبەرکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە عێراق وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو.
ھێرشکەرەکان چاویان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان ھەڵنایەت
چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان، نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لەسەر ئەو ھێرشە و دەڵێن ئەوانەی ئەو کارە خراپەیان کرد چاویان بە کوردستان ھەڵنایەت، ھەروەھا دەڵێن، ئەو پڕۆژانەی دەکرێن، بۆ خزمەتکردنی ئێمەیە، بەتایبەتی پڕۆژەی ڕووناکی، ئیدانەی ئەو کارە تیرۆریستییە دەکەین و شەرمەزار دەکەین. شاھین مەحموود، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھێرشەکانی سەر کۆرمۆر و ھەرێمی کوردستان چاو ھەڵنەھاتنە بە پێشکەوتنەکانی ھەرێم و دواکەوتوویی ناوچەکانی عێراقە، لە ھەمان کاتدا ئەو جۆرە ھێرشانە ئامانجەکەیان فشار خستنە سەر ھەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی ملکەچی مەرجەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بێت.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: ئەو ھێرشەی کراوەتەوە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئامانجەکەی ڕوون و ئاشکرایە و دەیانەوێت کوردستان بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی تاریکی و لە پێگەی ئابووری و دیپلۆماسیی ھەرێمی کوردستان بدەن، لە ھەمان کاتدا دەنگی ناڕازی لە ناوخۆی کوردستان دروست ببێت و گرفت لەبەردەم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی کوردستان سیستەمی سیاسی بەغدای نیگەران و ھەراسان کردووە و بەھۆی پێشکەوتنی ھەرێم و دواکەوتوویی پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە، ناڕەزایەتییەکی جەماوەری دژی حکوومەتی فیدراڵ ھەیە، ھەر بۆیە ئەمە بووەتە مایەی شەرمەزارییەکی ڕاستەقینە بۆیان و ئاماژەیە بۆ شکستیان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

