رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەرانی کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2025 لە شاری دهۆک، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی نوێنەرانی کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە دۆزی نەتەوەی کورد لە سەرووی هەموو شتێکە و بایەخدان بە ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدایە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر گرنگی کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کە لە دەرەوە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن له بوارە زانستییە جۆراجۆرەکان و لەم ڕووەوە جێ پەنجەیان دیار و بەرچاوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستەسەر مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و ئیرادەی گەلی کورد لەپێناو مانەوە و بەرگریکردن لە ناسنامە و خەبات لە دژی زۆرداری، هەروەها ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان کە هەموو کات پێشوازی لە هەموو هەوڵێکی ئاشتی کردووە هەرگیز پەلاماردەر نەبووە ئەمەش وای کردووە کوردستان ببێتە ناوچەیەکی گرنگی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم ئایین و مەزهەبەکان، ئەم فەرهەنگەش دەبێت بپارێزرێت و دەستی پێوە بگیرێت.

سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر کرد لەسەر هەرێمی کوردستان کە دوژمنان بە پیلان و بەرنامە هەوڵی بڵاوکردنەوەی دەدەن و رایگەیاند “دەبێت زۆر بە تووندی ڕووبەڕووی ببنەوە”، هاوکات بە گرنگییەوە باسی لە هەنگاوە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان کرد.

سەرۆک بارزانی پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپات کردەوە و بە گرنگیشی زانی هەموو کوردستانیان کار بکەن بۆ ئەوەی دۆستی زیاتر بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان پەیدا بکەن.