رۆژنامەی ھەولێر

كاركردن لە پڕۆژەی “ڕێڕەوی ژیان” لە شاری هەولێر دەستیپێكرد

-وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بەدواداچوونی كارەكان سەردانی پێگەی پڕۆژەكە دەكات

ئەمڕۆ كاركردن لە پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان دەستیپێكرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش سەردانی پێگەی پڕۆژەكە دەكات و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكان دەكات.

دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی “ڕێڕەوی ژیان”ی لە شاری هەولێر دانا. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەش (6ی تشرینی دووەمی 2025) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پێگەی پڕۆژەكەی كرد و كاركردن تێیدا دەستیپێكرد.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر پێگەی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كار و ئاستەنگەكانی بەردم پرۆژەكە كرد و هاوكات لەگەڵ كارزان، عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و تیمی ئەندازیاران و جێبەجێكاری پڕۆژەكە گفتوگۆی كرد و ڕایسپاردن بۆ ئەوەی لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەو پڕۆژە نایابە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان تەواو بكرێت. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە زۆر گرنگەكانی شاری هەولێر و ئەو زۆنەی شاری هەولێر دەبووژێنێتەوە، بۆیە پێویستە كارەكانی بە باشی بەڕێوە بچن و ئامادەیی هەر جۆرە پاڵپشتی و هاوكاریەكیشی دەربڕی لەپێناو بە باشی بەڕێوەچوونی كارەكانی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان.

پڕۆژەی “ڕێڕەوەی ژیان” كە لای دانیشتووانی شاری هەولێر بە كۆڕنیشی هەولێر ناسراوە، چەندین تایبەتمەندی گرنگی تێدایە و یەكێك لە پڕۆژە جوان و نایابەكانی شاری هەولێر دەبێت. دیزاینی گشتیی پڕۆژەكە زیاتر لە 25 كلیۆمەترە و لە ئێستادا كار لە بەشی یەكەمی دەكرێت و پاشان بەشەكانی دیكەی تەواو دەكرێت. بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، شاری هەولێر هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێشەوە و ئەو سنوورەی شارەكە دەبووژێتەوە كە ساڵانێكی زۆرە بووەتە شوێنی فڕێدانی خاشاك و ناوچەیەكی لاپەڕگەی هەولێر بووە، بەڵام بە تەواوبوونی هەلی كاری نوێ دەڕەخسێنێت و جوانییەكی زۆر بە ناوچەكە دەبەخشێت و هاوكات ناوچەیەكی نوێی گەشتیاری لە شاری هەولێر دروست دەبێت.