سەرۆکی حکوومەتی کوردستان لە کۆڕبەندێکی مێپس دیدارێکی تایبەتی هەبوو و کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیدار بە کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی داهاتووی بەغدای خستە بەر باس.
ڕۆژی چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 20254، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست ڕایگەیاند: دەستووری عێراق بە ڕوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای ڕوون کردووەتەوە کێشەی سەرەکیی ئێستای عێراق جێبەجێ نەکرانی دەستورە. هەر بۆیە ئەم بابەتە لە پێکهاتنی حکوومەتی داهاتووی عێراق، لەگەڵ لایەنە عێڕاقییەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
مەسرور بارزانی گوتیشی سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی پارتی لە خەبات و قوربانیدان و ڕاستگۆبوونی لەگەڵ خەڵک و بەدەست هێنانی متمانەی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی.
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
مەسرور بارزانی لەسەر چۆنێتیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و چۆنێتیی دابەش بوونی دەسەڵاتەکان ڕایگەیاند: “ئەگەر دەسەڵاتەکان وەک خۆی دابەش بکرایە هەر لە سەرەتاوە کێشە دروست نەدەبوو. لە بابەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور ڕێک بخەینەوە و چاکیان بکەین. دەستوور بەڕوونی وتوویەتی ئەم پەیوەندییانە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ وحکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبی چۆن بێ”.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا “ئیستا ئاڵۆزن و هەن چونکە هەر کام لەو کێشانە دەبوو بە گوێرەی مادەیەکی دەستوور چارەسەر بکرایە. بۆ وێنە ناوچە کێشەلەسەرەکان تا ئێستاش یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە. بابەتی وزەش ئاڵنگارییەکی دیکەیە. دەبوو یاسای نەوت و غاز هەبێت”. ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر و دوای پەسند کرانی دەستوور دەبوو ئەم یاسایە دەربچێت. بەڵام ئێستا بەغدا پشتی بە یاسایەک بەستوور کە لە حکوومەتی پێشوو بۆی ماوەتەوە و بۆ ئێستا و بۆ سیستەمێکی فیدراڵی گونجاو نیییە”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: “بابەتی بودجە بابەتێکی دیکەیە کە دەبێ بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بکرێت. دەبێ وەک ناوچەیەکی فیدراڵی و دەستووری، حکوومەتی فیدراڵی بۆی نییە دەستوەردان بکات و بچێتە ناو وردەکاریی بابەتی ئابووریی هەرێمی کوردستان”.
سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانیی کابینەی نۆیەم و چۆنێتیی بەڕێوەبەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی: “کاتێک کە تۆ خۆت بۆ ئامانجەکەت تەرخان دەکەی و سەیری خەڵکی خۆت دەکەی ئەوان دەبنە ئامانجی سەرەکیی تۆ؛ ئەوانە ئەو کەسانەن کە تۆ دەبێ خزمەتیان بکەی. ئەوکاتە بەڕێوەبردن و حکوومەتداریی باش ئاسان دەبێت”.
سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
مەسرور بارزانی سەبارەت بە هۆکارەکانی سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەدەست هێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دەنگ وتی: “من پێم وایە لەم هەڵبژاردەنەدا خەڵک دەنگی بە خزمەتگوزاری دا. حزبەکەی من هەموو کات ویستوویەتی خزمەتی خەلکی کوردستان و دۆزی کوردستان بکات. هەموو خەڵکی کوردستان نەک تەنیا خەلکی کورد. خزمەتی هەمووانی کردووە. پارتی دیموکراتی کوردستان چەترێک بووە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە کوردستاندا دەژین”.
جەختیشی کردەوە چەند هۆکارێکی تریش بۆ ئەو سەرکەوتنە هەن: “یەکێک لەوانە ئەو شۆڕشە دوور و درێژەی پارتی بووە کە ڕاستگۆ بووە لەگەڵ ئامانجەکانی و پێکەوەژیان و متمانەی خەڵک لە نەتەوەی جیاواز و بە ئایینی جیاوازەوە کە باوەڕی تەواویان بە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە بە هۆی سەرکردایەتییەکەیەوە”.
گوتیشی: “بابەتێکی دیکە خزمەتگوزارییە کە پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرۆکوەزیرانەکەی ئەجێندای پارتی پیادە دەکات. کارەبای 24 کاتژمێری و بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی و دامەزراوە دارایی و بانکییەکان و بنیادنانی ژێرخانی ڕێگاوبان و ەربەرهێنان لە کەرتی پەروەردە و کەرتی تەندروستی و دابینکردنی خزمەتگوزااریی زیاتر و لابردنی ڕۆتینات و … وای لە خەڵک کردووە کە زۆر مورتاحتر بن کە کاروباری ڕۆژانەی خۆیان پەیڕەو بکەن”.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەو پەیوەندییەی حکوومەت توانیویەتی دروستی بکات و ئەو متمانەیەی لە نێوان خۆی و خەڵک دروستی کردووە و ڕاستگۆیی بەرانبەر ئەو بەڵێنەی داوێتی بە خەڵک، وای کردووە لە کۆتاییدا خەڵک تێبگات ئێمە تەنیا بەڵێنمان نەداوە بەڵکوو ئێمە بەجێمان گەیاندووە”.
ئایا هەڵبژاردنی عێراق هاوکار دەبێ سەقامگیریی سیاسی بەدەست بێنێت؟
سەبارەت بە ئەنجام و دەسکەوتەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ عیراق مەسرور بارزانی گوتی: “من پێم وایە هەڵبژاردن سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ هەموو عێراق. پڕۆسەکە و چۆنێتیی بەڕێوەچوونی ئەویش سەرکەوتوو بوو. بەڵام کێشەیەکی گەورە هەیە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن. یاسای هەڵبژاردن دادپەروەرانە نییە. هەرچەند ئەنجامەکان دەرچوون و هەموومان دەزانین چەند کورسیمان بەدەست هێناوە. ئەگەرچی دەرئەنجامەکان زۆر باش بوون لە کوردستان بەڵام یاساکە نادادپەروەرانەیە.
مەسرور بارزانی جەختی کردەوە پارتی لەسەر ئاستی عێراقدا حزبی یەکەمە و وەک حزب لە هەموو لایەنەکانی دیکە زیاتر دەنگی هێناوەتەوە. وەک نموونە ئاماژەی بە دەنگی چەند لایەنێکی دیکە کرد و گوتی: “هاوپەیمانی هەن کە چەند حزبێک پێکەوە هێندێک دەنگیان لە ئێمە زیاترە. بەڵام ئەگەر سەیری ژمارەی کورسییەکان بکەی کە ئێمە بردوومانەتەوە بەراوەردیان بکەی، گونجاو نییە لەگەڵ ئەو دەنگانەی ئێمە هێناومانە. هاوتا نییە. یەکسان نییە. بۆ ئەوەی وردتری بکەمەوە بە زیاتر لە ملیۆنێک و سەد هەزار دەنگ ئێمە 27 کورسیمان بەرکەوتووە. بەڵام دەوڵەتی یاسا هەیە کە 400 هەزار دەنگیان لە ئێمە کەمترە بەڵام 29 کورسییان هێناوە. سادقوون هەیە کە 608 هەزار دەنگیان هێناوە بەڵام وەکوو ئێمە 27 کورسییان هەیە. بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو هەڵبژاردنە دادپەروەریی تێدا نەبوو. ئەوە نەیتوانی ئەو کورسییانە بۆ ئێمە دابین بکات کە خۆمان دەمانویست و دەنگمان پێ دراوە”
سەرۆکی حکوومەت هیوای خواست “بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەم یاسایە بگۆڕدرێ و هەموو کەس بە دادپەروەری و بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت”.
پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی پشتیوانی لە کام کاندید دەکات
سەبارەت بەوەی بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە بەغدا پارتی لەگەڵ کام لایەن پێک دێت و پشتیوانی لە کام کاندید دەکات مەسرور بارزنی گوتی: “ئێمە ڕێز لە هەموو کاندیدەکان دەگرین. ئەوە بابەتی شەخسی نییە. ئەوە پەیوەندیی دەستوورییە لە نێوان هەولێر و بەغدا. لە هەڵبژاردنی پێشوو ئێمە باسمان لەوە دەکرد کە حکوومەت چۆن پێک بێ و داهاتووی وڵات چۆن بێ. ئێمە ئەمجارەش چاومان لەسەر ئەجێنداکەیە”
مەسرور بازانی جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی هەموو ماددەکانی دەستوور مەرجی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی و گوتی: “هەر لایەنێک بیهەوێ لەگەڵ ئێمە هاوبەشی بکات و ببینە بەشێک لە حکوومەت، مەرجی ئێمە ڕوونە، ئێمە دەمانەوێ بە تەواوی دەستوور جێبەجێ بکرێت و بێ ئەوەی هەندێکی هەڵبژێرێ و هێندێکی جیبەجێ بکات”.
جیاوازییەکان و یەکانگیریی هەولێر و بەغدا
سەبارەت بەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر چ خاڵێک جیاوزییان هەیە و لەسەر چ بابەتێک یەکانگیرن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “دەبێ حکوومەت هی خەڵک بێ، دەبێ بەرەو پێش بچێ، سەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی هەبێ، دەبێ یاسا سەروەر بێ. ئێمە ناتوانین لەگەڵ وڵاتێک بەردەوام بین کە بەردەوام پێشێلکاریمان بەرامبەر بکرێت و ڕێزمان نەگیرێت. پێم وایە گەورەترین داواکاری و پێویستی بۆ وڵات دەستوور خۆی نییە. دەستوور هەیە بەڵام میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەم دەستوورە نین. هەر ئەوانەی دەستوور پێشێل دەکەن بە بەرپرسیار نازانرێن. ئێمە دەمانهەێ دڵنیا بینەوە ئەو دامەزراوانەی هەن، هەر کەس دەستووری پێشێل کرد بە بەرپرسیار بزانرێ و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت. پێم وایە ئەمە خالی دەستپێکە بۆ ئەوەی بچینە پێشەوە و دەمانەوێ هەر ئەوەش بکەین”.
بۆچی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم دوا کەوت؟
مەسرور بارزانی سەبارەت بە دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: “بە داخەوە دوای ساڵێک لە هەڵبژاردن حکوومەتمان پێک نەهێناوە لە کوردستان. پێم وایە هەمووان شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن کە خواستی ئێمە، حیزبەکەم و خۆم ویستوومانە دەستبەجێ دوایە هەڵبژاردنەکان حکوومەت پێک بێت. بەڵام حکوومەت دەبێ گشتگیر بێت. ئێمە لەگەڵ هەموو حزبەکان قسەمان کردووە تەنانەت ئەوانەش وا کوردسییان کەم بووبێ ویستوومانە بێنە ناو حکوومەت. هێندێک لەو حزبانە ویستوویانە ببنە ئۆپۆزیسیۆن. ئێمە ڕێزیان لێ دەگرین و ڕێز لە بژاردەکەشیان دەگرین. بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئیستا لە حکوومەتدایە و بەشێکە لە کابینەی نۆیە، هیوادار بووین لەگەڵ ئەوان زۆر زووتر حکوومەت پێک بهێنین بەڵام بە داخەوە نەکرا.
سەبارەت بە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش گوتی: “سەرەتا شتەکان زۆر باش دەچوونە پێشکەوە و تیمێکی زۆر کارامان هەبوو بۆ دانوستان؛ کە ئەجندای حکوومەتیشیان پێ بوو کە زۆر گرنگ بوو بۆ پێکهێنانی حکوومەت. ئێمە ئەو داواکاری و پێداویستییانەی هەبوون و ئەوەی ئەوان داوایان کردبوو، ئەو ئەجێندا هاوبەشەی بۆ پێکهێنانی حکوومەت، زۆر بە باشی چووینە پێشەوە بەڵام کە هاتە سەر پێگەیان و پۆستەکان ئەو کاتە یەکێتی داوای هێندێک پۆستی دەکرد. با بە ڕوونی پێت بڵێم، تۆ ئەگەر ڕێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نەگری بۆچی هەڵبژاردن دەکەی؟ لە هەڵبژاردندا یەکێک دەباتەوە، ئەوەی دیکەش من ناڵێم دۆڕاوە بەڵام دەنگی کەمتری هێناوە. ئەمە پرۆسەیەکی تەواو دیموکراسییە. بەڵام بە گوێرەی قەبارەی هەر حزبێک دەبێ ڕێز بگری لە پێکهێنانی حکوومەت. دەبێ ڕەنگدانەوەی دەرئەنجام و سەرکەوتنی هەر گرووپێک بێ.”
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: “پارتی زۆر نەرمیی نواندووە و زۆر بەخشندە بووە. پۆستی زۆر زیاتری داوە بە یەکێتی بە گوێرەی ئەو دەنگانەی هێناویانەتەوە. ئەوان هێشتا داوای زیاتریان دەکرد. لە سەرکردایەتیی ئێمەوە وتوویانە ئێمە زیاتر لەوە ناتوانین بەخشندە بین و نەرمی بنوێنین. بە گوێرەی ئەو دەنگانەی هێناویانە قەت ئەو کورسییانەیان بەر نەدەکەوت. دیسان جارێکی دیکە نەیانویست حکوومەت پێک بێ و نەهاتنە پێشکەوە. بەڵام ڕوون بوو نەیانویست حکوومەت پێک بێ تا هەڵبژاردنی عێراق تەواو دەبێ.”
مەسرور بارزانی سەبارەت بەو بارودۆخە نوێیەی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووەتەوە ئاراوە گوتی: “پێم وایە هەڵسەنگاندنی هەڵەیان کردبوو لەوەی کە پارتی لاواز دەبێ لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، ئەوکاتە ئەوان لە پێگەیەکی باڵاترەوە دانوستان لەگەڵ پارتی بکەن. هۆکارەکەی هەرچی بوو ئەوان دەبێ ڕوونی بکەنەوە. بەڵام تا ئیستا حکوومەت پێک نەهاتووە. بەڵام دەبێ ئەم خاڵەش ڕوون بکەمەوە. لە هەڵبژاردندا ڕوونمان کردووەتەوە ئێمە نەرم بووین، بەخشندە بووین، چونکە ویستوومانە هەموو کورد ئەکگرتوو بێ بۆ ئەوەی لە دانوستانەکاندا بەهێز بین بەرانبەر بە بەغدا، بەڵام ئەگەر پیش هەڵبژاردن حکوومەت پێک نەهات، ئەوکاتە دۆخەکە دوای هەڵبژاردن جیاوازە. ئەمرۆ دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دڵنیاییەوە دۆخەکە گۆڕاوە. بۆیە ئێمە دانوستانەکان لەسەر ئەم قۆناغە نوێیە دەست پێ دەکەینەوە.”
ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان کاتییە یا جێگیرە؟
مەسرور بارزانی سەبارەت بە پرسی هەناردە کردنی نەوتی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا هەیە کاتییە و چارەسەری یەکجاری ئەوەیە یاسای نەوت و غازت هەبێ لە عێراقدا. تا ئەو یاسایە نەبێت، هەر ڕێککەوتنێک دەبێتە ڕێککەوتنی کاتی”
گوتیشی لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان هەموو لایەک زیانمەند بوون و بە تایبەتیش کوردستان زیاتر زیانی بەر کەوت و قەرەبووش نەکراوە. جەختیشی کردەوە هیچ کەس براوە نەبوو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی گوتیشی: “بە بۆچوونی من ئەوە بڕیارێکی سیاسی بوو راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان. هیوادارم بەغدا تێگەیشتبێ کە باشترین ڕێگا ئەوەیە ڕێز لەو ڕێککەوتنە کاتییە بگرێ و بەردەوام بێ تا پەسند کردنی یاسای نەوت و غازی عێراق.”
مەسرور بارزانی سەبارەت بە نیگەرانییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاگرتنەوەی دووبارەی هەناردەی نەوتی کوردستان گوتی: “هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێمە ڕابگرن، بەڵام ڕایانگرت. چ رێگرێک هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە راینەگرنەوە. ئێمە نیگەرانین بەڵام هیوادارم جارێکی دیکە کاری وا نەکەن و تێگەیشتبن بە هەناردەی نەوتی کوردستان، پارەی زیاتر دێتە ناو وڵات، ئەو پارەیە نایەتە لای ئێمە. دەچێتە حکوومەتی فیدراڵ و دواتر دێتە لای ئێمە”.

