رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستی پزیشکی (KMCA) روونكردنەوە لەبارەی دۆزینەوەی بڕێكی زۆری ستیكەری دەرمان لە كۆگایەكی هەڵگرتنی دەرمان لە شاری هەولێر دەدات

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستی پزیشکی (KMCA) روونكردنەوە لەبارەی دۆزینەوەی بڕێكی زۆری ستیكەری دەرمان لە كۆگایەكی هەڵگرتنی دەرمان لە شاری هەولێر دەدات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە سێ كۆگای كەرتی تایبەتی هەڵگرتنی دەرمان لە شاری هەولێر كەوتەوە، دوای كوژانەوەی ئاگرەكە لەلایەن تیمەكانی بەرگریی شارستانی هەولێر، بڕێكی زۆری ستیكەری كۆنی دەرمان بەكارنەهاتوو لە كۆگاكان دۆزرانەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان سەرەتا لەبارەی رووداوی ئاگركەوتنەوەكە دڵگرانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند كە خۆشبەختانە زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەكە هەروەها رایگەیاند: دوای رووداوەكە هەردوو تیمی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیمان و تیمەکانی پشکینی وەزارەتی تەندروستی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە بوونی ستیکەرەكان كرد.

راشیگەیاند: وەزارەتی تەندروستی لێژنەی لێکۆڵینەوەی لە بوونی ئەو ستیکەرانە لە كۆگاكان پێكهێناوە و دواتر ئەنجامەکان بە ڕاست و دروستی دەردەکەوێت.

ئاماژەی بەوەش دا: بۆ هاووڵاتییان و ڕای گشتی ڕوونی دەکەینەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دوای تەواوبوونی پڕۆسەکانی کوالێتی و پشکنین و پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنان بە بەرهەمه تۆمارکراو و پشکنراوەکان، ستیکەری نوێی دەرمان بە سیستەمی نوێی دژەساختە دەدرێت بە کۆمپانیای هاوردەکار تاوەکو بخرێتە سەر دەرمان و بابەتە پزیشکییەکان پێش دەرچوونی لە کۆگا بۆ ناو بازاڕەکانی کوردستان و عێراق.

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان جەختیشی كردەوە كە ئەگەر ئەم بڕەی ستیکەری کۆنی ڕەتکراوەی هەڵگیراو بە فەرمی وەرنەگیرابێت یان گومان لەسەر پڕۆسەکە هەبێت یاخود تەواوی ستیکەر و دەرمانەکان تۆمارکراوی فەرمی نەبن، ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان وەردەگیرێت.