رۆژنامەی ھەولێر

د.دلاوەر جەوهەر، کاندیدی لیستی ٢٧٥ی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق: لە بەغدا خزمەتی هەموو تاکێکی زوڵملێکراو دەکەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کاندیدی ژمارە ١٢ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، خزمەتگوزارییەکانی پارتی ھەر خۆی بانگەشەن، بەڵام لایەنەکانی دیکە ھیچ پڕۆژەیەکیان نییە بۆ بانگەشەکردن. دەشڵێ: لە بەغدا خزمەتی ھەموو تاکێکی زوڵملێکراو دەکەین.

د.دلاوەر جەوھەر، کاندیدی ژمارە ١٢ی لیستی ٢٧٥ی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەبەر ئەوەیە بە خەڵک دەڵێین دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی بدەن، ئەگەر سەیری سنووری ژێر دەستەڵاتی پارتی بکەی و سەیری سنووری دەستەڵاتی لایەنەکانی دیکە بکەی زۆر جیاوازن لە پڕۆژە و خزمەتگوزاری، ئەمە گوزارشتە کە پارتی خەریکی خزمەتکردنی خەڵکە و بەردەوامیشە.
ئەم کاندیدەی پارتی، دەشڵێت: پارتی ھێزی یەکەمە و بە یەکەمیش ئەمێنێت پشت ئەستوورە بە خەڵکی کوردستان، بە ھیچ کەس و لایەنێکیش ناشکێت، پارتی خزمەتگوزارییەکانی ھەر خۆی لە خۆیدا بانگەشەن و خەڵک باش ئەم کارانەی پارتی دەبینێت و پارتی منەتیش ناکات بە ئەرکی دەزانێت کە درێژە بە کاروانی خزمەتگوزاری بدات، بەڵام نازانم لایەنەکانی دیکە چیان ھەیە بۆ بانگەشە کاتێک ھیچ پڕۆژەیەکیان پێ نییە، چۆن بانگەشە دەکەن، پارتی ئەوەی وتی ئەنجامیشیدا، بەڵام خەڵکانی دیکە پێیان نەکرا.
د.دلاوەر جەوھەر، کاندیدی ژمارە ١٢ی لیستی ٢٧٥ی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: پەرلەمان پێویستە دامەزراوەیەک بێت بۆ چارەسەری کێشەکان و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەرنامەی پارتی بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون بووەتەوە و پێشوازی لە پارتی دەکەن، چونکە پارتی ھەر قسە ناکات، بەڵکو کرداری بەرھەمداری ھەیە و سەلماندوو‌یەتی خزمەتکاری خەڵکی کوردستانە. کاندیدی ژمارە ١٢ی لیستی ٢٧٥ی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، ڕوونیشیکردەوە: ئێمە بۆ بەدەستھێنانی مافی ھەموو تاکێکی کوردستان دەچینە بەغدا.