ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكانی پارتی پێیان وایە كە پارتی دووبارە دەبێتەوە براوەی یەكەم لە هەڵبژاردنی یانزەی مانگ، چونكە پارتی تاكە حیزبە كە توانیویەتی سەنگی خۆی بپارێزێت و هەمیشە لە نوێبوونەوەدا بێت، بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكان لە دیمانەیاندا لەگەڵ هەولێر دەڵێن پارتی ژمارەیەكی گەورەیە و هەمیشە داكۆكیكاری مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بووە، راستیەك هەیە پێویستە بزانرێت ئەوەی ئێستا لە ململانێی هەرێمایەتی رۆڵی سەرەكی هەیە تەنها پارتییە و ئەوەی گوێی لێ بگیرێت تەنها پارتییە.
لیوای ماف حاجی مەلا ئەمین بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی پێشمەرگە بۆ هەولێر دەلێت : پارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەریی سیاسیی بەرچاوی لە ناوچەكە هەیە،پێویستە هاوڵاتیانی كوردستان بە تەواوەتی پاڵپشتی دیدگای پارتی بكەن، پارتی هەمیشە كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان كردووە، خەونی كورد كە سەربەخۆییە تەنها لە ریگەی پارتیەوە دەبێتە راستی،پارتی دیموكراتی كوردستان گەورەترین پارتی سیاسیی هەرێمی كوردستانە و خاوەنی بنكەیەكی جەماوەری بەهێزە كە كاریگەری خۆی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بەهێزتر دەكات، من پێم وایە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لیستی (275) پارتیمان دەنگێكی زۆر دەهێنێـت، ئەو دەنگە زۆرەش دژمنان شۆك دەكات، بوونی پارتی واتە بوونی كوردستانێكی بەهێز.
مقدم غازی شێخ عمر زینوەیی بەرپرسی دەستەی گڕێبەستەكانی چاودێری دارایی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت : پارتی بەردەوام هێزی یەكەم بووە، هەمیشە لە نوێبوونەوە بووە، پارتی بە یەك چاو سەیری تەواوی شارەكانی كوردستانی كردووە، دیدگای پارتی گەورەترە لەوەی كە ئێمە بیری لێ دەكەینەو، ئامانجەكانی پارتی بۆ سەربەخۆیی هێشتا كۆتایی پێ نەهاتووە، پێوەست بە عێراق پارتی ژمارەیەكی گەورەیە و هەمیشە جێی بایەخی پارتەكانی دیكەی عێراق بووە، ئەوەی ئێستا لە ململانێی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەراست رۆڵی سەرەكی هەیە پارتییە، دەستكەوتەكان و سەقامگیری و سازش نەكردن لەسەر مافی خەڵك هەر بە پارتی دەكرێت و ناوچەكانی ماددەی 140 باشدەزانن كە لە كاتی ئاڵۆزییەكان هەر پارتی فریادڕەس بووە و هەر پارتی بە هانایان هاتووە، بۆیە گرنگە پارتی دەنگەكانی بەرەوە زیادبوون بچێت بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستانیش زیاتر بەرەوە كەناری ئارامییەوە بچێـت، پارتی واتە ئارامی و ئاساییش و ئاوەدانی.
مقدم پەیوەند مخلص موستەفا بەرپرسی ئیدارە و كارگێری چاودێری دارایی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: پارتی پەروەردەی حزبێكی نیشتمانییە و هەمیشە خەمخۆربووە بۆ نەتەوەكەی و خاكەكەی، لە ساتە سەختەكاندا كوردی لە بەردەم دژمن جێ نەهێشتووە، هەر لە بەر ئەو هەڵویستانەش، هێزی پارتی لە كوێ بێت سەقامگیری و ئاوەدانی و خۆراگری و ئارامی و تەناهی لەوێدایە، پارتی هەمیشە لە خەمی هاووڵاتییانی كوردستاندا بووە. پارتی خاوەنی سەنگ و پێگەیەكی گەورەیە. پشتئەستوور بە جەماوەرە دڵسۆزەكەی و لێهاتوویی و كارێزمای سەرۆك بارزانی؛ نوێنەرانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و حكوومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەكی بەهێز و كاریگەر كار بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان دەكەن و ئەو دەستكەوتانەی كە بەدیی هاتوون بە هۆی پارتییەوە بووە . خۆڕاگریی پارتیمان لە بەرامبەر كێشە گەورەكان، شایەنی ستایشە. لە دژوارترین قۆناغەكاندا، چ وەك شۆڕشگێڕێك لە شاخەكان و چ وەك حكومڕانێك لە شارەكان، پارتی هەرگیز كۆڵی نەداوە. بۆیە لە گشت هەلبژاردنەكان دژمنان لە سەنگی و دەنگی پارتی دەترسن و لە سەردەمی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی، داستانی گەورە و قارەمانی تۆمار كرد و هەموو جیهانیان سەرسام كرد.هەر ئەمەش وایكردوو كورد بە قورساییەكی گەورەوە دووبارە بچێـتە ناو هاوكێشەی سیاسی جیهان، سەرەڕای قەیرانە سەختەكان پارتی لە بواری سەربازی و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی كوردستان هەمیشە پێشەنگ بووە، بۆیە پێم وایە ئەمجارەش دەنگەكانی پارتی سەرسووڕهێنەر دەبێت و دەبێتەوە حیزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراقدا.

