ئەمڕۆ شەممە 8ـی تشرینی دووەم، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمێکی نوێ و پێشکەوتوو بۆ سەنتەری فریاکەوتنی خێرا 122 لە هەولێر کرایەوە. ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی خێراتر گەیشتن بە هاووڵاتییان لە کاتی پێویستدا و باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان جێبەجێ کراوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەکەدا، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێم، و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، و ژمارەیەک لە بەرپرسان و ئەندازیاران ئامادەبوون. دوای کردنەوەی بەشە نوێیەکە و بەدواداچوون بۆ کاروبارەکانی، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی سەنتەرەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
سەنتەری فریاکەوتنی خێرا 122 یەکێکە لە سەنتەرە فریاگوزارییە هەرە گرنگەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر. ئەم سەنتەرە 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا بە بەردەوامی لە ئەرکدایە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری. لە کاتی ڕووداو و حاڵەتە کتوپڕەکاندا، تیمەکانی 122 بە چەندین ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانسەوە بە خێرایی دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە و ئەرکەکانی خۆیان بە جێ دەگەیەنن.

