رۆژنامەی ھەولێر

بەرپرسی دەزگای کازیوە میدیا لە کەلار لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە ڕفێنراوە

هێزێکی ئەمنی لە شاری کەلار بەرپرسی دەزگای میدیایی “کازیوە”یان دەستگیر کردووە و بەرەو شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە، سەنتەری میترۆش هۆشداری دەدات لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و شاردنەوەی زانیاری لە کەسوکاریان.

محەممەد ساڵح، پەیامنێری کوردستان تیڤی لە کەلار ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێزێکی ئەمنی، “کاروان کەلاری”، رۆژنامەنووس و بەرپرسی دەزگای “کازیوە میدیا”، زمانحاڵی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ سلێمانی و تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی “کازیوە میدیا”، کاروان کەلاری، لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ڕۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2025ـەوە بێسەروشوێن کراوە. دەزگاکە ڕایگەیاندووە “بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕواننە دۆخەکە، چونکە خۆیان و خانەوادەکەی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێن و دۆخی تەندروستیی ناوبراوەوە نییە.”

کازیوە میدیا بەرپرسیارێتی پاراستنی گیان و سەلامەتی کاروان کەلاریی خستووەتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە و داوای کردووە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و چارەنووسی ئاشکرا بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ڕەحمان غەریب، بەرپرسی سەنتەری میترۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وردەکاریی زیاتری خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە؛ دوێنێ هێزێکی ئەمنی لە کەلار کاروان کەلارییان دەستگیرکردووە.

ڕەحمان غەریب ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو کەسوکار و هاوڕێکانی سۆراخیان کردووە و وڵامیان دەست نەکەوتووە، بەیانیی ئەمڕۆ بە شێوەی “نافەرمی” زانراوە کە ناوبراو لەلایەن “ئاسایش”ـەوە دەستگیرکراوە، بەڵام تا ئێستا هۆکار و تۆمەتەکەی نەزانراوە و تەنانەت لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە کەلار ئاگادار نەکراونەتەوە.

بەرپرسی سەنتەری میترۆ ڕەخنەی توندی لە شاردنەوەی شوێنی دەستگیرکراوان گرتووە و نووسیویەتی: “تێناگەم بۆ کە هاوڵاتییەک دەستگیر دەکەن، بە کەسوکارەکەی ناڵێن لای ئێمەیە و ئەمە تۆمەتەکەیەتی؟”.

سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکە، ڕەحمان غەریب گومانی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت: “هیوادارم پەیوەندی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی پاسەوانەکانی لاهور شێخ جەنگییەوە نەبێت، چونکە ئەو تەنها هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو دوو گەنجەی بە لایڤ بڵاوکردووەتەوە.”