رۆژنامەی ھەولێر

مەزڵووم عەبدی: سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکیی لە پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و پڕۆسەی ئاشتیی باکووری کوردستان هەبووە

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان 15 ساڵە پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکیی لەم پشتیوانییەدا هەبووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەم، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان پشتیوانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بووە و پازدە ساڵە پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.

عەبدی جەختیشی کردووە سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکیی لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان گێڕاوە و هەروەها لە بواری یەکێتیی هێزی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە گوتیشی پێمان وایە ئەم پشتگیرییانە زیاتر لە جاران بەردەوام دەبن.

مەزڵووم عەبدی گوتیشی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و داوای کرد هەرێمی کوردستان و کوردانی باکوور و دیاسپۆرا لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریای نوێ و گەشەکردنی ئابووریی سووریا ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن.

جەختیشی کردەوە لەم سەردەمەدا کورد دەتوانن ببنە فاکتەرێکی گرینگ بۆ گەشەی ئابووری و ئارامی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.