ڕائیب جادر – ههولێر
وەبەرھێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە پڕۆژە و بڕیارەکانی پشتیوانی لەو کەرتە دەکات، ھەروەھا ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت کردووە بۆ ئەوەی گرنگی بە پیشەسازی و کشتوکاڵ بدات، بەگوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، حکوومەتی ھەرێم لە چوار ساڵی ڕابردوودا ٣٠ ھەزار خانووی پلاستیکی و ٣١٩ ساردخانەی دروست کردووە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرگای بۆ کەرتی تایبەت کردووتەوە، تاکو بەرھەمی جووتیاران بە پیشەسازی بکرێت، گرنگی دان بە جووتیاران بۆ پلانی ستراتیژی حکوومەت دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی ساڵانی داھاتوو ئاساشی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ چەندین بەرھەمی جیاوازی کشتوکاڵی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئاستی بەرھەمھێنانیان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی.
حکوومەتی ھەرێم ساڵە لە دوای ساڵ گرنگی بە کەرتەکانی گەشتیاری، کشتوکاڵ و پیشەسازی دەدات، ساڵانە چەندین ملیۆن گەشتیار بەھۆی جوانی و سرووشتەکەی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، کەرتی کشتوکاڵیش بووژانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، حکوومەت ھەموو ئاسانکاریەکی بۆ جووتیاران کردووە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بەو بەرھەمە بدەن، لە ھەمان کاتدا بەرھەمی جووتیاران ھەناردەی دەرەوە دەکات، ئەوەش ھاندەرێکی باشە بۆ ئەوەی جووتیاران زیاتر گرنگی بەو کەرتە بدەن، لە ھەمان کاتدا بە ھەزاران کارگەی دروست کردووە ئەو کارگانە لە ھەموو بوارەکان بەرھەمیان ھەیە، جگە لەوەی بەرھەمی ناوخۆ دەخەنە بازاڕەوە ھەلی کاری بۆ ھەزاران کەس پەیدا کردووە.
چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی حکوومەت، بەرھەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەکە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن “لە کوردستان دروست کراوە-Made In Kurdistan” دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکەن و لە بازاڕی وڵاتان دەفرۆشرێن.
یەکێک لە گرنگترین ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران لە بازاڕە جیھانییەکاندا، ھەناردەکردنی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێم بووە بۆ وڵاتانی کەنداو، ڕۆژی ھەینی ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، یەکەم کاروانی ھەناری کوردستان ڕەوانەی ئیمارات کرا و دواتر بە شەش کاروان، زیاتر لە دوو ھەزار تۆن ھەناری ھەرێمی کوردستان ھەناردەی وڵاتانی کەنداو کران، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو بە ھەزاران تۆن لە بەرھەمی جووتیاران ھەناردەی دەرەوە کراوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت لە دەرەوە خواستێکی زۆر لەسەر بەرھەمی کوردستان ھەیە، ئەوەش ھاندانێک دەبێت بۆ جووتیاران کە ساڵ لە دوای ساڵ گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدەن.
ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی ئەو بەرھەمانەی کە بەرھەم دەھێنرێن، دەوڵەمەندە، لە کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون ھەن، ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی دەرەوە کراون، حکوومەت کاری لەسەر کردوون لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک ترێ، سێو، ھەنجیر ڕەوانەی دەرەوە کراون، ھەروەھا لە ڕێی کۆمپانیایەکیش ھەریەکە لە برنجی کوردی، تەحین و سماق دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەندین وڵات دابەش دەکرێن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری وەبەرھێنانی کردووە و گەورەترین کارگەی بەرھەمە شیرەمەنییەکانی لە دەڤەری بارزان کردووەتەوە، لە گوندەکانی ئیدارەی سۆران بە ھەزاران سەر مەڕ و بزن و مانگا ھەنە و بەرھەمەکانیان ئەوەندە خواستی لەسەرە، ھەر لەدوای دۆشینی ئاژەڵەکان، ساخ دەبێتەوە. کارگەی زۆم بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەکان لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە گوندی ژاژوک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر کرایەوە، پڕۆژەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە کارگەی زۆم بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەکان و ھەروەھا بنکەکانی کۆکردنەوەی بەروبوومی ئاژەڵداران و جووتیاران. وەکو خۆیان دەڵێن، پێش کردنەوەی ئەو کارگەیە نەمان دەزانی چ لە شیری ئاژەڵەکانمان بکەین، ئێستا بە ھەبوونی ئەو کارگەیە شیری ئاژەڵەکانی ئێمە کۆدەکرێتەوە، ئەوەش کارێکی زۆر باشە و ھیوادارین کارگەی لەو جۆرە زیاد بکرێن، چونکە ھەم ئاژەڵداران، ھەمیش جووتیاران سوودمەند دەبن.
محەممەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کارگەی زۆم، پڕۆژەیەکی ناوازەی بەرھەمھێنانی بەرھەمەکانی شیرەمەنییە لە دەڤەری بارزان، ئەم پڕۆژەیە ھەلی کاری بۆ سەدان کەس ڕەخساندووە، ئامانج لە دامەزراندنی ئەو کارگەیە بۆ ئەوەبوو بەرھەمی ئاژەڵداران کاری بە بازاڕ کردنی بۆ بکەین، چونکە بەرھەمی شیرمان زۆرە، جگە لەوەی بەکردنەوەی ئەو کارگەیە خەڵکێکی زۆر بوونەتە خاوەن داھاتی خۆیان و گوندەکانیش زیاتر ئاوەدان بوونەتەوە، ئێستا بەرھەمھێنانی شیر زیاتر بووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە خەڵک زیاتر گرنگی بە سامانی ئاژەڵ دەدەن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، گوتیشی: بەبوونی ئەو کارگانە بەرھەمێکی تەندروست دەکەوێتە بازاڕ و پارەی خۆشمان ناچێتە وڵاتانی تر و ھەر لە ناوخۆی کوردستان دەستاودەستی پێدەکرێت.
ڕەمەزان نادر، شارەزای بواری کشتوکاڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: حکوومەتی ھەرێم زۆر گرنگی بە سێکتەری کشتوکاڵ داوە، خەمخۆری و پەرۆشی سەرۆکی حکوومەت بۆ سێکتەرەکە ھۆکارێکی گەورە و سەرەکی بووە بۆ پێشکەوتن و زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ، نەک تەنیا لەڕووی پڕۆژەی کشتوکاڵییەوە، بەڵکو لەڕووی پڕۆژەکانی وەبەرھێنانەوە بۆ سێکتەری کشتوکاڵ، واتە ھەموو بوارەکانی سێکتەری کشتوکاڵی گرتووتەوە، ئەگەر تەماشای بەرنامەکان و جموجۆڵەکانی سەرۆکی حکوومەت بکەین دەبینین گرنگییەکی تایبەتی بە بنەماکانی بنیادنانی دەوڵەت داوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت گرنگی و بایەخی تایبەت بە سێکتەری کشتوکاڵ دراوە.
ئەو شارەزایەی بواری کشتوکاڵ، دەشڵێ: پێشتر وەبەرھێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ، لە دەستەی وەبەرھێنان، ١% بوو، ئێستا زیاتر لە ١٠%ـەیە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو سێکتەرە گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش ھۆکار بووە بۆ پێشخستن و گەشانەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان، لە زۆر بوارەوە بەرەو خۆبژێوی چووینە و ھەتا ھەندێک بەروبوومان لێ زیادە و ھەناردەی دەرەوە دەکەین، لە کابینەی نۆیەم کشتوکاڵ شوێن و پێگەی دیارە لە ئابووری ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھێشتا لە تموحی ئێمە نییە، چونکە سێکتەرەکە زۆر فراوانە، لە ساڵانی ڕابردوو کە جووتیار بەروبوومەکەی پێ دەگەیشت نەی دەزانی چی لێ بکات، خواست و خستنەڕوو ناھاوسەنگی دروست دەبوو، خواست کەم دەبوو، خستنەڕوو زۆر دەبوو، جووتیار بەروبوومەکەی فڕێ دەدا، بەڵام ئێستا کردنەوەی دەروازەی ھەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆ بۆ دەرەوە ئومێدی بە جووتیاران بەخشیوە و لە خەمی ساخکردنەوەی بەرھەمەکانیان نین، بۆیە ئەمە ھۆکارێکی زۆر گرنگ و سەرەکییە بۆ گەشەکردنی سێکتەری کشتوکاڵ.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی دروستکردنی ٣٠٠٠ خانووی پلاستیکی و ٣١٩ ساردخانە پاڵپشتی و پشتیوانی جووتیاران دەکات جگە لە دروستکردنی سایلۆ و دەیان پڕۆژەی دیکە. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان نەمێنێتەوە و بازاڕی ھەبێت، ساڵانی ڕابردوو چەند ھەنگاوێک نران و ژمارەیەک بەرھەم ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کران.
ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم، ئاشکرای کرد، بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دەستەی ئامار و وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕێژەی وەبەرھێنان لە کابینەکانی ڕابردوو ١.٨ بووە، ئێستا بە ھەموو ئەو ھەنگاو و ڕێکار و پێشکەوتنانەی وەزارەتی کشتوکاڵ ناویەتی نزیکەی ١٠%ـی ئاستی دڵنیای و وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاری کشتوکاڵیمان ھەیە، توانیومانە لەم کابینەیە نیگەرانییەکانی جووتیاران بڕەوێنینەوە ئەویش لە ڕێگای دامەزراندنی کارگەی پیشەسازی پێشکەوتوو بۆ بەرھەمەکانی پەتاتە، چیپس، کارگەی دۆشاوی تەماتە، کارگەکانی بەرھەمھێنانی زەیتی زەیتوون، بەرھەمھێنانی قارچک، ھەروەھا لە ئێستادا کار کراوە بۆ کاراکردنی پڕۆژەی بەرھەمھێنانی شیرەمەنی، لەگەڵ سەدان کارگەی دیکە.

