سلێمان تاشان – ههولێر
چارەنووسی گرووپە میلیشیاکانی عێراق دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن و حکوومەتی داهاتووی عێراق یەکلایان دەکاتەوە. لەناوبردنی ئەو گرووپانە جگە لەوەی کە داواکارییەکی سەرەکیی حکوومەتی ئەمەریکایە لە هەمان کاتدا زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەو گرووپانە بێزارن و بە لەمپەری سەرەکیی بەردەم گەشەسەندنی عێراق و ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانی هەژمار دەکەن.
لە نوێترین پەیامیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاو کراوەتەوە مارک ساڤایا نوێنەری تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق رای گەیاندووە ئەمەریکا پشتیوانی لە عێراقێک دەکات بێبەری بێت لە گرووپە میلیشیاکان و هیوای خواستووە عێراقی داهاتوو بەهێز و سەربەخۆ بێت.
ئەو ئاماژەی داوە بە خۆشییەوە خەڵکی عێراق وریا و بەتوانان و بە پێویستی زانیوە عێراق لە رێی ئەم هەڵبژاردنە گرینگەوە کە یازدەی مانگ دەکرێت پێگەکەی خۆی بەهێز و پتەو بکات.
داواکارییەکەی ساڤایا داواکاریی ئەمەریکا و ئەگەر بە رواڵەت ئامۆژگاری و داواکاری بێت ئەوا لە ناوەڕۆکدا سووربوونی ئەمەریکایە لە کۆتاییهێنان بەو گرووپانە و دەیسەلمنێت ئەمەریکا بە پێوەرەکانی رابردوو هەرگیز ئامادە نییە هاوکاری عێراق بکات.
ئەو گرووپانەی داوای لەناوبردنیان دەکرێ ژمارەیان زۆرە و هەژموونیان بەسەر دام و دەزگا ئەمنی سیاسی و ئابووریی و ئیدارییەکانی وڵاتدا هەیە و تا ئەم ساتە حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە بە راشکاوی هەنگاو لە دژیان بنێت لە کاتێکدا ئەوان لە سامانی گشتی دەخۆن و هیچ فەرمانێک لە حکوومەت وەرناگرن. خەڵک دەڕفێنن بێ ئەوەی حکوومەت لێی ئاگادار بێت و بەشێک لەو گرووپانە و فەرماندەکانیان چاو لە پێکهاتەکانی تر سوور دەکەونەوە و خەت و نیشان دیاری دەکەن و بە دڵی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن.
بەرپرسانی باڵای عێراق هەستیان بەوە کردووە کە ئەمەریکا لە پرسی گرووپە میلیشیاکان زۆر رژدە و سازش لەسەر مانەوەیان لە داهاتوودا ناکات.
دکتۆر فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەکانیان بکات بۆ حەدەسی عێراقی رای گەیاندووە کە شەش گرووپی میلیشیایی کە کەوتوونەتە لیستی رەش و قەدەغەکراوی ئەمەریکا، لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا بە هیچ شێوەیەک جێیان نابێتەوە .
ئەو پێی وایە بۆ پاراستنی پێوەندیی دیپلۆماسیی عێراق لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە ئەو خاڵە لەبەرچاو بگیرێت و نابێت هیچ بەربەستێک ببێتە رێگر لە بەردەم پێوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتان.
عێراقییەکان سەبارەت بە مانەوە یان لەناوبردنی گرووپە میلیشیاکان هەندێک بۆچوونی جیاوازیان هەیە و بەشێک لە بەرپرسان تەنانەت لە ئاستی سەرک وەزیرانی عێراق، هەڵوەشانەوە و کۆتاییهێنان بە گرووپە میلیشیاکانیان گرێ داوە بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و گوتوویانە هەر کاتێک هێزی ئەمەریکی لە عراق کشانەوە ئەوا گرووپەکانیش هەڵوەشاونەتەوە.
هەفتەی رابردوو بەرپرسێکی وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا بهرانبهر قسهكانی محهمهد شیاع سوودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق کە چەند جارێک هەمان قسەی دووپاتی کردووەتەوە ههڵوێستی وهرگرت و گوتی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاکان ئهركی سهرهكیی حكوومهتی عێراقه و هیچ پێوهندییهكی به مانهوهی هێزهكانی ئهمهریكا له عێراق نییه.
بهرپرسهكهی وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا ئاماژەی دابوو کە ئهوهی سوودانی گوتوویهتی تێكهڵكردنی دوو پرسی تهواو جیاوازه له یهكتر. هێزی ئەمەریکی لە چوارچێوەی رێککەوتننامە لەگەڵ حکوومەتی عێراق کار دەکەن و ئەرکەکەیان لە رابردوو و داهاتووشدا دیارە بەڵام ئەو گرووپانە تیرۆریستین و جگه لهوهی كه هیچ سوودێك به ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ناگهیهنن، هۆكارن له لاوازكردنی دهسهڵات و پێچهوانهی بهرژهوهندییهكانی گهلی عێراقن.
بە گشتی ئەمەریکییەکان هانی حکوومەتی عێراقیان داوە بە پراکتیکی بەرانبەر گرووپە میلیشیاکان هەنگاو بهاوێژێت چونکە بهردهوامیی ئهو گرووپانه ئاسایش و سهقامگیریی عێراق دهخهنه مهترسی و زیان به پێوهندییه نێودهوڵهتییهكانی عێراقیش دهگهیهنن.
هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانە دەکەونە سەر شانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و حکوومەتیش دەرەنجامی ئەو هەڵبژاردنە دەستنیشانی دەکات کە بڕیارە لە یازدەی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت. ئەگەر لایەنەکانی نزیک لەو گرووپانە زۆرینەی پەرلەمان بەدەستەوە بگرن ئەوا رەنگە بتوانن کێشە و قەیرانی نوێ بهێننە کایەوە و وا بە ئاسانی ملکەجی داواکارییەکانی ئەمەریکا نەبن و داوای ئیمتیاز بکەن و ئەگەریش شکست بێنن ئەوا عێراقی داهاتوو بێبەری دەبێت لەو گرووپانە کە لەناوچوونیان لە قازانجی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراقدایە و دەبێتە هۆکاری گەشەی عێراق لە سەرجەم رەهەندەکان.

