ڕائیب جادر – هەولێر
زیاتر لە ساڵێکە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستی پێ کردووە، لە چوار قۆناغی ڕابردوودا تاوەکو ئێستا لە ھەرێمی کوردستان بە ھەزاران فەرمانبەر پارچە زەوییان بەسەردا دابەشکراوە. بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ھەولێر، دەڵێت: بەپێی بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی تا یەک فەرمانبەر مابێت زەوی دابەش دەکەین.
لە ٢٧ـی ئاداری ٢٠٢٤، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەکە لە ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٤، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە، دوای ئەم قۆناغە لە ڕۆژانی داھاتوودا، تیروپشک بۆ ناوی ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت کە تاوەکو ئێستا لیستی ناوەکانیان ڕانەگەینراوە و دڵنیایی دا لەوەی سەرجەم فەرمانبەران لەم پرۆسەیەدا بە گوێرەی کارتی زانیاریی شوێنی نیشتەجێبوونیان، پارچە زەوییەکی ٢٠٠ مەتری وەردەگرن.
شوکریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ھەولێر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ١٥ ھەزار پارچە زەویمان لە سنووری، کەسنەزان، بنەسڵاوە، دارەتوو دابەشکرد و ھەفتەی پێشووش دوو ھەزار پارچە زەویمان لە سێبیران دابەش کرد، جگە لەوەی بە ھەزاران فەرمانبەر لە ھەولێر و شوێنەکانی دیکە زەوییان بەسەردا دابەشکراوە، دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی دوایین فەرمانبەر زەوی وەردەگرێت، لە قۆناغی پێنجەم و شەشەم ھەموو فەرمانبەران زەوی وەردەگرن کە تا ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە، بۆ ئەو مەبەستە فەرمانبەرانی ئێمە شەو و ڕۆژ کار دەکەن تا ھەموو فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
لە لایەکی دیکەوە بژار سەعید، شەرۆکی شارەوانیی سۆران، گوتی: شەش زۆنیان دیارکردووە بۆ ئەوەی دابەشی بکەن، کە زیاتر لە ٥٠٠٠ پارچە زەوی پێکدەھێنێت، ئێستا نزیکەی ٤٣٠٠ پارچە زەوی ئامادەیە بۆ دابەشکردن، بەڵام کێشەی موڵکداری لەسەرە، بەتایبەتی بەھۆی بوونی باخ لەسەر ئەو زەوییانە.
سەرۆکی شارەوانیی سۆران، جەختی لەوەکردەوە، تاوەکو کێشەی موڵکداری چارەسەر نەبێت، ناتوانن زەوییەکان دابەش بکەن و لەگەڵ ئیدارەی سۆران لە ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

