پارتی گەلی توركمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاری دا لە هەڵبژاردن لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان دەنگ بە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، هەروەها داواشی لە لایەنگرانی و سەرجەم پێكهاتەی توركمان كرد دەنگ بەو لیستە بدەن.
پارتی گەلی توركمان لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: مەكتەبی سیاسی بە سەرۆكایەتی عیرفان كەركووكی، زنجیرەیەك كۆبوونەوەی راوێژكاری چڕوپڕی ئەنجام دا كە تەرخانكرابوو بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و هەڵسەنگاندنی كەشوهەوای هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها هاتووە: پاش گفتوگۆیەكی قووڵ و پێداچوونەوەیەكی گشتگیر، مەكتەبی ساسی پارتی گەلی توركمانی بە كۆی دەنگ جەختی كردەوە لەسەر پێویستی بەشدارییەكی بەرفراوان و كارای توركمان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا وەك ئەركێكی نیشتمانی و بەرپرسیارەتی مێژوویی.
هەروەها هاتووە: بە پێزانین و بەرزراگرتنی هەڵویستە ڕوون و جێگرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە درێژایی مێژوو بەرامبەر بە پرسەكانی گەلی توركمان و مافە رەواكانی گرتوویەتییە بەر، مەكتەبی سیاسی پارتی گەلی توركمان بڕیاری دا پشتگیری لە لیستی ژمارە 275 – لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات لە عێراق و كوردستان و بەتایبەتی شاری كەركووك و ناوچە توركمانییەكان.
پارتی گەلی توركمان لە راگەیەنراوكەدا هەروەها داوای لە رێكخستن و لایەنگرانی و تەواوی پێكهاتەی توركمان كرد بەهەمانشێوە دەنگ بە لیستی 275 بدەن لەپێناو بەشدارییەكی هۆشیارانە و بەرپرسانە.

