سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێری پایتەخت، بەردی بناغەی پرۆژەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ دادەنێت، دوای پاککردنەوەی ئاوەکە، بۆ چەندین مەبەستی گرنگ بەکاردەهێنرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەم، وا بڕیارە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پرۆژەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر دابنێت.
پێشتر پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندبوو، پڕۆژەکە توانای پاککردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی بەفیڕۆچوو و ئاوەڕۆی لە ڕۆژێکدا هەیە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، دوای پاککردنەوەی ئاوەکە، بۆ چەندین مەبەستی گرنگ بەکاردەهێنرێتەوە، لەوانە: ئاودانی پرۆژەی ستراتیژیی پشتێنەی سەوزایی، ئاودانی پاركەکان، بەکارهێنان لە کارگەکان و ئاودانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
هەروەها ئەم پرۆژەیە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی ئاوی قورسی هەولێر دابین دەکات و سوودێکی گەورەی ژینگەیی و ئابووریی بۆ شارەکە دەبێت.

