رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگارى هه‌ولێر، لەگەڵ ژوورى عه‌مه‌لیاتى پارێزگاى هەولێر کۆبۆوە

ئەمڕۆ سێشەمە 2025.11.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر بە ئامادەبوونی مەڕوان محەمەد نەجاڕ، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەمەبەستی چاودێریکردنی بەڕێوەچوونى پڕۆسەى دەنگدان، لە دیوانى پارێزگا، لەگەڵ ژوورى عه‌مه‌لیاتى پارێزگاى هەولێر کۆبۆوە. کە پێکهاتووە لە نوێنەرى سەرجەم لایەنە سیاسیە به‌شداربووه‌كانى هه‌ڵبژاردنى خولی شەشەمی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، لەگەڵ ده‌ستپێكردنى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان تا كۆتایى هاتنى پڕۆسه‌كه‌، لە پارێزگای هەولێر ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی هەرکێشە و ڕووداو و سه‌رپێچییەک ئەگەر له‌ بنكه‌كانى هه‌ڵبژاردن ڕووبدات.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە عەمید کامل محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و عەمید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناخۆی پارێزگا، بەشداربوون، پارێزگاری هەولێر دوای بەدواداچوون لەبارەی چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى دەنگدان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، تەئکیدى لەوە کردەوە، پڕۆسەکە بە شێوەیەکى باش و بەبێ کەم و کوڕی بەڕێوەدەچێت و هیچ گیرو گرفتێکى ئەوتۆى نەبووە شایەنی باسکردن بێت، تەنها چەند گرفتێکى تەکنیکى لە هەندێک شوێن ڕوویداوە، ئەویش بە سوپاسەوە لەلایەن کۆمسیۆنەوە زوو چارەسەرکراون.

ڕاشیگەیاند، خواستی هەموومان کوردستانێکی بەهێزە لە بەغدا، بۆیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گرنگە و ئومێد دەکەین ئەو هەڵبژاردنە ڕێڕەو و شێوازیی حووکمڕانی لە عێراق ڕاست بکاتەوە.