ڕائیب جادر – هەولێر
فەرماندەیی لەشکری یەک و گوڵان، دەڵێت: داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم ڕۆژی ١١ـی ١١ بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بەو لایەنە بدەن کە جێگەی متمانەن، تاوەکو کوردستان ئاوەدانتر بێت.
دوێنێ، مەنسور بارزانی، فەرماندەیی لەشکری یەک و گوڵان، دوای دەنگدانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژژنامەوانیدا گوتی: من وەکو پێشمەرگەیەکی ھەرێمی کوردستان، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، لە ڕۆژی ١١ـی ١١ پێشمەرگە بن.
فەرماندەیی لەشکری یەک و گوڵان، ئاماژەی بەوەشدا، ھەر وەختێک ھەرێمی کوردستان پێویستی بە بەرگریی ھەبووبێت، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی بەرگریی کردووە، دەشڵێت: “ئەو ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانییەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە بەرھەمی خوێنی شەھیدان و ماندووبون و قوربانیدانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەیە.
مەنسور بارزانی، باسی لەوەشکرد، ھەرکات ھەرێمی کوردستان پێویستی بە بەرگریی پێشمەرگە ھەبووبێت، پێشمەرگە لەبەرەی پێشەوە بوو، ئەوکاتەی پێویستی بەدەنگی پێشمەرگەش بووبێت، دیسانەوە پێشمەرگە پێشەنگە و ئامادەیە بەباشترین شێوە بەشداریی بکات و بچێتە سەر سندووقی دەنگدان.
مەنسور بارزانی، فەرماندەیی لەشکری یەک و گوڵان، دەشڵێ: پێشمەرگە ئەو نوێنەرانەی خۆیان متمانەیان پێیەتی ھەڵیدەبژێرن، بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمانی داھاتووی عێراق، تاوەکو ئەو مافانەی ھەرێمی کوردستان کە لە دەستووردا ھاتووە و پێشێلکراوە بەدەستی بھێننەوە، پەیامیشم بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە لە ڕۆژی ١١ـی ١١ پێشمەرگە بن و دەنگ بەوانە بدەن کە متامنەیان پێیەتی.

