محمد لادێ – ههولێر
چەند ساڵێکە ئاستی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێم لە پێویستی ناوخۆ زیاترە، هەرچەندە، پەتاتەی هەرێمی کوردستان کوالێتییەکی بەرزی هەیە بەڵام بەشێک لە جووتیارانی کوردستان ڕێژەیەکی ئەوەندە زۆریان بەرهەم دەهێنا کە لە ناوخۆی هەرێم بۆیان ساغ نەدەکرایەوە و کێشەی ئەوەیان هەبوو کە بەرهەمەکەیان پارە ناکات و ناچار بوون بە بڕە پارەیەکی کەم لە بازاڕدا ساغی بکەنەوە. هەربۆیە چەند بازرگانێکی کورد بیریان لەوە کردەوە کە بە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکە هەناردەی دەرەوەی هەرێم بکەن کە جگە لە سوودی ماددی سوودێکی زۆری هەیە بۆ ناساندنی بەرهەمی کوردستان بە وڵاتانی دەرەوە.
وەک بەشێک لە پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەناردەکردنی پەتاتەی هەرێم بۆ وڵاتانی دەرەوە دەستیپێکردوە و بۆ قەتەر و ئیمارات، سعودیە، سوریا هەناردە دەکرێت. چونکە بەپێی پلانی کابینەکە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو ٢٠٠هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە زیادی کردووە و ئەمساڵیش گەیشتووەتە نزیکەی ٦٠٠هەزار تۆن کە داهاتەکەی بە ٥٠٠ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بە گوتەی بازرگانانی هەرێم، پەتاتەی هەولێر لە ئیمارات خواستێکی زۆری لەسەرە و تەنانەت لە پشکنینی ئەو وڵاتە لە پەتاتەی وڵاتی پاکستانی و میسر باشتر بووە و زۆر بەدڵیان بووە و لەلایەن کۆمپانیاکان و لە بازاڕی عەلوەی گشتی دوبەی پێشوازییەکی گەرمی لێ کراوە و داوایان لێ کردوون بەردەوام بن لە هەناردەکردنی ئەو جۆرە پەتاتەیە چونکە هەندێکیان پیشەسازین و بۆ بەرهەمهێنانی (فینگەر و چپس) بەکار دەهێندرێن. بۆیە بڕیارە ساڵانی دابێ ڕێژەیەکی زیاتر هەناردە بکرێت و ساڵانەش هەناردەکردن بەردەوام بێ.
ئەمساڵیش، بەپێی گرێبەستێک لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیماراتدا، بڕیارە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا شەشهەزار تەن پەتاتەی کوردستان هەناردەی ئیمارات بکرێت.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، قۆناغی یەکەمی هەناردەکردنی پەتاتە لە کوردستانەوە بۆ ئیمارات دەستی پێکرد و ١٠٠ تەن هەناردە کرا؛ بە پێی لێدوانی حاجی سابیر، خاوەنی کۆمپانیای هاوردەکار کە قسەی بۆ میدیاکان کردوە ڕایگەیاند “سێ جۆر پەتاتە هەناردەی ئیمارات دەکەن، کە لە سنووری پارێزگای هەولێر بەرهەم هاتوون، کە بۆ خواردن و چیپس و فینگر بەکار دێن”.
جێی باسە جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە، ٣٠ جۆر پەتاتەی جیاواز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنن، کە لەو رێژەیە، ١٠ جۆریان پیشەسازین و بۆ بەرهەمهێنانی (فینگەر و چپس) بەکار دەهێندرێن.
ئەوەی جێی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە چەندین بەرهەمی کشتوکاڵیدا گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی، لەوانە پەتاتە، گەنمەشامی، ئاروو (خەیار) و هەنار و چەندین سەوزە و میوەی دیکە.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ساڵیی٢٠٢٣ هەنگاوێکی گەورەدا بە فەرمی دەستی بە هەناردەکردنی پەتاتە بۆ بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرد و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە پەتاتە، هەریەکە لە بەرهەمەکانی هەنار، ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا، هەناردە دەکات.

