ڕائیب جادر – هەولێر
لەگەڵ ھاتنی وەرزی سەرما، حکوومەتی ھەرێم نەوت بۆ قوتابخانەکانی کوردستان دابین دەکات، بۆ ئەو مەبەستە چەند ڕۆژێکە لە ھەندێک پەروەردە بەتایبەتی لە سنووری دھۆک دەستی پێ کردووە، ئەم ھەفتەیەش لە ھەولێر نەوت بەسەر قوتابخانەکاندا دابەش دەکات.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی چەند کۆمپانیایەک، نەوتی سپی بۆ ناوەندەکانی خوێندنی ھەرێمی کوردستان دابین دەکات، ئەمساڵ بڕی ھەشت ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوتی سپی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دابەش دەکرێت.
لە سنووری پەروەردەی گشتی دھۆک ٩٠٠ ھەزار لیتر نەوت دابین کراوە، چەند ڕۆژێکە بەسەر قوتابخانەکانی ناوچەکەدا دابەش دەکرێت و لە ناوچە کوێستانییەکانەوە دەست پێ کراوە، بۆ ئەو مەبەستە بۆ ئامادەکاریی دابەشکردنی نەوت تەواوی قوتابخانەکان ئاگادار کراونەتەوە پێداویستییەکانی وەرگرتنی نەوت ئامادە بکەن.
وەرزی سەرما لە کوردستان وا دەکات قوتابخانەکان پێویستیان بە ھەڵکردنی سۆپا بێت، حکوومەتی ھەرێم ھەموو ساڵێک بڕێکی پێویست نەوت بۆ ھەموو پەروەردەکانی ناوچەکان دابین دەکات.

