شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لهبارهی پێكهێنانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان راگهیهنراوێك بڵاو دهكاتهوه و هۆكاری پێكنههێنانی حكوومهت دهخاته ئهستۆی یهكێتی نیشتمانی كوردستان.
شاندی دانوستانكاری پارتی له راگهیهنراوهكهدا دهڵێت: به فەرمانى سەرۆک بارزانى، پارتی بە نەفەسێکى درێژ و بە دەستکراوەیی و بۆ بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان ئەو پەڕى نەرمی نیشانداوه، بهڵام بهداخهوه تا ئێستا یەکێتى نههاتۆته پێش بۆ رێککەوتن.
له راگهیهنراوهكهدا ههروهها هاتووه: له كۆبوونهوهكاندا دهركهوت كه یهكێتی نایهته پێش بۆ رێككهوتن لهسهر پێكهێنانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان.
شاندی دانوستانكاری پارتی له كۆتاییشدا جهختی كردهوه كه لەپێناو پارێزگارى لە پێگەى هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانى، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان و هیچ رێگریەک نابێتە کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردنى زیاترى هەرێمی كوردستان.
ئهمهی خوارهوه دهقی راگهیهنراوهكهی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستانه:-
سەڕەراى دروستکردنى کۆسپ و تەگەرەى زۆر لە بەردەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە ئامانج لێی ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن یان لاوازکردنى پارتى بوو، بەڵام پارتى بە بڕوابوون بە جەماوەر و دڵسۆزانی، بەشدارییەکى کاراى لە هەڵبژاردنێکى سەرکەوتوودا کرد کە براوەى یەکەم تیایدا هەرێمى کوردستان بوو، جارێکى تریش پارتى متمانەیەکى بەهێزى گەلى کوردستانى بەدەستهێنا.
دواى پەسەندکردنى دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن، پارتى لە ڕوانگەى کارى پێکەوەیی و لەپێناو تازەکردنەوەى شەرعییەتى یاسایى بۆ دامەزراوەکانى هەرێم و رێزگرتن لە ئیرادەى گەلى کوردستان، هەروەکو بەڵێندرا کە دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموو لایەنەکان لە سەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی کراوەبێت، شاندەکەمان دەستى بە سەردانى سەرجەم لایەنەکان کە کورسیان بەدەستهێناوە کرد.
لە چوارچێوەی سەردان و گفتوگۆکان لەگەڵ یەکیتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنە بەڕێزەکانی دیکە کە کورسی پەرلەمانیان بە دەستهێنابوو، بەشێک لەم لایەنانە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژارد و ئێمەش ڕێزمان لەو بژاردەیە گرت.
لە ڕێکەوتى 30/11/2024 لە شارى سلێمانى یەکەمین کۆبوونەوە لەنێوان شاندى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەڕێوەچوو، لە میانەى چەندین دانیشتن بڕیاردرا کە کاربکرێت لەسەر ئامادەکردنى دیدگایەکى هاوبەشى بۆ قۆناغى داهاتووى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان کە مەبەست لێى پتەوکردنى کارى دامەزراوەیی و هاوبەشىىى بێت لە ئەرک و دەستەڵاتەکان و خزمەتکردنى زیاترى هاونیشتمانیان بۆ بەهێزکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان. لە چوارچێوەى ئەو دیدگه هاوبەشەدا رێککەوتن کرا لەسەر چەندین تەوەرى گرنگ لە بوارە جیاجیاکانى (سیاسى، یاسایی، کارگێرى، خزمەتگوزارى، دارایى و ئابوورى و، سەربازى و ئەمنى).
هاونیشتمانیانى خۆشەویست
دواى رێککەوتنى کۆتایی لەسەر دیدگهى هاوبەش لە ئایاری 2025 دەستمان کرد بە گفتوگۆ کردن لەسەر شێوازى بەشدارى هەردوولا لە ئەرک و دەستەڵاتەکانى حوکمڕانی لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە پارتیمان دوو بنەماى خستنەڕوو کە بریتى بوون لە رێزگرتن لە دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن و ڕەچاوکردنى پێگەى هەردوولا و واقیعى هەرێمى کوردستان.
لەگەڵ ئەوەى پارتى بە جیاوازییەکى زۆرەوە هێزى یەکەم بووە لەڕووى کورسى و دەنگەوە، لەسەر فەرمانى جەنابى سەرۆک بارزانى، بە نەفەسێکى درێژ و بە دەستکراوەیی بۆ بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان ئەو پەڕى نەرمیمان نیشان دا و زۆر زیاتر لە شایستەى دەنگ و کورسییەکانى یەکێتى ئامادەى رێککەوتن بووین بۆ دڵنیاییدان بە یەکێتى، هەم لە دیدگهى هاوبەش و هەم لە بەشدارى بەڕێوەبردندا پارتیمان ئامادەیی رێککەوتنى نیشان دا بە شێوەیەک کە:
بەشدارییەکى هاوسەنگ لە سەرۆکایەتییەکان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بکرێت بە جۆرێک کە (سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و جێگرى سەرۆکى هەرێم و جێگرى سەرۆکى حکوومەت لاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بن) هەروەها لە کۆى 22 وەزیرى حکوومەتى هەرێم کە کابینە پێک دەهێنن، پێشنیارى پارتى وابووە کە پێکهاتەکان بە 2 وەزیر بەشدارى کابینە بن و (8 بۆ 9) وەزارەت لاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بن کە تیایدا وەزارەتى گرنگى بوارى (سەربازى، ئابوورى وداراییى و، خزمەتگوزارى) تێدایە، هەروەها بەشدارییەکى کارا و کاریگەر لە بوارى ئەمنى و پۆستەکانى تریش لە دەستەکان و فەرمانگەکان.
کوردستانیانى ئازیز
لە تەواوى ماوەى دانوستانەکاندا پارتى بە نەفەسێکى درێژ و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و هەستیارىى ئەم قۆناغە و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان هەموو توانایەکى خستەگەڕ و هەموو نەرمیەکى نیشان دا، لەم پێناوەشدا جەنابى سەرۆک بارزانى بە پەرۆشییەکى زۆرەوە پشتیوانى لە هەنگاوەکانى بەڕێوەچوونى گفتوگۆکان کرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەکى نیشان دا بۆ سەرخستنى پرۆسەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى پتەو و زەمانەتى جێبەجێکردنى.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا دەرکەوت کە یەکێتى نایەتە پێش بۆ رێککەوتن تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەوە لە بەرژەوەندى هەرێمدا نییە و پارتى ئەوە بە پەسەند نازانێت.
لێرەدا دەمانەوێ دووپاتى ئەوە بکەینەوە کە پارتى هەمیشە بڕواى بە کارى پێکەوەیی هەبووە و هەیەتى و جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە ڕێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هەبوونى هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە ڕێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى تازەى حکوومەتى هەرێم و هاوڵاتییانى کوردستان و دەنگدەرانى پارتى دڵنیا دەکەینەوە لەپێناو بەدیهێنانى ئەو ئامانجە و پارێزگارى لە پێگەى هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانى بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان و هیچ رێگریەک نابێتە کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردنى زیاترى هەرێم و دابینکردنى ئایندەیەکى گەش و داهاتوویەکى رووناکتر بۆ خەڵکى خۆڕاگرى کوردستان.
شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان
6ی 11ی 2025

