سلێمان تاشان – ههولێر
لەگەڵ ڕووناککردنەوەی هەر گەڕەکێک لە هەر شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی ئەو مۆلیدانەش بێدەنگ کراون و کوژێنراونەتەوە کە ڕۆڵی زۆر خراپیان هەبووە لە پیسکردنی ژینگە و بڵاوکردنەوەی بەشێک لە نەخۆشییەکان. بەپێی دواین ئامارەکانی ئەو پڕۆژەیە سەدا حەفتای دانیشتووانی هەرێمی کوردستان سوودمەندی پڕۆژەکەن و زیاتر لە نیوەی مۆلیدەکان کوژێنراونەتەوە و تا کۆتایی ساڵی داهاتوو هەموویان بێدەنگ دەکرێن.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەند بوون و ئێستا کارەبای بیست و چوار سەعاتییان هەیە گەیشتووەتە چوار ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس و بەو پێیە دوو ملیۆن کەس ماوە تا لەو پڕۆژەیە سوودمەند ببن. هەر بە پێی ئەو دەرەنجامە نزیکەی حەفتا لەسەدای دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکە سوودمەند بوون و تەنیا سی لەسەدا ماوە کارەباکەیان پێ بگات.
بهپێی ئهو پڕۆژهیهی ساڵێكه حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە ژێر ناوی پڕۆژەی ڕووناکی دهستی به جێبهجێكردنی كردووه، تا كۆتایی ساڵی داهاتوو كارهبای سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ههرێمی كوردستان دهبێته بیست و چوار سەعاتی. گەورەترین دەستکەوتی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە خزمەتێکی یەکجار زۆری بە کەرتی ژینگە دەکات و خەڵک لە ژاوەژاو و دووکەڵی پیسی مۆلیدەکان ڕزگاریان دەبێت.
تا ئێستا سێ هەزار و حەوتسەد مۆلیدەی ئەهلی کوژێندراونەتەوە، ئەو ژمارە هۆکارە لە کەمکردنەوەی دەردانی شەشسەد و نەوەد هەزار تۆن لە گازی دووان ئۆکسیدی کاربۆن. کۆی ژمارەی مۆلیدەکان زیاتر لە حەوت هەزارە و بەپێی ئەو دەرەنجامە زیاتر لە پەنجا لەسەدای مۆلیدەکان کوژاونەتەوە. پلانەکە ئەوەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ سەرجەم مۆلیدەکان بکوژێنرێنەوە.
بە نموونە تەنیا لە هەولێری پایتەخت تا ئەم ساتە دوو هەزار و سەد و نەوەد و حەوت مۆلیدە کوژاونەتەوە و زیاتر لە هەر شوێنێکی تری کوردستان هەست بە کاریگەرییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی و کوژاندنەوەی مۆلیدەکان بۆ سەر ژینگە دەکرێت.
لە سلێمانی شەشەد و چوار مۆلیدە و لە دهۆکیش سێسەد و حەفتا و نۆ مۆلیدە کوژاونەتەوە. لە هەڵەبجە شەست و پێنج و لە سۆران سەد و بیست و حەوت مۆلیدە کوژێنراونەتەوە. پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییەش بکرێ هەڵەبجە بووە یەکە پارێزگای عێراق کە کارەباکەی بیست و چوار سەعاتییە و تێیدا کۆتایی بە مۆلیدە هێنراوە.
ئەو دووکەڵەی لە مۆلیدەکان دەردەچوو بەتایبەتی ئەو مۆلیدانەی گازئۆیلی خراپ و ناستانداردیان دەسووتاند گازێکی ژەهراوییان بڵاو دەکردەوە و دەبوونە هۆی پەنگدانەوەی ئەو دووکەڵە و ئەگەر دانیشتووانی هەولێر پایز و زستانی ڕابردوویان بیر بێر دەزانن چ تەمێکی ڕەش ئاسمانەکەی داگیر کردبوو بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە زۆر گۆڕاوە. کاریگەرییەکان بە تایبەت دوای ئەوە زیاتر دەردەکەون کە شەپۆلی باران لە کوردستان دەست پێ بکاتەوە چونکە هێشتا ئاسمان کاریگەریی پیسبوونەکانی ساڵی ڕابردووی لەسەرە.

