رۆژنامەی ھەولێر

پارتی لەسەر بنەمای سازان، هاوسەنگی و ھاوبەشی بەشداری لە حکوومەتی داهاتووی عێراق دەکات بەبێ کورد پێکهێنانی حکوومەتی عێراق سەرناگرێت

ڕائیب جادر – هه‌‌ولێر

دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی لە چەند ڕۆژی داھاتوودا چاوەڕوان دەکرێت قۆناغێکی نوێی سیاسیی لە عێراق دەست پێ بکات. شرۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن، خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە متمانەی بەو لایەنە دایەوە کە بەرگری لە مافەکانی ئەوان دەکات و دەستکەوتی زیاتر بە دەست دێنێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بەبێ کورد پێکھێنانی حکوومەتی عێراق سەرناگرێت.

پارتی سەدەیەکە لە پێناو ئامانجەکانی گەلی کورد خەبات و تێکۆشان دەکات، دەریایەک خوێنی داوە بۆ ئەوەی گەلی کورد بە ئازادانە بژێت و بە مافەڕەواکانی خۆی شاد بێت، بۆ دووبارەنەبوونەوەی خیانەت و سەرکەوتنی کوردستان و گەیشتنیان بە ئامانجە ڕەواکانی خۆیان، خەڵکی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم دەنگیان بە پارتی دا.
بە وتەی چاودێرانی سیاسیی، عێراقی نوێ لەسەر ھەر سێ بنەمای سازان، ھاوسەنگی و ھاوبەشی دامەزراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لەژێر ئەو دروشمانە بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کرد. بەبڕوای شرۆڤەکارانی سیاسی، بەشداری پارتی لە حکوومەتی نوێی عێراق بۆ خەڵکی کوردستان گرنگە، ئەگەر پارتی بەھێزەوە لە بەغدا نەبێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پەراوێز دەخرێن، چونکە پارتی سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان ناکات و دەتوانێت دەستکەوتی زیاتری نەتەوەیی و نیشتمانییش بۆ خەڵکی کوردستان بە دەست بێنێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، دەبێت لایەنە کوردستانییەکان کار لەسەر ھاوپەیمانی کوردستانی بکەن، وەکو ئەوەی لە خولەکانی ڕابردوو ھەبوو، ھاوپەیمانیەتییەک کە بەرگری لە جێبەجێ کردنی دەستوور بکات.
بەرەڤان نەوزاد، شرۆڤەکاری سیاسی لە دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ئاشکرای کرد: ھێزە کوردستانییەکان ئەگەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانیان بوێت، پێویستە یەکڕیز و یەکگرتوو بن، چونکە حکوومەتی ئیتحادی بەردەوام خۆی دزیوەتەوە لە جێبەجێکردنی دەستوور، بۆیە دەبێت ھێزێک بەرامبەر بە ھەموو ئەو پێشێلکارییانە بوەستێتەوە، ئەگەر ھەموو لایەنەکان یەکگرتوو بن بەغدا ناچار دەبێت دەستوور جێبەجێ بکات و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات.
ئەو شرۆڤەکارە، گوتیشی: پێکھێنانی ھاوپەیمانی کوردستانی لەو ھەموو حزب و لایەنانەی کە کورسییان بە دەستھێناوە، شتێکی گرنگە، چونکە کاتێک کە ھاوپەیمانی کوردستانی ھەبوو ڕاستە نەیان توانی ھەموو مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنن، بەڵام توانیویان ڕێگری بکەن لەو ھەموو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێن، لە خولی ڕابردوو بە حوکمی نەبوونی یەکڕیزی و پەرش و بڵاوی کورد وای کرد نەتوانرێت ڕێگری لە پێشێلکارییەکان بکەن.
د. نەجمەدین حەسەن، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: زۆر پرسیار لەوە دەکرێت، بۆچی پارتی دەیەوێت بەھێزەوە لە بەغدا بێت، دوای ٢٠ ساڵ دەستووری عێراق جێبەجێ نەکراوە، پارتی دەچێتەوە بەغدا بۆ بەرگری کردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێ کردنی دەستوور، ئەگەر لە ڕابردوودا دەستوور جێبەجێ کرابایە، عێراق توشی ئەو کێشە و ئالۆزیانە نەدەبوو کە ڕووبەڕووی دەبوونەوە، بۆیە پارتی ئەمجارە زۆر تەئکید لە جێبەجێ کردنی دەستوور دەکاتەوە، بەجێبەجێ کردنی دەستوور تەواوی گەلانی عێراق بە مافەڕەواکانی خۆیان دەگەن، ھەر بۆ ئەوەش پارتی بەشداری ھەڵبژاردنی کرد.
ئەو شرۆڤەکارە، گوتیشی: ئەگەر تەماشای ئەنجامی ھەڵبژاردن بکەین، خەڵکی کوردستان ھەڵسەنگاندنێکی باشیان کرد بۆ ھەر ھێزێکی سیاسی کە لە کوردستانە، کێ خزمەت و بەرگری لە خەڵکی کوردستان دەکات، دەرئەنجامەکانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە کە پارتی ئەو ھێزە سەرەکییە کە توانیویەتی بەرگری لە کوردستان بکات، ڕێگە نەدات دوژمن خاکی کوردستان داگیر بکات، لەڕووی ئاوەدانییەوە توانیویەتی خزمەتێکی باشی کوردستان بکات، ھەلی کاری بۆ گەنجان ڕەخساندووە، ئەمن و ئاسایشی بەرقرار کردووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە پارتی خەمخۆری خەڵکی کوردستانە.