كارزان گلی – ههولێر
كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی)، كە لەناو پەرلەمانی توركیا بۆ پرسی چارەسەری كورد و رەوتی چەكدانانی پەكەكە پێكهێنراوە، ئامادەكاری دەكەن، تا سەردانی ئیمرالی بكەن و ئەنجامی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە ئاڵوگۆڕ بكەن و بۆچوونی ئەویش وەربگرن.
كارزان گلی – ههولێر
دەبوایە، لیژنەكە بە زووترین كات كۆ ببێتەوە و رێکەوتی چوونیان بۆ ئیمرالی دیاری بكەن، بەڵام وەكوو ئەوەی موراد ئەمیر، پەرلەمانتاری جەهەپە باسی دەكات، هۆكاری كۆنەبوونەوەیان تەكنیكییە و پەیوەندیی بە هیچ شتێكی ترەوە نییە.
ئەمیر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی چوونی ئەو لیژنەیە بۆ ئیمرالی زانیاری ئاشكرا كرد و گوتی: ”هەفتەی دابێ لەگەڵ سەرۆكی پەرلەماندا كۆ دەبنەوە و رۆژێك دیاری دەكەن بۆ چوونیان بۆ ئیمرالی.“
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، رێکەوتی ٥/١١/٢٠٢٥ دەربارەی چوونی شاندێك بۆ لای ئۆجەلان ئاماژەی دا، پێویست دەكات لەژێر چەتری ئەو كۆمیسیۆنەی دروست بووە، هەموو لایەنەكان گوێیان لێ بگیرێت و بۆچوونیان وەربگیرێت.
بەڵام دەم پارتییەكان بۆچوونێكی تریان هەیە لەسەر چوونی كۆمیسیۆن بۆ لای ئۆجەلان و ئەوان دەڵێن، ئەگەربێتو هەموو پارتەكان كۆك بن لەسەر چوونیان بۆ ئیمرالی و ئەو ناكۆكییەی لەو ڕوەوە هەیە چارەسەر ببێت، لە زووترین كاتدا دەچنە ئیمرالی.
پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمرالی، هەفتەی رابردوو سەردانی ئەردۆغانیان كرد و لەبارەی پرسی چارەسەری قسەیان كرد، پاشان ئاماژەیان دا، بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری بگاتە ئەنجام، دەبێت رەوتەکە پەلەی لێ بكرێت.
ئەوانیش داوایان كرد، دەبێت ئەو كۆمیسیۆنەی بۆ پرسی چارەسەری دروست بووە، بە زووترین كات بچنە لای ئۆجەلان و بۆچوونی ئەویش وەربگیرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتووەتە دەست میدیاكانی توركیا، دەم پارتی زۆر داكۆكی كردووە كۆمیسیۆنی پەرلەمان سەردانی ئیمرالی بكات، ئەردۆغانیش بەڵێنی داوە پرسەكە هەڵدەسەنگێنن و بە ئەرێنی وەڵامی داوەتەوە.
دوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و بەباشی زانی كۆمیسیۆن بچنە ئیمرالی و ئامادەیی مەهەپەی نیشان دا كە ئەندامی ئەوانیش رەزامەندن، بەوەی بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی ئەنجامی كۆبونەوەكانی پرسی چارەسەری وەربگیرێت.
كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی)، زیاتر لە ١٠ كۆبوونەوەی کردووە، كۆبوونەوەكانیش لەگەڵ چین و توێژەكانی توركیا و باكووری كوردستان بووە، بەڵام ئەم هەفتەیە تەنیا ئەندامانی خۆیان كە ٥١ ئەندامە كۆبوونەوەیان کردووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ كاری كۆمیسیۆنەكەیان كردووە، جیا لەوەش باسیان لەوە كردووە، رۆژێك دیاری بكەن تا بچنە ئیمرالی لەگەڵ ئۆجەلان كۆببنەوە.
جەهەپە، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دژی ئەوەیە كۆمیسیۆن بچێتە ئیمرالی و دەڵێت ناكرێت ئێمە بچینە ژێر پێی ئۆجەلان.
بەرپرسێكی جەهەپە، نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”ئاكەپە خۆی دەشارێتەوە سیاسەت دەكات، بۆیە دەبێت ئێمە بزانین ئاكەپە چۆن سیاسەت دەكات و چی دەكات لەبارەی چوونی كۆمیسیۆن بۆ ئیمرالی و جەهەپە بە گوێرەی ئەوان بابەتەكە هەڵدەسەنگێنێت.“

