رۆژنامەی ھەولێر

ئەم هەڵبژاردنە سەلماندی پارتی جێی متمانەی گشت پێکهاتەکانی عێراقە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی بووە حزبی ملیۆنی و زیاتر، زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان بانگەشەکەیان دژایەتیکردنی پارتی بوو، متمانەی کوردستانیان بە پارتی و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پڕۆژەکان، شەڕی مافە دەستوورییەکان ھۆکارن کە دەنگەکانی پارتی زیادیان کردووە. ھەروەھا جەختکردنەوەی بەردەوامی پارتی لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ زۆر لە ھاووڵاتییان خاڵێکی جێی بایەخ بووە، بۆیە دەنگیان بە پارتی داوە.

پارتی حزبی ملیۆنی و زیاتر
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی دەنگدانی تایبەت، ملیۆنێک و حەفتا و نۆ ھەزار و سەد و سی و دوو دەنگی بەدەستھێناوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١، ژمارەی دەنگەکانی پارتی نزیکەی حەوت سەد و ھەشتا و یەک ھەزار دەنگ بوون.
پارتی لەم ھەڵبژاردنە توانی کورسیی پەرلەمانی لە دھۆک ٩ کورسی، ھەولێر ٩ تا ١٠ کورسی، سلێمانی ٢ کورسی، مووسڵ ٦ کورسی، کەرکووک ١ تا ٢ کورسی، خانەقین ١ کورسی، سێ کۆتای کریستیان لە دھۆک، ھەولێر، کەرکووک، کۆتای ئێزدی لە مووسڵ، کۆتای فەیلی لە کوت بباتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە چاودێران پێیانوایە ئەگەر ئەو دەنگانەی پارتی لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان ھێناویەتی، لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بیھێنابایە، زیاتر لە ٤٥ کورسیی پەرلەمانی بە دەست دەھێنا.

ھەر پارتییە دەتوانێت مافەکانمان بپارێزیت
لەبەرامبەر ئەو متمانەی کوردستانیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەخشی، سەرکرایەتی پارتی، بەڵێن دەدات لە داھاتوودا زیاتر خزمەتی خەڵکی کوردستان و عێراق بکات، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھاووڵاتییان دواڕۆژی خۆیان لەناو پارتی دەبینەوە، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، ھەر پارتییە دەتوانێت مافەکانمان بپارێزیت و قەوارەی ھەرێمی کوردستان بە گەورەیی بھێڵێتەوە. نزمی میرۆ، ھاووڵاتییەکی دھۆکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانی پارتی بۆ ئێمەی ھاووڵاتییان ھۆکارێکی سەرەکییە کە وای کرد بە دەنگێک چاکەی پارتی بدەینەوە و بکەینە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.

خەڵکی کوردستان ئەرکی پارتییان قورستر کرد
یەکێک لە پیلانەکان لە دژی پارتی دروستکردنی قەیرانی دارایی بوو، بۆ ئەوەی لە دژی بەکاری بھێنن، بەڵام ئیرادەی سەرۆکی حکوومەت وای کرد نەک قەیرانەکە نەبێتە ھۆی پەکخستنی پڕۆژەکان، بەڵکو چەندین پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ کران. چاودێرانی سیاسی، ھۆکاری زیادکردنی دەنگەکانی پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە ھاووڵاتییان دەنگ بەو لایەنە دەدەن کە متمانەیان پێیەتی بۆ خزمەت و بەرگری کردن لە مافەکانیان. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو دەنگانەی کە پارتی ھێناویەتی جۆرێک لە جێگیر بوونی تێدایە، ئەویش کادیران و ئەندامان و لایەنگرانی خۆیەتی، ئەوەی کە زیادی کردووە شتێکی نامۆ نییە، ئەویش ئەوەیە لە ڕاستیدا بتەوێت یان نەتەوێت خەڵک خزمەتی دەوێت، خەڵک عەقلی لە چاویەتی ئەوەی کە دەبینێت لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار دەدات.
عەبدوڵڵا ماڵخۆ، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ھەوڵی چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پڕۆژەکانی پارتی و شێوازی بانگەشە و لەسەرووی ھەموویانەوە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی وای کرد پارتی ببێتە حزبی ملیۆنی و زیاتر، ئەمەش وا دەکات لە داھاتوودا کورد لە بەغدا بەھێزتر بێت.
ئەو چاودێرە، ڕوونیشیکردەوە، خەڵکی کوردستان ئەرکی پارتییان لە ‌بەرانبەر ھێنانی سەرووی یەک ملیۆن دەنگ قورستر کرد و پێویستە لەمەودوا کادیرانی پارتی ‌زیاتر بە ‌پشت بەستن بە ‌ڕێبازی بارزانی و ئامۆژگارییەکانی سەرۆک بارزانی، زیاتر خزمەتکاری خەڵک بن، خزمەتی زیاتری خەڵک بکەن و بە ‌نەرم و نیانی ھەوڵ بدەن لەگەڵ خەڵکدا تێکەڵ بن.
نەوزاد سەمەد، چاودێری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، پارتی پێویستییەکی خەڵکە، خەڵک بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، متمانەیان بە پارتییە، ئەمڕۆ ئەو سەروو ملیۆن دەنگە بۆ عێراق و جیھانیش دەریخست کە پارتی گەورەترین حزبی جەماوەریی عێراقە، ھەروەھا بۆ ھەمووانی دەرخست کە خەڵکی کوردستان پشتیوانی لەو حزبە دەکەن کە داکۆکی لە مافەکانیان دەکات، بە دڵنیاییشەوە ئەو متمانەیە وادەکات پارتی زیاتر لەسەر بەرگریکردن لە خەڵکی کوردستان مکوڕ بێت.
سەمەد، زیاتر گوتی: پارتی لە داھاتوو زیاتر دەتوانێت لەو ناوچانە گەشە بکات کە ھێشتا لەوێش زۆرینەی ڕەھا نییە، ئەوەش بە شێوەیەک دەبێت کە خەڵکی ئەو ناوچانە چاویان بکرێتەوە و خزمەت و خۆڕاگریی پارتی ببینن، ئەوکات لەژێر چەواشەکاری لایەنەکانی تر دەردەچن و بۆیان دەردەکەوێت کە تەنیا پارتی دەتوانێت بەرگریی لە خەڵک بکات و لە ھەمان کاتدا خزمەتیشیان بکات، بە گشتی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ئێجگار دڵخۆشکەرن و خەڵکی کوردستان سەلماندیان کە پشتیوانی لەو حزبە دەکەن کە خۆڕاگرە و خۆی ناچەمێنێت و بەرگری لە مافەکانی ئەوان دەکات.

پارتی لە نەینەوا سەرووی ٥٠ ھەزار دەنگی زیاد کردووە
نەوزاد ھادی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، گوتی: لە نەینەوا لە ھەموو شارۆچکە و شارەدێکانیەوە دەنگمان پێ دراوە، بەمەش لە پێشبڕکێیەکی قورسدا توانیمان لە دووەم گەورەترین بازنەی دەنگدانی عێراق، یەکەمی نەینەوا بین.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، گوتیشی: بە پێچەوانەی ھەندێک لایەن کە ھەوڵیان دەدا کێشە لە نێوان پێکھاتەکان دروست بکەن، پارتی بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیریی زیاتر، ھەم بەردەوام کاری کردووە بۆ قووڵکردنەوەی پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکانی نەینەوا، ھەم بەرنامە و گوتاری ھەڵبژاردنیشی بەم ئاراستەیە بوو، بەھۆی ئەم ھەڵوێستانە و ھەوڵە بەردەوامەکانیشمان لە بنیاتنان و پێشخستنی نەینەوا، پارتی بووەتە جێی متمانەی گشت پێکھاتەکانی پارێزگاکە.
باسی لەوەشکرد، ئەو ١٩٠ ھەزار دەنگەی لە نەینەوا بە دەستمان ھێناوە، تەنیا دەنگی کورد نییە، بەڵکو دەنگی عەرەب و شەبەک و ئێزیدی و تەواوی پێکھاتەکانی تری پارێزگاکەیە، پارتی لەم ھەڵبژاردنەدا، سەرووی ٥٠ ھەزار دەنگی بەراورد بە ھەڵبژاردنی پێشوو لە نەینەوا زیاد کردووە.
نەوزاد ھادی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، ئاماژەی بەوەش دا، ئەم متمانە زۆرەی خەڵکی نەینەوا، مایەی شانازیمانە و لە ھەمان کاتدا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورەش دەخاتە سەرشانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرانبەر بە خەڵکی نەینەوا، بۆیە دەبینە نوێنەری ڕاستەقینەی گشت پێکھاتەکانی نەینەوا لە حکوومەتی نوێی بەغدا و کاری لە پێشینەمان ئەوەیە لەڕێگەی نوێنەرانی پارتییەوە بودجەی زیاتر بۆ نەینەوا دابین بکەین، تا شوێنەواری گشت ئەو کاولکارییانەی بەسەر نەینەوادا ھاتووە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە بەتایبەتیش شنگال، بە ئاوەدانکردنەوە قەرەبووی بکەینەوە.