وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرجەم كۆمپانیاكانی ئینتەرنێتیان ئاگاداركردۆتەوە لە پاكێجی خێزانیدا یاریی رۆبلۆكس سانسۆر و قەدەغە بكەن.
دیلان رەشاد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند: بە مەبەستی رێکخستنەوەی پاکێجی ئینتەرنێتی خێزانی، لە بریارێکی نوێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی زیانی یارییە ئەلکترۆنییەکان بەتایبەت بۆ منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ، بریاردرا بە زیادکردنی یاریی (رۆبلۆکس) بۆ لیستی ئەو بەرنامە و ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنانەی کە پێشووتر بە بڕیاری وەزارەت فلتەرکراون.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راشیگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن سەرجەم ئەو کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوانەی بواری گەیاندن لە هەرێمی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە کە ئەم یارییە ئەلکترۆنییە قەدەغە و سانسۆر بکەن لە پاکێجی خێزانیدا.
رۆژی یەكشەممەی رابردووش وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بەفەرمی قەدەغەكردنی یاریی منداڵانی رۆبلۆكسی لە ناوخۆی عێراق راگەیاندبوو.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو: بڕیاری قەدەغەكردنی یاریی رۆبلۆكس دوای تۆژینەوەیەكی مەیدانی جێبەجێكراوە كە دەركەوتووە یارییەكە چەندان مەترسی ئەمنی و كۆمەڵایەتی و رەفتاری خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەتایبەتیش لە منداڵان و هەرزەكاراندا، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی ساختەكارییەكی زۆر و دزینی داتا و زانیاری و هەروەها بارگرانی دارایی و حاڵەتەكانی ئالوودەبوونی منداڵان بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان.

