رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر: بە هۆی پڕۆژەی ڕووناکی 100% ژینگەی هەولێر پاکبۆتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 2025.10.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ لیژنەی کوالێتی هەوا لە شاری هەولێر کۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، دوای ئەوەی لەلایەن د.ڕێبین سەمەد، مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی لیژنەی کوالێتی هەوا لە شاری هەولێر، ڕاپۆرتێکی زانستی لیژنەکە خرایەڕوو سەبارەت بە پاکبوونەوەی هەوای هەولێر و لەوبارەیەشەوە بەداتا ئاماژەی بەجیاوازییەکانی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ئەمساڵ باسکرد و ئاماژەی بە وردەکاری ئەو هەنگاوانەدا کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر بۆ پاکبوونەوەی ژینگەی پایتەخت، بەتایبەتی پڕۆژەی ڕووناکی و کوژاندنەوەی مولیدەکان کە 100% کاریگەری هەبووە لە پاکبوونەوەی ژینگە و هەوای هەولێر.

پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە لیژنەی ناوبراو کرد و هەوڵەکانی بەرز نرخاندن و خۆشحاڵی خۆشی بە جیاوازی زۆری پاکبوونەوەی هەواو و ژینگەی ئەمساڵی هەولێر لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو نیشاندا.

دواتر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکان، ئاشکرای کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی ژینگەی شاری هەولێر، چەندین ڕیکار و ڕێوشوێنی پێویست لە ماوەى ڕابردوودا دەرهەق بەو کەس و لایەنانەی سەرپێچى کارن گیراوەتەبەر، لەدەرنجامی وەرگرتنی ئەو ئیجارئات و ڕێکارانەش بەخۆشحاڵییەوە ڕایدەگەێنین، کە لە ئێستادا بەپێی دواینی توێژینەوەی زانستی، کە لەلایەن لیژنەی کوالێتی هەوا لە شاری هەولێر کە پارێزگای هەولێر بەهەماهەنگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەنجامیداوە، وێڕای دەستخۆشی لەو لیژنەیەو بەزر دەنخاندنی هەوڵەکانی، لە ئەنجامدانی ئەو دیراسە و لێکۆلینەوە زانستیە دەرکەوتووە، بە هۆی پڕۆژەی ڕووناکی 100% ژینگەی شاری هەولێر پاکبۆتەوە.

پارێزگاری هەولێر بۆ ئەو مەبەستەش، دووپاتی لە سەر توندکردنى بە دواداچوون و گرتنەبەرى ڕێوشوێنەکان کردەوە بۆ گرتنەبەرى ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کە پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەکان پاکڕاگرتنى ژینگە نابن و داواشی لەهاوڵاتیان کرد هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ پاکژی ژینگەی شار.

گوتیشی، لە ماوەی ڕابردوودا، جگە لە داخستنی 84 پاڵاوگە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ خاوەنەکانیان،
بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، کە کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگەی هەولێر، ( 3776) کوژاوەتەوە، کە ڕۆژانە 35 تا 40 هەزار بەرمیل گازیان دەسوتاند. ئەوە جگە لە مولیدەی فەرمانگە و مولیدەی دیکەی تایبەتی هاوڵاتییان لەگەڕەکانی دیکەی شار.

گوتیشی، تێکدانی سەدانی شوێن، کە بە ئاوی پیس سەوزیان ئاودەدا و ئیجرائاتکردن و بەدواداچوون سەدان شوێنی دیکەی جیاجیا کە هۆکاربوونە بۆ پیسبوونی ژینگەی شاری هەولێر و پابەندکردنی کارگەکان بەدانانی فلتەر و دەستبەسەر داگرتنی ئەو ئۆتومبێلانەشی کە ببونە هۆی پیسبوونی ژینگە، و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی هەموو ئەوانە بەیەکەوە هۆکار بوونە بۆ پاکبوونەوەی ژینگەی شار، دڵنیاشین لەداهاتوودا بەهۆی دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی هەولێر پاکتر دەبێتەوە.

ڕاشیگەیاند، هاوڵەکانمان بۆ پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر بەردەوام دەبێت و هەموو ڕێکارێکیش بەرامبەر ئەوانە دەگیرینە بەر کە ژینگە پیس دەکەن، هەر شوێنێکیش ببێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و چاوپۆشی لەکەس ناکرێت.