ڕائیب جادر – هەولێر
پارتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ بەدەست دێنێت، كوردستانیانیش بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی و دەستكەوتی زیاتر دەنگ بە پارتی دەدەن، چونكە پێیان وایە، لیستی 275 دەتوانێ بەرگری لە مافەكانی ئەوان بكات و ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوان لە بەغدا.
مامۆستا پەریشان واحید، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: پارتی خاوەن مێژوو و جەماوەری خۆیەتی و لەسەر ئاستی عێراقیش گەورەترین حزبە و هەر بە گەورەییش دەمێنێتەوە، پارتی دەچێتە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵك بكات و بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان، بۆیە بڕیارمان داوە ڕۆژی 11/11 هەموومان پێكەوە ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەین و دەنگی خۆمان بە پارتی و كاندیدەكانی بدەین.
ژیان وەسمان، ئافرەتێكی خەڵکی مێرگەسۆرە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ڕوونی كردەوە: داوا لە دەنگدەرانی كوردستان دەكەین ڕۆژی 11/11 بڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی سەرۆك بارزانی بدەن و چاڵنجی نێچیرڤان بارزانی سەر بخەن، خەڵكی كوردستان پڕۆژەكانی پارتییان بینیوە، پارتی بەهێز دەكەن بۆ ئەوەی كاروانی زیاتری ئاوەدانی فراوانتر بكرێت و پڕۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ بكرێت.
سدیق نیاز، پێشمەرگەیەكی ئاكرێیە و لە میحوەری مەخموور بەرگری لە خاكی كوردستان دەكات، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ڕوونی كردەوە، داعشمان لەناو برد و كوردستانمان لە تیرۆریستان پاراست، بۆ ئەوەی سەنگی گەلی كورد لە عێراق بەهێزتر بێت، بۆ ئەوەی بەرگری لە خەڵكی كوردستان بكەین و ئەزموونی كوردستان پارێزراو بێت، ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگە دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی دەدەین، چونكە تاكە لیستە كە بەرگری لە مافەڕەواكانی ئێمە وەكو پێشمەرگە بكات و ئەو دەستكەوتانەی بە دەست هاتوونە بپارێزێت.
بادین ڕەشید، هاووڵاتییەكی دیكەیە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد: وەكو كاسبكارێك دەنگی من بۆ لیستی ژمارە 275ـی پارتییە، لیستی بەرگریكردنە لە مافەڕەواكانی خەڵكی كوردستان، كە هیچ كاتێك تەنەزولی بۆ دژمن نەكردووە و هەموو كاتێك چۆكی بە دژمن هێناوە و باشترین نموونەش داستانەكانی هەندرێن، زۆزك، سحێلا و پردێ بووە، تاكە لیستە كە بتوانێت مافی گەلی كورد دابین بكات، بۆیە داوا لە هەموو كاسبكار و پێشمەرگە قارەمانەكان و دەنگدەرانی كوردستان دەكەم دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن.
پێشمەرگە نێچیرڤان غەفوور، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دركاندی، پارتی سەدەیەكە لە پێناو ئامانجەكانی گەلی كورددا خەبات و تێكۆشان دەكات، دەریایەك خوێنی داوە بەس بۆ ئەوەی گەلی كورد بە ئازادانە بژیێت و بە مافە ڕەواكانی خۆی شاد بێت، ڕیفراندۆممان كرد و زۆر نەمابوو بە دەوڵەتی كوردستان شاد بین، بەڵام خیانەت لە خەڵكی كوردستان كرا، بۆ دووبارە نەبوونەوەی خیانەت و سەركەوتنی كوردستان و گەیشتن بە ئامانجە ڕەواكانی خۆمان دەنگ بە لیستی پارتی و كاندیدەكانی دەدەین.
ئاشنا جیهاد، ئافرەتی هەریرە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێ: ئێمە بۆ كوردستانێكی بەهێز و ئارام و ئاوەدان دەنگ بە پارتی دەدەین، داواش لە خەڵكی كوردستان دەكەم دەنگ بەو لیستە بدەن، بۆ ئەوەی كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیرمان هەبێت.
فەرمانبەر خدر تارق، بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی گوت: پارتی دیموكراتی كوردستان سەلماندوویەتی كە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو كوردستانیان دەكات، بەرگریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و شەڕكردن بۆ مافە دەستوورییەكان، بەرگریكردنە لە مافی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان، دەبینین ڕۆژانە سەرۆكی حكوومەت پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی دەكاتەوە، ئێمەش دەزانین كێ خزمەتی ئێمە دەكات و كێ بەرگری لە مافەكانمان دەكات، بۆیە بریارمان داوە ڕۆژی هەڵبژاردن هەموومان پێكەوە ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەین و دەنگی خۆمان بدەینە لیستی پارتی، لیستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و ئەمن و ئەمانی كوردستان.
شانیا عیسا، وەكو قوتابییەكی زانكۆ، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: داوا لە قوتابیان دەكەم لیستی 275ـی پارتی هەڵبژێرن، شانازییە بۆ ئێمەی قوتابیان خاوەن حزبێك بین كە كوردی بە جیهان ناساندبێت و پاڵپشتی دۆزی نەتەوەكەی بێت بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی.
ئەو قوتابییە، زیاتر دەڵێ: ئەوەی وام لێ دەكات لیستی پارتی هەڵبژێرم، كردارەكانی پارتییە لە ڕابردوو و ئێستادا، خوێنی ئەو هەزاران شەهیدانەیە كە وەختی خۆی ژیان و گیانی خۆیان بۆ كوردستان بەخت كردووە.

