رۆژنامەی ھەولێر

پێنج تۆمەتبار بە تاوانی کوشتنی سێ کەس دەستگیر کران

ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە راگەیەنراوێكی هاوبەشیان سەبارەت بە دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێك بڵاو كردەوە كە لە شاری هەولێر هەڵسابوون بە ئەنجامدانی چەند تاوانێكی كوشتن.

لە راگەیەنراوە هاوبەشەكەدا هاتووە: دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە سێ کات و شوێنی جیاوازدا چەند ڕووداوێکی کوشتن لە شاری هەولێر و دەوروبەری ڕوویان دا، لەسەر ئەم بابەتە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد.

هەروەها هاتووە: دوای وەر گرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای هەولێر، لەسەر ئەم رووداوانە 5 تۆمەتبار دەستگیر کران، بەمشێوەی خوارەوە:-

1- تۆمەتباران (ع، ع، ع) و (ع، ع،ع) کاری شوفێری دەکەن لەنێوان هێڵی (بەغدا-هەولێر) لەسەر کارکردن کێشە لەنێوان چەند شوفێرێک و تۆمەتباران دروست بووە لە نزیک بازگەی شێراوە، سەرئەنجام بۆتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک بەناوی (موئەیەد عەبدوڵا عەلیاوەیی) کە وەک ناوبژیوان لە ناو کێشەکەدا بووە، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەش دوورن لە ڕاستییەوە کە لە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن و میدیایەکی عەرەبی بڵاوكرابووەوە.

2- تۆمەتبار (أ، هـ، ح) لە ڕێکەوتی (27/10/2025) لە بازاڕی کۆتری سەلام لە شاری هەولێر لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەڵساوە بە کوشتنی هاووڵاتی (یووسف دەهلەوی) کە پێشتر هاوڕێی یەکتر بوونە.

3- تۆمەتباران (ج، م، م) و (م، م، م) کە خەڵکی وڵاتی سووریان، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاووڵاتییەکی تری خەڵکی سووریا بەناوی (شاهین حوسێن) کێشە لەنێوانیان دروست بووە و کوژراوە.

لە كۆتایی راگەیەنراوە هاوبەشەكەی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوەشدراوە كە سەرجەم تۆمەتبارانی ناوهاتوو ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.