ڕائیب جادر – هەولێر
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق گۆڕانێکی سەرنج ڕاکێشی بەخۆیەوە بینی، پارتی توانی کورسییەکی قەزای خانەقین بباتەوە و بۆ یەکەمجار نوێنەرایەتی ئەو قەزایە و پارێزگای دیالە بکات. ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم دەنگی کورد زیاد بووە، لە کۆی ١٤ کورسی بۆ کورد، پارتی ٨ کورسی بردووەتەوە. بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، دەڵێت: دەنگی پارتی لە سنووری دیالە زیاد بووە.
نازک ئەحمەد توانی بە ٧٩٢٥ دەنگ کورسی خانەقین بۆ خۆی و پارتی مسۆگەر بکات، بەوەش دەبێتە پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، ئەو بەربژێرە سەرکەوتووەی پارتی بۆ پەرلەمان، دەڵێت: ئەو متمانەی خەڵکی خانەقین بە منی دا دەکەمە بەرپرسیارەت و دەخەمە سەر شانی خۆم و ئەوەی بە ئێمە بکرێت وەکو پارتی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خانەقین درێغی ناکەین.
خۆشی دەربڕینی لایەنگرانی پارتی دوای ئەوە دێت پارتی لە پارێزگای دیالە کورسییەکی بەدەستھێنا. نازک ئەحمەد، بەربژێری سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: زیاتر لە ٢٠ ساڵە خانەقین لە دووری دەستەڵاتی پارتی بێناز کەوتووە، ھیچ خزمەتگوزارییەکی پێ نەگەیشتووە، سەرجەم سێکتەرەکان داتەپیون، بۆیە وەکو نوێنەری خانەقین ئەو متمانەی خەڵک بە منی دا دەخەمە سەرشانی خۆم، وەکو نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو خەڵکە ئەوەی بە من بکرێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خانەقین و دەوروبەری درێغی ناکەم، بۆ ئەوەی شارەکە وەکو شارەکانی ھەرێمی کوردستان ئاوەدان بکرێتەوە.
کورسییەکەی پارتی بە کۆتای ژنان لەنێو لیستێکی عەرەبی بەدەستھاتووە، ھاووڵاتییانیش دەڵێن، ئەوەی خزمەت دەکات و کوردستان ئاوەدان دەکاتەوە و بەرگری لە مافەکانی ئێمە دەکات پارتییە، دەرچوونی کاندیدی پارتی لە خانەقین وا دەکات پارتی زیاتر گرنگی بە ناوچەکانی ئێمە بدات، بەتایبەتی ناوچە کوردنشینەکان، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە کە ئاوارە بوونە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و خزمەت بکرێت.
لە دوای خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمە دووەمین جارە بەربژێری پارتی لە پارێزگای دیالە بۆ پەرلەمانی عێراق سەردەکەوێت. کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ١٤ کورسی بە دەستھێناوە، ٨ بۆ پارتی و ٦ بۆ یەکێتی. ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دەنگی پارتی لە سنووری دیالە زیاد بووە، لە ئەمڕۆ بە دواوە دەبێت زیاتر خزمەتکاری میللەتی خۆمان بین، خزمەتکاری گشت دانیشتووانی سنووری پارێزگای دیالە بین، نوێنەرەکەی ئێمەش نوێنەری گشت پێکھاتەکانی سنوورەکەیە.

