رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر … کردنەوەی پێشانگاى تایبەت بە هەلی کار

ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.10.29، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەروەت كەمال، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و سەرۆك و ئەمینداری گشتیی زانكۆ و ژمارەیەكی تر لە ڕاگر و مامۆستایانى کۆلێژەكان و قوتابیان، لە نێو زانكۆ نۆلج، لەلایەن رێکخراوی دۆستایەتی کوردستان – ئەڵمانیا بە هەماهەنگی زانکۆی ناوبراو، پیشانگایەکى تایبەتی بە هەلی کار کرایەوە.

دواى کردنەوەى پیشانگاکە و بەسەرکردنەوەى بەشەکانى، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە سەرپەرشتیار و بەشداربووانى پیشانگاکە کرد و وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو هەنگاوە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی گرفتی کار و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ قوتابیان و لاوان، هیوای خواست ئەو پیشانگایە ڕۆڵی هەبێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، کە یەکێکە لە ئامانج و ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ببێتە هۆکارێکی تر بۆ بەرەوپێشبردنی ئەزموون و شارەزایی و دەرخستنی توانای لاوان و گەنجان وقوتابیان.