ڕائیب جادر – هەولێر
ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لە بواری ڕێگەوبان لە سنووری قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ کراون، لە داھاتووشدا کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی گرنگ جێبەجێ دەکرێن، ئەوەش وا دەکات ناوچەکە بووژانەوەیەکی باش لە بواری ڕێگەوبان بەخۆیەوە ببینێت.
ئەندازیار ڕزگار دۆلەمەری، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لەبواری ڕێگەوبان لە سنووری قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ کراون، پڕۆژەی ڕێگەی گوندی ھۆستان، ھەسنەکا و ڕیشە بە درێژایی ٩ کیلۆمەتر قیڕتاو دەکرێت، لە ھەمان کاتدا کۆڵانەکانی ئەو گوندانە کونکریت و قیڕتاو دەکرێن، ئەوەش بەدرێژایی ٧ کیلۆمەتر و پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە.
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، دەشڵێ: بۆ وەرزی زستان بەرنامەیەکی ڕێکوپێکمان داناوە و دەستمان کردووە بە خاوێنکردنەوەی ئاوبەر و خاوێنکردنەوەی تەنیشتەشانە و شۆلدەر و جۆگە و ڕێڕەوی ئاو، ئەوەش بۆ ئەوەیە کاریگەری لافاو و باران کەم بکەینەوە و یان نەھێڵین.
ئەندازیار ڕزگار دۆلەمەری، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، زیاتر دەڵێ: دەرخستەمان بۆ زۆر ڕێگەوبان کردووە، چونکە سنووری قەزای مێرگەسۆر لەڕووی ڕێگەوبان پێویستی بە خزمەتێکی زیاتر ھەیە، بۆ ئەو مەبەستە ھەوڵەکانی ئێمە بەردەوامن، بێگومان ئەو ھەموو پڕۆژانەش بە ھاوکاری و پاڵپشتی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی جێبەجێ دەکرێن، ھەروەھا سوپاسی غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر دەکەین کە ھاوکاری ئێمەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستمان کرد بە ڕەنینی ڕێگەی سەرەکی سۆران- مێرگەسۆر لە سنووری ناحیەی مەزنێ، بۆ ئەو شوێنانەی کە تێکچوونە، لەو شوێنانە ڕێگەکە قیڕتاو دەکرێتەوە، ئەوەش وەکو کار ئاسانییەک بۆ ھاووڵاتییان و شۆفێران کە بە ڕێگەکەدا ھاتووچۆ دەکەن.
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، زیاتر دەڵێ: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاتێک کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد مژدەی چاککردن و دروستکردنی چەندین ڕێگەی نوێی دایە خەڵک، ڕێگەی سەرەکی سۆران- مێرگەسۆر یەکێکە لەوە ڕێگانە و چاک دەکرێت، چونکە ئەو ڕێگەیە شاڕێگەیەکە بۆ سنوورەکە و کار ئاسانیەکی زۆر بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتییان دەکات.
ئەندازیار ڕزگار دۆلەمەری، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، ئاشکراشی کرد: پردی چامە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ سنووری قەزای مێرگەسۆر، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەین، چونکە ئەو پردەی کە پێشتر ھەبووە لەڕووی ئەندازەیەوە زۆر تێکچوو بوو، بە تەواوبوونی پردە نوێیەکە کار ئاسانیەکی باش دەکات بۆ ھاووڵاتییان لە ھەمان کاتدا ئەو گەشتیارانەی کە بە دەروازەی نێودەوڵەتی زێت ھاتووچۆ دەکەن، لە ھەمان کاتدا بەرنامەی ئێمە ئەوەیە کە زیاتر گرنگی بە ڕێگەی گوند و ئاوایەکانی سنوورەکە بدەین، لە ھەر شوێنێک پێویستی بە دروستکردنی ڕێگەی نوێ ھەبێت چاک بکەین، بۆیە لە داھاتوودا کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەی گرنگ لە بواری ڕێگەوبان جێبەجێ دەکرێن.

