رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆكی حكوومەت پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران دەكاتەوە

سبەی دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمێكدا پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران دەكاتەوە.

دروستکردنی ڕێگاوبان فاکتەرێکی گرینگە بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی هاووڵاتییان و بەستنەوەی شار و شارۆچکەکان بەیەکترییەوە و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنها لەماوەی کابینەی نۆیەمدا، 585 پڕۆژەی ڕێگاوبانی جێبەجێ کردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دیدگاکانی مەسرور بارزانییە کە هەمیشە لە هەوڵدابووە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان.

یەکێک لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەکانیش ڕێگای دووسایدی حاجی ئۆمەرانە. کە بە گوژمەی 35,150,000,000 (سی و پێنج ملیار و سەد و پەنجا ملیۆن دینار) لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، لەلایەن کۆمپانیای نۆرسلایت لیڤینگ جێبەجێ کراوە.

درێژی ئەم ڕێگایە 2 کیلۆمەتر و نیوە و پانییەکەی 25مەترە، لە کاتێکدا کە ڕێگای کۆنی حاجی ئۆمەران پانیەکەی تەنها 8 مەتر بوو و ئاستەنگێکی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و چالاکی بازرگانی دروست کردبوو.

پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران بە ستانداردێکی جیهانی دروستکراوە کە پێکدێت لە ئاوەڕۆ و دانانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە و دانانی تۆڕی ڕووناکی و هێڵی خزمەتگوزاری و پارکینگ و قیڕتاوکردن و نیشانەکانی هاتوچۆ.

هەروەها گرنگی دراوە بە چاندنی نەمام کە زیاتر لە 1000 دار لەسەر شۆستەکان چێندراوە و 170 کورسی دوو نەفەری و 170 تەنەکەی خۆڵ داندراون.

لەلای ڕاستی شەقامەکە 200 دیواری ڕاگر دروستکراوە بۆ نەهێشتنی مەترسی داڕووخان، لەلای چەپی شەقامەکەش 190 دیواری ڕاگر دروستکراوە بۆ ڕاگرتن و پتەوکردنی ڕێگاکە.

جێگای ئاماژەپێدانە کە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوچەکە، چونکە سەرەتای هاتنی گەشتیارانە لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان، کە دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆی هاووڵاتییان و سیمایەکی جوانیش بە ناوچەکە دەبەخشێت.

سەرەڕای ئاڵانگارییەکان و سەختی شوێنەکە و کەشوهەوا و دوورەدەستی و هاتووچۆی زۆر لەسەر ڕێگاکە، کۆمپانیای نۆرسڵایت لیڤینگ توانی لە کاتی خۆیدا و بە سەرکەوتوویی و بەگەرەنتی مانەوەی 50 ساڵ ئەم پڕۆژەیە تەواو بکات.