رۆژنامەی ھەولێر

چیمەن بابەکر، کاندیدی ژمارە ٧ی لیستی ٢٧٥ی پارتی لە بازنەی هەولێر: پارتی دەیەوێ دەستوور لەسەر بنەمای هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان پرۆسەی سیاسی عێراق ڕاستەرێ بکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کاندیدی ژمارە ٧ی لیستی ٢٧٥ی پارتی، دەڵێت: پارتی ھێزی لە خەڵک وەرگرتووە، خەڵکیش بە پڕۆژە لەلایەن پارتی خزمەتیان کراوە. دەشڵێ: پارتی لە ھەنگاوی داھاتوو لە پەرلەمانی عێراق دەیەوێ دەستوور لەسەر بنەمای ھاوسەنگی، سازان و ھاوبەشی پرۆسەی سیاسی عێراق ڕاستەرێ بکات.

چیمەن بابەکر بارزانی، کاندیدی ژمارە ٧ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق لە بازنەی ھەولێر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پارتی حزبێکە لە بەرپرسیارەتی ڕاناکات، ھەمیشە ڕووبەرووی ھەموو زوڵم و ستەمێک وەستاوەتەوە، پارتی ئێستاش ھەر بەو نەفەسە کار دەکات کە زوڵم نەھێڵێت و بەرگری لە زوڵملێکراو بکات و دژی زاڵم بوەستێتەوە، پارتی بۆ گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و بەندەکانی دەستوور داوای مافیان بۆ دەکات.
کاندیدەکەی پارتی لە بازنەی ھەولێر، ئاماژە بەوەش دەکات، پارتی بە بەراورد بە لایەنەکانی دیکە ھیچ کات بەراورد ناکرێ، چونکە ھیچ لایەنێک بە تۆزقاڵ ناتوانێت ڕکابەری پارتی بکات لە خزمەتکردنی خەڵک.
ئەو بەربژێرەی پارتی، دەڵێت: پارتی بە خزمەتگوزاری و پڕۆژە و ئاوەدانی و ئارامی خۆی لە ھەموو لایەنێک جیادەکاتەوە، پارتی ئەگەر خزمەتی کوردستانی نەکردبا کە بە ئەرکی خۆی زانیووە ئێستا کوردستان ھیچ جیاوازییەکی نەدەبوو لەڕووی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و ڕێگەوبان لەگەڵ شارەکانی خوارووی عێراق و ھیچ کەس و لایەنی دیکەش خزمەتی نەدەکرد، لەبەر ئەوەی خەڵک پارتی دەبینی و ئەوانیشی بینیووە.
چیمەن بابەکر، دەشڵێ: ئەگەرچی بودجەی ٥٪ ی لە کۆی بودجەی عێراق بە حکوومەتی ھەرێم دراوە، بەڵام گەر سەیر بکەی ٩٥٪ ی بودجەکە بەر عێراق کەوتووە، بەڵام کە سەیری جیاوازییەکە دەکەی دەبینین، پارتی بە ٥٪ ی بودجە چی لە ھەرێم کردووە، عێراقیش بە ٩٥٪ی بودجە چی کردووە بۆ پارێزگاکانی عێراق، پارتی مێژووی ھەیە، پارتی دوێنێ و ئەمرۆ و داھاتووی ھەموو شانازییە، چونکە کار و کرداری پارتی خزمەتکردنی خەڵک و ھەرێمی کوردستانە.
چیمەن بابەکر بارزانی، کاندیدی ژمارە ٧ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق لە بازنەی ھەولێر، زیاتر دەڵێ: پارتی لە ھەنگاوی داھاتووی پەرلەمانی عێراقدا دەیەوێ دەستوور لەسەر بنەمای ھاوسەنگی، سازان و ھاوبەشی پرۆسەی سیاسی عێراق ڕاستەرێ بکات، نە لە دەستوور زیاترمان دەوێت نە بە کەمتر لە مافی خۆمان لە دەستوور ڕازی دەبین، لەم قوناغەدا دەبێت لەسەر ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بە جددی کاربکەین بە تایبەتی کێشەی نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ی دەستوور.