رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەتان لەناو پارتیدا خەیاڵەكانیان دەبێت بەڕاستی

كارزان گلی – هه‌ولێر

پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە گرنگییەكی بێوێنەی بە ئافرەتان داوە، هەمیشە ئافرەت لەناو پارتیدا هەستی بە ئومێد و بڕوا و متمانە كردووە، ئەوە پارتی بووە رێزی لە عەقڵی ئافرەت گرتووە و تا سەركردایەتی هێناویەتی و ئەوە هەر پارتیش بووە، ئافرەتی بردووەتە ناو پەرلەمان و پۆستی وەزیریشی پێی داوە. هەموو ئەمانە دەیسەلمێنن، ئافرەت پێگەی تایبەتی لای پارتی هەبووە و بەشێكی زۆری سەركەوتنەكانی پارتیش لەسایەی عەقڵ و هێزی ئافرەت بووە.

ئافرەت لای پارتی شوێنی ماڵەوە نەبووە، شوێنی تەنیا بەخێوكردنی منداڵ و چێشتلێنان نەبووە، بەڵكوو لەساڵانی شەست و حەفتایەكاندا، كە ئەوكات هیچ رێزێك بۆ ئافرەتان دانەدەنرا و دەچەوسێنراوەنەوە، كەچی ئیلهامی داوەتە دەیان ئافرەتان و پێگەیەكی بەهێزیان هەبووە لە شۆڕشەكاندا، هەروەها لەخەباتی نهێنی ناوشاریش ئافرەت باڵاترین پێگەی هەبووە و قوربانی زۆر گەورەی داوە و لە سەركردایەتیش رۆڵ و بوونیان هەبووە.
لەیلا قاسم، ئەو ئافرەتە شۆڕشگێر و خەباتگێڕە گەورەیەی پارتی بوو، سڵی لە دوژمن نەكردەوە و لەناو جەرگەی عێڕاقدا لە بەغدا كاری نهێنی كردووە و ئامادە بووە گیانی خۆی بكاتە قوربانی لە پێناو دۆزی كورد و كوردستان. لەیلای شۆڕشگێر، لەناو پارتیدا دەركەوت و مافی نەتەوەی خستە پێش ژیانی خۆی و چۆكی بۆ دوژمن دانەدا.
ئەگەر لە هەر ئافرەتێكی شۆڕشگێری كورد بپرسیت لە باشوور و باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، لەیلا كێیە؟ وەكوو شۆڕشگێر و قارەمان و ژنە بەهەڵوێستەكەی كورد دادەنرێت، كە لەكاتی لەسێدارەدانیشی سەری بۆ دوژمن شۆڕ نەكرد. بەشێكی زۆری ئەو ئافرەتانەی لە باكووری كوردستان خەبات بۆ مافی كورد دەكەن، دەڵێن چەندین جار، ئەو نامەیەی لەیلامان خوێندوەتەوە، كە بەر لەوەی لەسێدارە بدرێت نووسیویەتی و ئەوە ئیلهامێكی گەورەی بەئێمە بەخشیوە بۆ شۆڕش.
پارتی، دەیان لەیلای دروست كرد، دەیان ئافرەتی دروست كرد، كە شان بەشانی پیاو خەبات بۆ بەرگری نیشتیمان و كوردستان بكەن، ئەمانەش بەئاسانی نەهاتووەتە دی، كاری بۆ كراوە و سەركردایەتی پارتی، بەرێبەرایەتی سەركردەی مەزن مەلا مستەفا و سەرۆك بارزانی، بە. پلان و تێزی تایبەت بەخۆیان رێزیان لە عەقڵی ئافرەت گرت و شكۆیان بۆ گەڕاندەوە و ئەو هەستەیان بەكردار لەلا دروست كردن بەوەی هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ پیاواندا نییە.
هەرچی پیاوێكی شۆڕشگێر و نیشتیمانپەروەر لەناو پارتیدا ببینیت ئافرەتێكی وەكوو چیا لە پشت بووە، لە پشت هەر ئافرەتێكی شۆڕشگێڕیش لە باشوور پارتی بوونی هەبووە، بۆیە پارتی هەر لە لووتكەدایە، چوونكە ئافرەت داینەمۆ و روحی هەموو شۆڕش و دەستكەوتەكانی پارتی بووە.