ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و نەناردنی مووچە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە پاساوی سیاسی لەپشتە و ستەمکردنە لە خەڵکی کوردستان.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاند، سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ئەرکە داراییەکانی لە پێناو دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران، ڕێباز حەملان، ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان داوە، 120 ملیار دیناری دیکە بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندنیی عێراق، ئەگەر بەغدا پێش هەڵبژاردن بڕیاری خەرجکردنی مووچەکە بدات، بەڵام بڕیارەکەی نەداوە.”
وتیشی؛ ئەوەی دەگوترێت قەیرانی دارایی هەیە ڕاست نییە، چونکە عێراق مانگانە هەشت ترلیۆن دینار بۆ مووچەی وەزارەتەکانی خەرج دەکات، لەکاتێکدا کۆی مووچەی هەرێمی کوردستان تەنها 960 ملیار دینارە، کە نزیکە لە بودجەی مووچەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تەنیا.”
ئەوەشی خستەڕوو؛ هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لەنێوان هەولێر و بەغدا نەماوە و لیستی مووچە و میزانی پێداچوونەوە ڕەوانە کراون. ئەوەی لە بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت سیاسییە و ستەم و زوڵمە بەرامبەر خەڵکی کوردستان.”
ڕاشیگەیاند؛ ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بابەتی مووچە.

