ئەمڕۆ یەكشەممە 2025.11.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە ئانتی بۆتکۆنێن، باڵیۆزی نوێی کۆماری فینلەندا لە عێراق کرد.
لە دیدارەكەدا، کە عەمید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا و ڕێکان زەکی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، پیرۆزبایی لە باڵیۆزى نوێی فینلەندا لە عێراق کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
پاشان گفتوگۆ لە بارەی بارودۆخی ناوچەکە بەگشتیی و بە تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرا و تیشك خرایەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرایەوە.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق ، دڵخۆشیی خۆی دەربڕی بە سەردانیکردنی بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەروەها سەقامگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و تیشکی خستە سەر میکانیزمی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەكەی و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرەوپێش ببات بە تایبەت لەو بوارانەی كە جێگەی بایەخی هەردوولان.
لەوبارەیەشەوە، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی گەل و حکومەتی فینلەندای کرد لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و هەروەها ستایشی رۆلی هێزەکانی وڵاتەكەی و هاوپەیمانانی کرد، لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و پێشکەشکردنی هاوکاریەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە رۆلی بەرچاووی هەبێت لە سەقامگیری عێراق. دواتر سەرجەم ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانە خستەڕوو کە لە ماوەی ساڵانى ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر سەرباری ئەو قەیران و دۆخە سەختەی دارایی هەبووە و ئەو زوڵم و ستەمەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراون.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، وێڕای ئەوەی هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی فراوانکردنی هاریکاری و پەیوەندى دووقۆڵی نێوانیان لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە، ئاماژە بە ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتی فینلەندا درا، كە ژمارەیەكی زۆریان لەو وڵاتە هەن، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری هەولێر ئومێدی خواست لە پێناو پتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە گشتیی و ڕۆشنبیری و هونەری و كلتووری و بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و کۆماری فینلەندا، كونسڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەولێری پایتەخت بكەنەوە.

