ڕائیب جادر – هەولێر
بەربژێری ژمارە ١٧ی لیستی ٢٧٥ی پارتی، گوتی: پارتی حزبی ھەموو کوردستانیانە بە شنگالیشەوە، ھەموو ئامادەکارییەک بۆ دەنگدان کراوە، ئەم جارەش کوردانی ئێزدی و شنگال دەنگ دەدەنەوە بە پارتی، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پارتی و شنگال لە یەکتر جیانابنەوە.
ژیان فەقیر جوندی، بەربژێری ژمارە ١٧ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بۆ ئەم ھەڵبژاردنە ھیچ لیستێک بەرکابەری پارتی لە شنگال نازانین، وەک بەربژێرانی پارتی بەوپەڕی متمانەوە دەچینە ناو خەڵک، چونکە پارتی نوێنەرایەتی ھەموو خەڵکی کوردستانی کردووە بەبێ جیاوازی، پارتی و شنگال و ئێزدی لە یەکتری جیانابنەوە و لەم ھەڵبژاردنەدا پارتی تەپڵی سەرکەوتن لە شنگال لێ دەدات، ئەوەش وای کردووە لە ئێستاوە خەڵکی شنگال و ئاوارەکانی شنگال بە جۆش و خرۆشەوە پشتیوانیی گەورەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن.
بەربژێری ژمارە ١٧ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: بەغدا سادەترین مافی دەستووریی خەڵکی کوردستانی پێشێل کردووە کە بڕینی مووچەیە، ئەوەی ئێستا لە بەغدا بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەکرێت پرۆسەی ئەنفالە بە جۆرێکی دیکە و ھەوڵێکە بۆ لەناوبردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، ئامانجەکانیشمان تەنیا لەڕێگەی نوێنەرانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەدەست دێن، چونکە پارتی ھەرگیز حزبی شارێک یان پارچەیەک نەبووە.
ژیان فەقیر جوندی، بەربژێری ژمارە ١٧ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: پارتی بەوە ناسراوە کە داکۆکیکەر و پشتیوانی ئێزدییەکان بووە، بۆیە لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا پارتی زۆرترین پەرلەمانتاری لە سنووری شنگال ھەبووە و زۆرترین دەنگیشی لەنێو ئێزدییەکان بەدەستھێناوە، لەم ماوەیەدا چووینەتە ناو خەڵک و خۆشەویستیی خەڵک بۆ لیستی پارتی ئەوەندەی دیکە ئومێدی پێ بەخشیون، پارتی تاکە ھێزە کە بەبێ پێچ و پەنای سیاسی پشتیوانیی دۆزی ئێزدییەکان دەکات.
ئەو بەربژێرەی پارتی، جەختی کردەوە: سەرکەوتنی گەورەی ئەم جارەی پارتی لە شنگال دەکەینە دیاری بۆ سەرۆک بارزانی، پارتی لە شنگالیش دەبێتەوە ھێزی یەکەم، جیا لەوەش لە بەغدا شەڕ بۆ شنگال دەکەین و ھەوڵ دەدەین ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی ئێمە.

