رۆژنامەی ھەولێر

هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراقە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕەخنە و تێبینی زۆری لەسەرە بەوەی دادپەروەری تێدانییە، زۆربەی لایەنەکان داوای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن دەکەن. پسپۆڕان و شارەزایانی یاسای ھەڵبژاردن سەبارەت بە یاساکە دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی دادپەروەری تێدا نییە زیان بە لایەنەکان دەگەیەنێت.

لە شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە لە دھۆک بەڕێوەچوو، سەرۆک بارزانی لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەڕووی تەکنیکییەوە زۆر پێشکەوتوو بوو، لە ھیچ شوێنێک نەمبیست کەشی ھەڵبژاردن ناخۆش بکات، بەڵام ھیوادام یاسای ھەڵبژاردن بگۆڕێت.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دیداری مێپس، گوتی: لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن ھاوڕام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کە یاسای ئێستای ھەڵبژاردن دەنگێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان دەفەوتێنێت، زۆر دەنگی ھاوپەیمانییەکەشمان بەھۆی ئەم یاسایەوە لە دەست دا، زیاتر گوتی، پێویستە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بگەینە ڕێککەوتن بۆ دانانی یاسایەکی نوێی ھەڵبژاردن کە گوزارشت لە دەنگی ڕاستەقینەی دەنگدەران بکات، چونکە لە یاساکەی ئێستادا، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان دەنگی دەنگدەران و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەماندا ھەیە.
بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنەکان، عێراق بەسەر ١٨ بازنەدا دابەشکراوە و ھەرێمی کوردستان ٣ بازنەی ھەڵبژاردن ٤٤ کورسی پەرلەمانی بۆ دیاریکراوە، لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام ڕێژەی بەشداری بەرزە و لە پارێزگاکانی عێراق ڕێژەی بەشداری کەمترە، ئەمەش وادەکات لە ھەرێمی کوردستان بەھای کورسی بەرزببێتەوە، بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کورستان زیاتر لە ملیۆنێک دەنگی ھێناوە، بەڵام کورسییەکانی نەگۆڕن ئەمەش وادەکات دادپەروەری لە یاساکەدا نەبێت.
کورسییەکانی پارتی بەپێی ڕاگەیاندنی کۆتایی ئەنجامی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، پارێزگای ھەولێر ٩ کورسی، پارێزگای دھۆک ٩ کورسی، پارێزگای سلێمانی ٢ کورسی، پارێزگای نەینەوا ٥ کورسی، پارێزگای کەرکووک ١ کورسی، پارێزگای دیالە ١ کورسی، بەوەش کورسییەکانی پارتی گەیشتووەتە ٢٧ کورسی.
نادادپەروەری لە یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، نیگەرانی زۆری دروستکردووە، ئەم یاسایە دادپەروەر نییە بەتایبەتی بۆ ھەرێمی کوردستان و مافی لایەنەکان پێشەل دەکات، شارەزا و چاودێرانی بواری یاسای ھەڵبژاردن گرفت و ھەڵەکان دیار دەکەن کە لە یاساکەدا ھەن.
سەروان مەحموود، شارەزای دەستوور و یاسای ھەڵبژاردن، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوت: لایەن ھەیە دوو یان سێ کورسی ھەیە، بەڵام ڕەنگە لە باشترین حاڵەت دا ئەگەر ھەموو دەنگەکانی کۆبکەیەوە یەک کورسی بێنێت، یان کاندیدە سەربەخۆکان ناتوانن کورسی بەدەست بھێنن، ھێزی سیاسیی ھەیە بە ٤٠ ھەزار دەنگ کورسییەکی پەرلەمانی بردووە، بەڵام ھێزی دیکە ھەیە بە کەمتر لە ١٠ ھەزار دەنگ کورسی بردووە.
ھەرچەندە گۆڕانکاری و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ئاسان نییە، بەڵام پێشنیازێکی تەواو ئامادەکراوە بۆ ئەوەی سازان بکرێت لەسەر ڕێچکەی گۆڕینی یاساکە. شێروان دووبەردانی، کاندیدی دەرچووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، دەنگی کورد زۆرە، بەڵام کورسی کەمە، دەنگی شیعەش کەمە کورسییان زۆرە، ئەمەش نادادپەروەرییە، بۆیە لەو یاسایەی ھەیە دەبێت دادپەروەری ھەبێت و ئەوەی دەنگی زۆر ھێناوە دەبێت کورسی زۆر بێت، بەڵام ئێمە لە کوردستان کورسییەکانمان جێگیرە.
ئەوەشی گوت: بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دەنگی ھاووڵاتی پێویستە ھەمووی وەکو یەک بەھای خۆی ھەبێت، پێویستە ھاووڵاتی ئازاد بێت دەنگ بە کێ دەدات و یەک بازنەی ھەڵبژاردن ھەبێت وەکو ساڵی ٢٠٠٥ کە لە عێراق یەک بازنە ھەبوو و لە ھەموو پارێزگاکان لایەنەکان کێبرکێیان دەکرد، بۆیە ئەمجارە ھەموو ھەوڵێک دەدەین و فشاری زۆر دەکەین بۆ ئەوەی یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە و لە عێراق ھەمووی یەک بازنە ھەبێت و ناکرێت چەند بازنەیەک ھەبێت و ھێزی دەنگدەر جیاواز بێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی دەرچووی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، یاسای ئێستای ھەڵبژاردن پێویستە ھەموار بکرێتەوە، چونکە نەیتوانیوە دادپەروەری بە دی بھێنێت، دەبێت بە یاسایەکی نوێ عێراق بکرێت بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن تاوەکو دادپەروەری بە دی بێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەوەشی گوت: یاسای ئێستای ھەڵبژاردن لە عێراق دادپەروەری تێدا نییە، بۆیە کورد نەیتوانی زیاتر لە نیوەی کورسییەکانی کەرکووک بە دەست بھێنێت، بەڵام کەرکووکییەکان دڵنیا دەکەینەوە داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانیان دەبین لە بەغدا.