رۆژنامەی ھەولێر

بنکەیەکی تەندروستیی لەگەڕەکى 5ی حەسارۆكان كرایەوە

ئەمڕۆشەممە 2025.11.8، بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و د.محمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری دارایی و د.دلۆڤان محمەد، بەڕیوەبەری گشتیی تەندروستی و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسان و ئەندازیاران و شەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، لەڕێورەسمێكدا لەگەڕەكی 5ی حەسارۆكان بنكەی تەندروستی مامۆستا یاسین كرایەوە، کە زەوی پڕۆژەکە لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر دابینکراوە و بە گوژمەى ( 1 ملیار دینار ) لەسەر ئەرکى خێرخواز (سەفین یاسین) دروست كراوە.

لەڕێورەسمەکەدا پارێزگارى هەولێر لەگوتارێکدا، پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکى ناوبراو کرد، ئومێدیشی خواست هاوڵاتییانى ئەم سنوورە هەمیشە ساغ و تەندروستبن، ڕاشیگەیاند، ئەم بنکە تەندروستییە سەرەڕاى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بە هاولاتییان، بەشێکى گرنگ و کاریگەرە لە هاوکارى و چارەسەرکردنى دانیشتوانى ئەم ناوچەیە.

پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشى لە پارێزەر سەفین یاسینوەك خێرخوازێك بۆ گرتنە ئەستۆی دروستكردنی ئەو بنكە تەندروستیە، دەست خۆشى لەسەرجەم خێرخوازانى شاری هەولێر كرد کە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەکو هەولێر و خەڵکى هەولێر هەمیشە پێشەنگ بوونە لەکارى خێرخوازى و مرۆییدا، و گوتی، “شانازیان پێ دەکەین”. پاشان لەلایەن ئامادەبووانەوە بنكەكە كرایەوە و یەكە یەكە هۆبە و ژوور و هۆڵەكانی بەسەركرایەوە.