رۆژنامەی ھەولێر

بە هەستکردن بە ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتێکی سەرتاسەری لە کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووری و جووڵەی بازاڕ و تەواوی کەرتەکانی تر دەبێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی ھەڵبژاردن پێداگرە لەسەر پێکھێنانی حکوومەت، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نوێ بکرێت. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، دواکەوتنی کابینەی دەیەم لە بەرژەوەندیی ھەرێم و ناوچەکەدا نییە، بۆیە نابێت لە پێناو وەرگرتنی پۆستێک کە پارتی زیاتر لە مافی خۆی بەو لایەنە داوە کێشە بۆ پێکھێنانی حکوومەت دروست بکات.

ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کرا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کە لە لایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیاندرا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم ٣٩ کورسی بەدەستھێنا. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پارتی چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن کردووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژمارەی کورسی لایەنە براوەکان بکات، بەڵام زۆرترین کۆبوونەوە و نزیکبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ پێکھێنانی حکوومەت پێشتریش ئێمە ئامادەبووینە، ھەروەکو چەندین جار گوتوومانە، کە دەمانویست ھەر دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان حکوومەتێکی کارا و ھەمەلایەنە پێک بێت، ئەوانەی کە بەشداربوون لە ھەڵبژاردن و سەرکەوتووبوونە لە ھەڵبژاردن پێمان خۆش بوو بەشدار بن لە پێکھێنانی حکوومەت، بەڵام ھەندێکیان پێیان باش بوو وەکو ئۆپۆزسیۆن کار بکەن و بەشداری کابینەی دەیەم نەکەن، ئەوانەی دەیانویست بەشداری لە حکوومەت بکەن بەداخەوە تاکو ئێستا دیار بوو، نامەوێت وردەکاری و ھۆکارەکان بەدەر بخەم، بەڵام دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھەلومەرجێکی نوێ ھاتووەتە پێشەوە لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ، ھیوادارین بتوانین حکوومەتێک پێک بھێنین کە لە ئاست متمانەی خەڵک بێت، بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت، ھیوادارم بەردەوام بین لە گفتوگۆ، کە گفتوگۆیەکان ھەر بەردەوام بوونە و بەردەوامیش دەبن، بەڵام وەکو گوتم ھەلومەرجێکی نوێ ھاتووەتە پێشەوە و بەپێی ئەو ھەڵومەرجە ھەڵسوکەوت دەکەین. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی داھاتووە و ئەو بەرنامە و کارنامەی لە ماوەی کابینەی نۆ بۆ خزمەتکردن و چاکسازی و گەشەکردن دایڕشتبوو، زۆرینەی جێبەجێ کرد، ئێستاش مکوڕە لەسەر ئەوەی ھەرچی زووو حکوومەتی نوێ پێکبھێنرێت، بۆ ئەوەی کابینە وەزارییەکەی دەست بە کارەکانی بکات و ئەوەی دەیەوێ ئەنجامی بدات، لەو چوارچێوەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھیوای خێرا پێکھێنانی کابینەی نوێیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ڕابەرایەتی پێکھێنانی کابینەی نوێ دەکات، چەندین جار ڕایگەیاندووە مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە کابینەی نوێ، بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەیە، واتە ھەر لایەنێک لە نێو حکوومەت بێت نابێت لە ژێرەوە خەریکی دژایەتی کردنی حکوومەت بێت و ھەوڵی لاوازکردنی بدات، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەم مەرجەی پارتی لە ئەزموونی کابینەی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک حکوومەتی ھەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و بەربەستی تر ھاتەوە لایەنە بەشداربووەکان بێ گوێدانە ئەوەی لە حکوومەت بەشدارن وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵیان لەگەڵ پرسەکاندا دەکرد.
سەمیر محەممەد، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: پێکھێنانی کابینەی دەیەم کورد بەرامبەر بە بەغدا یەک دەخات و لە یەک سەنگەر کۆیان دەکاتەوە، لە ھەمان کاتدا پێکھێنانی کابینەی دەیەم نەک ھەر بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ عێراقیش گرنگە.
ئەو مامۆستایە، ئەوەشی گوت: ڕوانگەی پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم ئەوەیە کە دەیەوێت حکوومەتێکی بەھێز دروست بکات، وەکو سەرۆک بارزانی زۆرجار ڕایگەیاندووە، یەک پەرلەمان و یەک حکوومەت لە ھەرێمی کوردستان دەبێت ھەبێت، پارتی دەیەوێت حکوومەتێکی بەھێز و سەرتاسەری دروست بکات، چەمکی حکوومەتی بەھێز بە تێگەیشتنی یەکڕیزیی وڵات و یەک ئیرادەیی لە حکوومەت بەرجەستە بکات، یەکڕیزی بەم شێوەی کە لایەنە سیاسییەکان بەشدار بن یەک ئیرادەیی و یەک بڕیاری و یەکبینی لە حکوومەت بەرجەستە بکات، لە ھەمان کاتدا لە ڕێگەی حکوومەتێکی بەھێزەوە بتوانێت ژیانی خەڵک باش بکات.
زنار وەیسی، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام خەمی گەلەکەی بووە و لە پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانیش ھەمیشە لە سەنگەری پێشەوە بووە، پارتی لەڕووی خەباتی سیاسییەوە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیھانیش بۆ پرسی کورد ڕۆڵی گەورەی بینیووە، دیارە لە ڕووی پەرەپێدانی پێکەوەژیان و ماف و ئازادییە گشتی و کەسییەکانیش پارتی پێشەنگە، ئەمەش وای کردووە پارتی نەک تەنیا موڵکی پارتییەکان، بەڵکو سامانێکی سیاسی گەورەی ھەموو کوردستانیان بێت و متمانەی پێ بکەن و دەنگی پێبدەن و ڕەفتار و گوتار و کرداری پارتی لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی ھەموو گەلی کوردستانە بە ھەموو جیاوازییە ئایدۆلۆژی و پێکھاتەکانەوە، ھەموو ئەمانە ھۆکارن بۆ ئەوەی سەرەڕای ئەوەی ویستیان لێی بدەن، بەڵام سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەریخستەوە پارتی قووڵایی جەماوەری بەھێزی ھەیە.
وەیسی، دەشڵێ: بە ھەستکردن بە ئاڵنگارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، پێویستە پارتی و یەکێتی پەلە لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بکەن، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییە نەرێنییەکانی ناوچەکە بپارێزن.