ڕائیب جادر – هەولێر
ئارام نەجمەدین برادۆستی، شارەزای یاسایی ھەڵبژاردن، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: یاسای ئێستای ھەڵبژاردن پێویستە ھەموار بکرێتەوە، چونکە نەیتوانیوە دادپەروەری بەدی بھێنێت، دەبێت بە یاسایەکی نوێ عێراق بکرێت بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن و ڕێژەی دەنگدان بۆ ھەر کورسییەک وەکو یەک بێت، تاوەکو دادپەروەری بە دی بێت.
دوای ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١١ی ١١ بە یاسای نوێی ھەڵبژاردن ئەنجام درا و دەنگ و کورسیی لایەنەکان دیاری کرا، بەڵام مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا و ھەندێک لایەن بە ناعادیلانەیان لە قەڵەم دا. شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن، دەڵێن، پێویستە ھاووڵاتی ئازاد بێت دەنگ بە کێ دەدات و یەک بازنەی ھەڵبژاردن ھەبێت وەکو ساڵی ٢٠٠٥ کە لە عێراق یەک بازنە ھەبوو و لە ھەموو پارێزگاکان لایەنەکان کێبرکێیان دەکرد، بۆیە بە بڕیارێکی سیاسی گۆڕانکاری لە یاساکەدا کرا و زانییان لە ھەرێمی کوردستان پڕۆسەی دیموکراسی کۆنترە و لە ساڵی ١٩٩٢ەوە ھەڵبژاردن لە ھەرێم دەکرێت و لە عێراق لە ٢٠٠٥، بۆیە کورسییان بۆ کورد داناوە و ناتوانن لەو کورسیانە زیاتر بێنن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتدا، لە پەراوێزی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست مێپس لە زانکۆی ئەمەریکی دھۆک، ڕایگەیاند، ھەڵبژاردنی عێراق سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو، بۆ ھەموو گەلی عێراق، پرۆسەی بەڕێوەچوونی دەنگدانیش لەڕووی ئەمنی و تەکنیکییەوە سەرکەوتوو بوو، ڕێژەی بەشداریی خەڵک زۆر بوو و ئەنجامەکانیش بۆ ھەمووان باش بوون، بەڵام ئێمە کێشەمان لەگەڵ یاسای ھەڵبژاردن ھەیە، چونکە دادپەروەرانە نییە، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دەنگمان بەدەستھێناوە، بەڵام ئەگەر بەراوردیان بکەین لەگەڵ ژمارەی کورسییەکانمان، گونجاو نین و دەبینین یاساکە نادادپەروەرییەکی زۆری تێدایە، بۆیە بە پێویستی دەزانین یاساکە بگۆڕدرێت.
*بەدیتنی ئێوە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چۆن بوو؟
-ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆر باش بوو، بەتایبەتی لەڕووی تەکنیکی و ئەلیکترۆنییەوە، کەمترین ناڕەزایی لێکەوتەوە ڕاستە سکاڵا و تانە ھەبوون، بەڵام بەشێک لەو تانانە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕەت دەکرێنەوە، چونکە ھیچ بنەمایەکیان نییە، بەس ھەر ماوەیەک دانراوە بۆ ئەوەی تانە لە ئەنجامەکان بدرێن، ئەگەر لایەنێک نیگەران بێت یان زیانی پێگەیشت بێت لە بڕیار و ئەنجامەکان بۆی ھەیە تانە پێشکەش بکات، بەس بە گشتی پرۆسەکە زۆر باش بوو.
*ھۆکاری زۆری دەنگی پووچەڵ بۆچی دەگەڕێنیەوە؟
-ھۆکارەکان زۆرن، یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوەیە کە دەنگدەر بە ئەنقەست دەنگی خۆی پووچەڵ کردووتەوە، ئیرادە و ویستی دەنگدەر وابووە، دەبێت ڕێز لە ئیرادەی ئەو دەنگدەرە بگیرێت و دیراسە بکرێت، بزانرێت ھۆکاری پووچەڵکردنەوەی دەنگەکانی چییە، بۆ ئەو دەنگدەرە دەنگەکەی پووچەڵکردووتەوە، ھۆکاری دیکەش ھەیە بۆ نموونە دەنگدەر ھەڵەی کردووە لە دەنگدان، ڕەنگە خەلەلی ئەلیکترۆنیش ھەبێت، بەڵام کەمتر، زۆربەی ھەرە زۆری دەنگدەرەکان بە ویستی خۆیان دەنگی خۆیان پووچەڵکردووتەوە.
*یاسای ھەڵبژاردن چ کێشەیەکی ھەیە، بۆچی ھەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی دەکات؟
-کورسی کە بۆ پارێزگاکان دانراوە ڕاستە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانە، بەڵام ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق زۆر بەرزە، ئەوە وا دەکات دادپەروەری لە نێوان پارێزگاکان نەبێت، بۆ نموونە پارتی لە دھۆک زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار دەنگی ھێناوە بەو ھەموو دەنگە زۆرە تەنیا ٩ کورسی بردووە، بەڵام حزب ھەبووە لە عێراق بە کەمتر لە ٤٠٠ ھەزار دەنگ ١٧ کورسی بردووە، بەڵام لە ئەنجامدا دەگەڕێتەوە سەر بەشداریکردنی ھاووڵاتییان، بۆیە پێویستە ئەو نادادپەروەرییە نەمێنێت، بۆ نموونە خەڵکێک ھەیە لە بەغدا پیاوە لەسەر کورسی گشتی بە ٢٣٢٣ دەنگ بووەتە ئەندام پەرلەمان، کەچی لە ھەرێمی کوردستان بەربژێر ١٤ ھەزار دەنگی ھێناوە و نەبووەتە ئەندام پەرلەمان، بۆیە دەبێت ئەو یاسایە ڕاست بکرێتەوە، بەتایبەتی شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن بەدوای بەدیلی دیکەدا بگەڕێن و یاساکە ھەموار بکەنەوە.
*پێتوایە گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن ئەوەندە ئاسان بێت؟
-زۆر زەحمەتە ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ببێتە یەک بازنەیی، بەڵام لە نێوان یەک بازنە و ١٨ بازنە بژاردەی دیکە ھەیە دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین و بژاردەی دیکە بدۆزینەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە دادپەروەری ھەبێت لە نرخ و مسۆگەرکردنی کورسی، بۆ نموونە نرخی کورسییەک لە ھەرێمی کوردستان بە ٤٠ ھەزار دەنگ مسۆگەر بکرێت بۆ لە شارەکانی دیکەی عێراق بە ٥ ھەزار دەنگ بێت، ئاساییە ئەو جیاوازییە ھەبێت، بەڵام با ژمارەکان لێک نزیک بن، دەبێت پرۆسەکە بەباشی دیراسە بکرێت، یاساکە ھەموار بکرێتەوە، ئەو سیستەمەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێ کرا زۆر دادپەروەرتر بوو لەو سیستەمەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەیڕەو کرا، بۆ نەگەڕێینەوە سەر سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی، بۆیە جێگرەوەی دیکە ھەیە، بۆیە دەبێت لە ھەرێمی کوردستان چەند بیرۆکە و بژاردەیەک ئامادە بکرێن و لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەرەبی شیعە، سوننە و تورکمانەکان قسەی لەسەر بکرێت و ڕێگە چارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە.
*باس لە دەستکاری ئەنجامی ھەڵبژاردن دەکرێت ئەمە چۆنە؟
-کۆتایی کوردی فەیلی سێ تانەی لێدراوە، دوو تانە لەو تانانە ھیچ بنەمایەکیان نییە، لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای ئەوەیە چۆن دەبێت دەنگدەر لە ھەولێر دەنگ بداتە ئەو کەسە، ئەوە بۆ ھەموو پێکھاتەکان وایە، بۆیە ئەو بنەمایە ھیچ شتێکی بۆ نییە و ڕەت دەکرێتەوە، بەڵام تانەیەکی دیکەیان لێداوە کە گوایە ئەم بەڕێزە لە بنەڕەتدا کوردی فەیلی نییە، ئەوەش ھیچ بنەمایەکی نییە، لەبەر ئەوەی ئەی چۆن لە فیلتەری کۆمیسیۆن ڕەت بووە ئەگەر کوردی فەیلی نەبێت، ئێستا بڵێی کوردی فەیلی نییە، ئەمە لە کاتێکدایە کوردانی فەیلی لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەن، دواتر چۆن ئەگەر کەسێک کوردی فەیلی نەبێت، دەڵێ من کوردی فەیلی مە، یان ئێزدی مە، بۆیە ئەگەر نەکرێتە ململانێی سیاسی و ئەگەر وەکو یاسا تەماشا بکەین ئەوە ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
*پێتوایە حکوومەتی عێراق لە ماوەی یاسای خۆی پێک بێت؟
-لە عێراق پابەندین بە کاتەوە، بەپێی دەستوور و یاسا لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن ١١٠ ڕۆژمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق پێک بێت، بۆیە پێموایە لەو ماوەیەدا حکوومەتی عێراق پێکدێت و ھیچ کێشەیەک نابێت، بەوەش بارودۆخی عێراق و ناوچەکە باشتر دەبێت.

