كارزان گلی – ههولێر
لە هەنگاوی دووەمی پرسی چارەسەری كورد، هەشتهەزار چەكداری پەكەكە دەگەڕێنەوە توركیا و رێگەیان پێ دەدرێت ژیانی ئاسایی خۆیان بكەن، بەڵام هەندێكیان دادگایی دەكرێن.
چاوەكان لەسەر پەرلەمانی توركیایە، تا چەند یاسایەك بۆ چەكدارانی پەكەكە و هەروەها ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی دەربكات، ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوی كردووەتەوە، پەرلەمانی توركیا لێبوردنی گشتی دەرناكات، بەڵام لە چوارچێوەی رێكخستنەوەدا، رێگە دەدات هەشتهەزار چەكداری پەكەكە بگەڕێنەوە توركیا.
بەرپرسێكی باڵا قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و دەڵێت: ”لە هەنگاوی پەكەمدا ئەو چەكدارانەی دەستیان لە كوشتندا نەبووە، رێژەیان هەشتهەزار چەكدارە دەگەڕێنەوە بۆ توركیا و رێگەیان پێ دەدرێت لە توركیا بن. بەڵام هەزار كەسی تر كە بەرپرسی باڵا و مامناوەندن لەناو پەكەكەدا، رێگەیان نادرێتێ بگەڕێنەوە بۆ توركیا، ئەوان رێگەیان دەدرێت بچنە وڵاتێكی ئەورووپا و لەوێ بژین.“
بەڵام تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆكی دەم پارتی، بەشێوەیەكی تر قسە دەكات و پێی وایە یاسایەك دەردەچێت بۆ سڤیلەكانی ناو پەكەكە و چەكدارانی پەكەكە، بڕیارەكە فراوانە و هەموویان دەگرێتەوە تا بگەڕێنەوە بۆ توركیا.
تەمەل، قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە، دان بەوەدا دەنێت قسە لەبارەی ئەوەی چەند كەسایەتییەك و بەرپرسێكی پەكەكە بچنە ئەورووپا و لەوێ بمێننەوە هەیە، بەڵام دەبێت قسە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بكرێت كە ئەوانی بۆ دەچن و دەبێت رازی بن وەریانبگرن.

