رۆژنامەی ھەولێر

دەنگدانی کورد لە سنووری مادەی ١٤٠ بۆ پێگەکەی گرنگ و چارەنووسسازە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەر هەڵبژاردنێک کە لە سنووری مادەی ١٤٠ یان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکرێت بە جۆرێک ڕاپرسی و دەستنیشانکردنی پێگەی کورد و لایەنەکانی تر دادەنرێت. هەرچەندە لە ئاستی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین کورد کەمینەیە بەڵام لە کەرکووک سەرەڕای سیاسەتی مێژوویی بەعەرەبکردن کورد توانیویەتی پارێزگاری لە زۆرینەیی خۆی بکات.

لە دەیەی ڕابردوودا بە تایبەتی لەوەتەی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە هەموو سیاسەتێکی حکوومەتی فیدراڵی بە تایبەتی لایەنە شۆڤێنییەکان لەوەدا چڕ کراوەتەوە لە لایەک بە گرتنەبەری سیاسەتی هەڕەشە و سەرکوت و کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان کارێک بکەن کورد ئەو ناوچانە جێبهێڵن و ڕوو پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بکەن و موڵک و ماڵیان بە عەرەب و تورکمان بفرۆشن و هێمنانە هەمان سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیی سەردەمی بەعس جێبەجێ بکەن.
ئەوان هەر بەوە نەوەستاون تەنانەت لە ساڵانی ڕابردوو و لانی کەم تا بەر لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە هەوڵی دەرپەڕاندنی کوردیان داوە، بە سیاسەتی زۆرەملێ زەوییان لە کورد ستاندووەتەوە و داویانەتە عەرەب و ژمارەیەکی یەکجار زۆر عەرەبی تری هاوردە لە گوند و ناوچە کوردستانییەکان نیشتەجێ کراون و ڕۆڵیان هەبووە لە پاشەکشەپێکردنی کورد.
ئەو جۆرە سیاسەتە وای کرد خەڵکێکی زۆری کوردی کەرکووکی تا ئەم ساتە لە هەولێر و سلێمانی و شوێنی تر نیشتەجێ ببن و لە ماڵ و حاڵی خۆیان دوور بکەونەوە و تێکەڵ بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ببن.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن بەسەدان هەزار هاووڵاتیی سنووری مادەی ١٤٠ هەر ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کە لانی کەم سەد هەزار کەسیان ئەو کەرکوکییانەن کە مافی دەنگدانیان هەیە و دەبێت هەموو کارئاسانییەک بۆ کەرکووکییەکان بکرێت لە ڕۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە شارەکەیان و بە گڕوتینەوە بەشداری لە دەنگدان بکەن.
بە لەبەرچاوگرتنی سیستمی هەڵبژاردنی عێراق کە هەر پارێزگایەک کراوەتە یەک بازنەی هەڵبژاردن هاووڵاتییەکی پارێزگای کەرکووک ناتوانێت لە سلێمانی و هەولێرەوە دەنگ بدات نوێنەری خۆی لە پارێزگاکە هەڵبژێرێت بەڵکو بۆ ئەوەی بەشداری دەنگدان بکات دەبێت لە ڕۆژی دەنگداندا لە شارەکەی خۆی ئامادە ببێت.
ڕێژەی بەشداریی بەرزی کورد لە دەنگدانی کەرکووک دەتوانێت ببێتە هۆکاری ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی کورد لەو پارێزگایە زیاتر ببنەوە و کەمیی بەشداریشی دەتوانێت کاریگەریی پێچەوانەی هەبێت، چونکە ئەوانە نوێنەر هەڵدەبژێرن و دەتوانن ببنە هۆی سەرخستنی نوێنەرێک کە بە ڕێژەی زیاتر دەنگی بۆ کۆ بکەنەوە و لە سیستمی سانت لیگۆ تەنانەت یەک دەنگیش دەتوانێت نوێنەرێک سەر بخات.
پارێزگای کەرکووک بە کورسیی کۆتاوە بۆی هەیە سێزدە نوێنەر ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات کە یەکێکیان تایبەتە بە پێکهاتەی ئاشووری و دوازدە کورسییەکەی تر زۆری و کەمیی نەتەوەیەک یەکلای ناکاتەوە بەڵکو ئەوانە یەکلای دەکەنەوە کە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
لە هەڵبژاردنی ڕابردوو حەوت نوێنەری پارێزگاکە کورد بوون و دەبێ هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە کە کورسییەکی تر بە ژمارەی کورسییەکانی کورد زیاد بکرێت و ئەگەر ئەمەش نەکرێ لانی کەم پێویستە پارێزگاری لەو پێگەیەی کورد بکرێت.
حزبە سەرەکییە کوردییەکان لە کەرکووک لەوانەش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانن ڕۆڵی کاریگەرتر بگێڕن و لایەنگرانیان بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان هان بدەن، چونکە کەرکووک تا نوێنەری زیاتری کوردی هەبێت ئەوا زیاتر پارێزگاری لە ناسنامە کوردییەکەی دەکات.
پارێزگایەکی تری سنووری مادەی ١٤٠ کە دەتوانێت ژمارەی کورسییەکانی کورد و پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بکات پارێزگای نەینەوایە کە سی و چوار نوێنەر دەنێرێتە بەغدا و زۆر گرنگە کورد بتوانێت لەم پارێزگایە بە ڕێژەیەکی بەرز بەشداری بکات چونکە چانسی دەستەبەرکردنی کورسی زیاترە.
بە بەدەستهێنانی زۆرترین کورسیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەپاڵ چل و شەش کورسییەکەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک وێڕای بەهێزکردنی پێگەی کورد لە پەرلەمان دەتوانێت پارێزگاری لە کورستانیبوونی کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی سنووری مادەی ١٤٠ بکات.