رۆژنامەی ھەولێر

لە عێراق بە تێکڕا ڕۆژانە دەست بە سەر سێزدە کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق بووەتە گۆڕەپانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و گرووپە مافیاکان هەوڵەکانی خۆیان چڕ کردووەتەوە بازاڕەکانی عێراق و ڕێگەکانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی ساغکردنەوەی ئەو ماددە مەترسیدارە بەکار بهێنن. سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی سێ سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار تۆڕی بازرگانی هەڵوەشێنراونەتەوە و بە هەزاران قاچاخچی گیراون و سزا دراون کەچی دیاردەکە بنبڕ نەبووە و لە عێراق بە تێکڕا هیچ ڕۆژڕک نەبوە دەست بە سەر سێزدە کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا نەگیرێت.

لە نوێترین حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی تۆڕی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر، لە بەسڕا فەرمانگەی ڕووبەرووبوونەوەی ماددەی هۆشبەری پارێزگاکە دەستی بەسەر یازدە کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرت. شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان پۆلیس و قاچاغچییەکان ڕوویدا و دواجار قاچاخچییەکان گیران کە بیست و چوار هەزار دانە حەبی هۆشبەریان پێ بوو و مەبەستیان بوو لە بازاڕەکان ساغی بکەنەوە. میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە جگە لەو ماددە هۆشبەرانە دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و ئۆتۆمبێلیشدا گیرا.
ئەم جۆرە هەواڵانە لە عێراق ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە و ڕاستە پۆلیس و دام و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیەکی زۆری قاچاخچییان گرتووە بەڵام دەبێ زیاتر لەو ژمارانەی ڕادەگەیەنرێن قاچاخچی و بازرگانی ماددەی هۆشبەر هەبن کە خەریکی ئەنجامدانی تاونەکە بن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری سێ ساڵی ڕابردووی کار و چالاکییەکانی پێوەندیدار بە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان لە عێراقی خستە ڕوو و لە ئامارەکەدا دەرەنجامی سەیر و مەترسیدار دەرکەوتوون کە دەیسەلمێنێت لە عێراق چ قەبارەیەکی زۆر ماددەی هۆشبە بازرگانی پێوە دەکرێت.
بەپێی ئامارێک کە لە کۆنفرانسەکەدا خرایە ڕوو لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە عێراق زیاتر لە هەزار و سەد تۆڕی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێنراونەتەوە کە سەد و حەفتا و یەک لەو تۆرانە نێودەوڵەتی بوون. جگە لەمە کۆی ئەو ماددە هۆشبەرەی هەر لەو ماوەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە گەیشتووەتە زیاتر لە چواردە هەزار کیلۆگرام.
ئەو ئامارە دەیسەلمێنێت لە عێراق بە تێکڕا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هەموو ڕۆژێک دەست بە سەر سێزدە کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە و ڕۆژ نەبووە تۆڕێکی ماددەی هۆشبەر لە لایەن پۆلیسەوە لەبەر یەک هەڵنەوەشێنرابێتەوە.
دادگاکانی حکوومەتی فیدراڵی لەو ماوەیەدا بیست و سێ هەزار تاوانباریان سزاداوە و لەوانە سزای سێسەد کەسیان سێدارە بووە. لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی حکوومەت و قاچاخچییاندا حەوت ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و سی و شەش قاچاخچی کوژراون.
ئەحمەد زەرکانی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراق ڕای گەیاند کارە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چەندان تۆڕی گەورەی بازرگانی و دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر.
ماوەی ڕابردوو ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵی ئاشکرای کرد ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئێستا لەگەڵ هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان جیاوازی هەیە و جیاوازییەکەش لەوەدایە گرووپە مافیاکان ئەگەر لە شوێنی تر زیاتر بە ساغکردنەوە و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی هێرۆین و کۆکاین و ماددە هۆشبەرە ناسراوە کۆنەکان خەریک بن ئەوا لەو ناوچەکە ماددەی نوێی هۆشبەری کێپتاگۆن و کریستاڵ مێت خەریکن.
ئەو لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە عێراق کردبوو و نووسیبووی ئەو وڵاتە تووشی قەیرانێکی گەورە بووە و هۆکارە سەرەکییەکەیش ئەوەیە کەوتووەتە سەر ڕێڕەوی سەرەکیی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکە. فرۆشتن و ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەر بە تایبەتی لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی بەغدا و شارەکانی تری باشووری ئەو وڵاتە زۆر پەرەی پێ دراوە.
جگە لەو ماددە هۆشبەرەی لە ئێرانەوەی هێنراوەتە ژوورەوە ماددەی کێپتاگۆن زیاتر لە سووریاوە هاتووەتە عێراق و پێشتر بە تایبەتی تا بەر لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ئەمەریکا سووریای بە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کێپتاگۆن تۆمەتبار دەکرد و دوای ڕووخانی حکوومەتی دیمەشق چەندان کارگە دۆزرانەوە کە ماددەکەیان بەرهەم دەهێنا و ئەم ڕاستییە بۆ تەواوی خەڵکی جیهان ئاشکرا بوو.
کێشە لەوەدایە ئێستا بازاڕی مامەڵەکردن بەو ماددەیە بەرفراوانتر بووە و گەیشتووەتە عێراق، لبنان، ئوردن و سعوودیە و بەگوێرەی ڕاپۆرتی دامەزراوەی نیولاینز بەهای دارایی ئەو کێپتاگۆنەی هەر ئێستا لە بازاڕەکانی ئەو چەند وڵاتە مامەڵەی پێوە دەکرێت دەگاتە شەش ملیار دۆلار.
جێی باسە لە میانەی کۆنفرانسی ئاشتیی و ئاسایشی مێپس لە زانکۆی ئەمەریکیی دهۆک سەرۆک بارزانی یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی تیشکی خستە سەر و بە دیاردەیەکی زۆر مەترسیدار بۆ سەر گەنجانی هەرێمی کوردسان و عێراقی هەژمار کرد بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بوو و داوای لە هەر دوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد هەماهەنگی و هاوئاهەنگییەکانیان زیاتر بکەن و پێش بەو دیاردە مەترسیدارە بگرن و قاچاخچییان و بەرهەمهێنەرانی ماددەی هۆشبەر بە سزای خۆیان بگەیەنن.