رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی: ئەم پڕۆژەیە بەم ئاستە بەرزە بە ڕاستی جێی شانازییە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی سەنتەری قەزای سۆرانی کردەوە و ڕایگەیاند ئەم پڕۆژەیە بەم ئاستە بەرزەی دروست کراوە بە ڕاستی جێی شانازییە.

ئەمرۆ دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی سۆرانی کردەوە و لە وتەیەکی کورتدا پیرۆزبایی لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی قەزاکە و کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە کرد.

سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدانی ڕێگاوبان و باشترکردنی هاتوچۆ لە شارەکان بۆ ئەوەیە هەم هاووڵاتییان سوودی لێ ببینن و هەم بکەوێتە خزمەت کەرتی گەشتیارییەوە.

 

دەقی وتەکانی سەرۆکی حکوومەت لە دوای کردنەوەی پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی سۆران

 

بەناوی خودای گەورە ومیهرەبان

بەڕێزان پێش هەموو شتێک پیرۆزباییتان لێ دەکەم.

ئەمە بەشێکە لەو پڕۆژانەی حکوومەتی هەرێم هەیەتی بۆ پەرەپێدانی ڕێگاوبان و باشترکردنی هاتوچۆ لە شارەکان بۆ ئەوەی هەم گەشتیارەکان بتوانن زیاتر سەردانی ئەم دەڤەرە بکەن کە شوێنێکی زۆر زۆر سەرنجڕاکێشە، هەم خەڵکی ئێمەش بتوانێت باشتر سوود لەو رێگەوبانانە وەربگرێت؛ هەم بۆ سەلامەتیی خۆشیان، کە بەم جۆرە و بەو ئاستە بەرزە دروست کراوە، بە راستی جێی شانازییە.

من دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم. هیوادارم هەمیشە هەر سەرکەوتوو بن.

داواشم لە هاووڵاتییانی خۆشەویست هەیە، ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن. سەلامەتیی خۆیان و هاووڵاتییانیان لەبەرچاو بێت.

وەک هەمیشە داوایەکی تریشم هەیە: ژینگەی وڵاتەکەتان بپارێزن. جارێکی تر پیرۆزە لە هەموو لایەک.