رۆژنامەی ھەولێر

چین و توێژەكانی ئامێدی پشتیوانی بۆ لیستی 275ی پارتی دووپات دەكەنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە سنووری قەزای ئامێدی هاووڵاتییان پاڵپشتی خۆیان بۆ لیستی 275ـی پارتی دووپات دەكەنەوە، هاوكات داواكاریشن لە خەڵك بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بكەن. بەرپرسی لقی 18ی پارتی لە ئامێدی، دەڵێت: لە سنووری لقەكەمان بانگەشەی هەڵبژاردن بە گەرموگوڕی بەڕێوەدەچێت، لە هەموو ناوچەكان ڕێژەی دەنگی پارتی زیاد دەكات لە سنوورەكەمان گومانی تێدا نییە دەنگی پارتی زیاد دەكات و دەبێتە حزبی یەك ملیۆنی.

سیهاد محسن، دەنگدەرێكی سنووری ئامێدییە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: دەنگ بە لیستی ژمارە 275%ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەم، داواش دەكەم هەموو خەڵكی كوردستان دەنگ بەو لیستە بدەن، چونكە تاكە حزبە كە بەرگری لە مافەڕەواكانی خەڵكی كوردستان بكات و دەستكەوتی زیاتر بە دەست بهێنێت و بەو خەونەمان بگەینێت كە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانە.
ئاسیا شێرزاد، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: وەكو مامۆستایەك دەنگی خۆم بە لیستی پارتی و كاندیدەكانی دەدەم، چونكە پارتی گرنگی بە هەموو چین و توێژەكان دەدات، هەروەها پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكانی ئێمە دابین دەكات، كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی بە جیهان ناسێندرا، هەر پارتییشە لە داهاتوودا دەمان گەینێتە كەنارێكی ئارام، داواش لە هەموو كوردستانیان دەكەم ڕۆژی 11ی 11 دەنگ بە لیستی ژمارە 275 پارتی بدەن.
قوتابی ڕابین نوری، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: وەكو قوتابییەكی زانكۆ دەنگی من و زۆربەی قوتابییانی كوردستان بۆ لیستی پارتییە، چونكە لەوەتەی بوومە و خۆم دیوە هەر پارتیم لە كوردستان بینیوە، جگە لە پارتی هیچ كەس و لایەنێكی دیكە لە خەمی كوردستاندا نییە، هەر پارتییش بووە كوردستانی ئاوەدان كردووتەوە و پڕۆژەی جێبەجێ كردووە، ئەوانی دیكە تەنیا بۆ هەندێك دەستكەوت دەیانەوێت خەڵك لەسەر ڕێ ببەن، كەچی پارتی خەڵكی لە پێش هەموو شتێك داناوە، زۆرجار قوربانی بەخۆی داوە لەپێناو خەڵكی كوردستان، ئێمەش دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت و دەنگ بەو لیستە و كاندیدەكانی بدەین، بۆ ئەوەی لە داهاتووشدا كەس نەتوانێت دەست بۆ هەرێمی كوردستان درێژ بكات.
لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا ئافرەتان بەگوڕوتینەوە بەشداری لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن و پێیانوایە پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێزەوە لە توانای ئافرەتان دەڕوانێت. شلێر خانەمیر، ئافرەتێكی دێرەلووكە لە سنووری ئامێدی، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد: دەنگی خۆم دەدەم بە پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە پارتی گرنگی بە توانای ئافرەتان دەدات و خزمەتی هەموو چین و توێژەكان دەكات، بۆیە لیستی من و زۆربەی ئافرەتانی ناوچەكە و كوردستان لیستی ژمارە 275ـی پارتییە.
بەهرام عەریف یاسین، بەرپرسی لقی 18ی ئامێدی پارتی، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد: لە سنووری لقی 18ی پارتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە گەرموگوڕی بەڕێوەدەچێت، ئالیەتێكی زۆر باش و جوان لەلایەن سەركردایەتی پارتییەوە دانراوە، ڕۆژانە سەردانی شوێنە جیاوازەكانی سنووری ئامێدی دەكەین، بۆ ئەوەی كێشە و گرفتەكانی خەڵك بزانین و بەدواداچوون بۆ كێشەكان بكەین و چارە بكەین، خەڵكی ئێمەش، خەڵكێكی دڵسۆزە و ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و سەرخستنی لیستی 275ی پارتیمان.
بەرپرسی لقی 18ی ئامێدی گوتیشی: دەمانەوێ ببینە گەورەترین حزبی كوردستان و عێراق، بەپێی ئەو هەڵمەتە گەرمەی دەستمان پێكردووە بە هیمەتی كادیر و ئەندامانی پارتی پێشبینیی بەدەستهێنانی یەك ملیۆن دەنگ دەكەین، من لەو باوەڕەدام لە هەموو ناوچەكان ڕێژەی دەنگی پارتی زیاد دەكات لە دەڤەری ئێمەش گومانی تێدا نییە دەنگی پارتی زیاد دەكات.