سلێمان تاشان – ههولێر
دوای هەفتەیەک لە بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لایەنە سیاسییەکان و حزب و هاوپەیمانەکان کە سەنگ و قورسایی خۆیان لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق زانیوە خەریکە دەست بە دانوستان و جووڵە دیپلۆماسییەکانیان دەکەن. کۆڕبەندی ئەمڕۆی زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک لەبارەی ئاسایش و ئاشتی، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی دادگای فیدراڵی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و سیاسەتمەدار و کەسایەتیی جیاوازی سیاسی و ئەکادیمی تێیدا بەشدارن، بە یەکەم وێستگەی دیدارە دیپلۆماسییەکان بۆ ئەو مەبەستە هەژمار دەکرێت.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن چاوەکان لەسەر ماڵی شیعە و ئەو لایەنەیە کە زۆرترین کورسیی لەچاو هێز و لایەنەکانی تری هەمان پێکهاتە مسۆگەر کردووە و محەمەد شیاع سوودانی کە لەو پێکهاتەیە زۆرینەی کورسییەکانی بردووەتەوە حەز دەکات ویلایەتەکەی درێژەی پێ بدرێت. بەشێک لە میدیاکانی ناوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەندێک میدیای جیهانی باسیان لەوە کردووە کە یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانی محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان دانوستان و دیپلۆماسییە بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
سوودانی لە کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیی زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک میوانداری کراوە و هاوکات نوێنەری لایەنەکانی سوننە و شیعە و سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تر ئامادەن جگە لەوەی لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش هەر لەو کۆڕبەندە ئامادەن و وتار و پانێڵیان دەبێت.
محەمەد شیاع سوودانی دەبێت لە دوو ئاراستەی عێراقی و شیعی دەست بە دانوستانەکانی بکات. چونکە دامەزراندنی حکوومەتی عێراق بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتان بە ئاسانی یەکلایی نابێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ناکۆکییەی لە ناوخۆی هەر سێ پێکهاتەی شیعە و سوننە و کورد و ئەو ناکۆکییانەی لایەنەکانیش بەرانبەر یەکتر هەیانە هەنگاونان بۆ دامەزراندنی حکوومەت کارێکی ئاسان نابێت.
چاوەڕوانییەکان بۆ پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی حکوومەتی داهاتوو چ لە ڕوانگەی کورد، چ لە ڕوانگەی عێراقییەکان و چ لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جیاوازە لەو چاوەڕوانییانەی لەرابردوودا بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەبوون و بۆیەش ساغبوونەوە لەسەر کەسێک کە هەموو ئەو چاوەڕوانییانە بەدی بهێنێت ئاسان نییە.
لەبەر ئەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران پشکی شیعەیە هەنگاوی یەکەم ئەوەیە شیعەکان خۆیان لەسەر هاوپەیمانییەک ساغ ببنەوە و کاندیدی خۆیان دەستنیشان بکەن.
لە هەڵبژاردنی ڕابردوود ماڵی شیعە بەسەر دوو لایەنی سەدر و لایەنەکانی تر دابەش ببوو کە دواتر لە ژێر ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆ بوونەوە. ململانێی ناوخۆی شیعە ماوەی چەند مانگێک درێژەی کێشا و بە پاشەکشەی سەدر و چۆلکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی گرێکوێرەکە کرایەوە.
ئەم جارە سەدر ڕاستە هەر لەدەرەوەی ململانێیەکە ماوەتەوە و تەنانەت هەڵبژاردنیشی بایکۆت کردبوو بەڵام ئەوەی لە گۆڕەپانەکەدا هەیە بەسەر دوو لایەندا دابەش بووە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ڕاستیدا هاوئاهەنگ نییە و دیار نییە سوودانی دەتوانێت زۆرینەی ناو ماڵی شیعە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە یان نا کەسێکی تر لەو پێکهاتەیە هەڵدەتۆقێت و سوکانی دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت.
راستە سوودانی زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستەوەیە بەڵام ئەو زۆرینەیە تەنانەت ناگاتە پەنجا کورسی کە مەدوایەکی زۆری لەگەڵ زۆرینەی پەرلەمانیدا هەیە.
بڕیار بوو شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان ساز بکەن بەڵام دیار بتوانن پارێزگاری لە هەمان چوارچێوەی جارانیان بکەن. لە ناوخۆی شیعە کەم نین ئەوانەی دژی ئەوەن سوودانی بۆ گەڕێکی تر ببێتەوە سەرۆک وەزیران.
ئەو لایەنە یان کەسەی دواجار لە نێو ماڵی شیعە بەسەر هەموواندا زاڵ دەبێت و زۆرینەی لە پشت دەبێت دیسان بە تەنیایی ناتوانێت هەنگاو بنێت چونکە بە بێ ڕازیکردنی زۆرینەی کورد و سوننە ناتوانێت هەنگاو بهاوێژێت.
لە کۆڕبەندی زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک پێدەچێت یەکێک لە سەرەکیترین تەوەرەکان کە لە وتار و پانێڵەکاندا قسەی لەبارەیەوە بکرێت، دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق بێت.

